لە وتاری توندەوە دژی ترەمپ بۆ پشتیوانی لە غەززە؛ ئەمەریکا ڤیزەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا هەڵدەوەشێنێتەوە

#کۆڵۆمبیا#ئەمەریکا#ڤیزە
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دوابەدوای وتارە "مشتومڕاوییەکانی"سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک، ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ڤیزەی گوستاڤۆ پێترۆ هەڵدەوەشێنێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوەکەیدا سەرۆکی کۆڵۆمبیا تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و هەراسانکردنی هاوڵاتیان.
Primary Asset

سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان قسە دەکات

سبەی

دوابەدوای وتارە “مشتومڕاوییەکانی” سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک، ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ڤیزەی گوستاڤۆ پێترۆ هەڵدەوەشێنێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوەکەیدا سەرۆکی کۆڵۆمبیا تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و هەراسانکردنی هاوڵاتیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس بڵاویکردەوە "ئێمە ڤیزەی گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیاهەڵدەوەشێنینەوە بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان هان دەدات بە توندوتیژی و کردەوەی نایاسایی و نافەرمانی سەربازی". 

بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕۆژی هەینی لە گردبوونەوەیەکدا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەربازانی ئەمەریکا کرد سەرپێچی فەرمانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بکەن. 

گوستاڤۆ پێترۆ لێدوانێکیدا بۆ جەماوەرەکەی وتی: داوا لە هەموو سەربازانی سوپای ئەمەریکا دەکەم کە چەکەکانیان روو لە خەڵک نەگرن و سەرپێچی لە فەرمانەکانی ترەمپ بکەن و فەرمانی مرۆڤایەتی جێبەجێ بکەن".

سەرۆکی کۆڵۆمبیا هەروەها بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتە جیهانییەکان و گوشارەکانی ئەمەریکا دژی وڵاتەکەی، گوستاڤۆ پێترۆ  بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ لابردنی کۆڵۆمبیا لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکاندا سەرکەوتوو بوون، بە هێرشکردنە سەر سەروەری نیشتمانی وڵاتەکەی ناوبرد و وتی: "چۆن سەرۆکی وڵاتێکی بیانی دەتوانێت ئەو سەرۆکەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە بە سەرۆکێکی ناشەرعی وەسف بکات؟ ئایا ئەمە دیموکراسییە یان گەڕانەوەیە بۆ شێوازی نامرۆڤانە؟"

پێترۆ بە ئاماژەدان بە دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە هەزار و 764 تۆن کۆکاین لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەدای ڕاستەقینە نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای ناکۆکی سیاسی بووە. 

سەرۆکی کۆڵۆمبیا سیاسەتە جیهانییەکانی دژە ماددە هۆشبەرەکانی بە نادادپەروەرانە ناوبرد و وتی: "بۆچی کۆکاینی بەرهەمهێنراو لە باشوور بە مەترسیدار دادەنرێت، بەڵام خواردنەوە کحولییەکانی بەرهەمهێنراو لە باکوور ئازادە؟ ئەم بڕیارانە ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتدایە، نەک زانست."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێترۆ باسی لە قەیرانی غەززە کرد و داوای پێکهێنانی هێزێکی ئاشتیپارێزی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە "جینۆساید" لە فەلەستین و هاوکات پشتگیری لە هەنگاوی ئەم دواییەی وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا کرد بۆ داننان بە فەلەستین، ڕۆڵی کۆڵۆمبیای لە گروپی لاهای بەرز نرخاند کە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی لە دژی بەرپرسانی ئیسرائیل پێکهاتووە  و وتی: "نابێت جیهان لە بەرامبەر سەربڕینی منداڵان لە غەززە بێدەنگ بێت".

پێترۆ لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ترەمپی بە "هاوکاریکردن لە جینۆساید" لە غەززە تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستپێکردنی "رێوشوێنی یاسایی تاوانکاری" دژی ئەمەریکای کردبوو بەهۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو بەلەمانەی کە گومانی قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکانیان لێدەکرێت لە کەناراوەکانی کاریبی.

هاوکات ڕۆژی هەینی سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڤیدیۆی ئامادەبوونی خۆی لە گردبوونەوەیەکی پشتیوانی لە فەلەستین لە نیویۆرک بڵاوکردەوە و نووسیبووی: "فەلەستین ئازاد بکەین، ئەگەر غەززە بکەوێت، مرۆڤایەتی دەمرێت".

سەرۆکی کۆڵۆمبیا کە نەیارێکی سەرسەختی شەڕی ئیسرائیلە لە غەززە، هەروەها مانگی ڕابردوو هەناردەکردنی خەڵوزی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت.

نووسینگەی سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ئێستا وەڵامی بڕیارەکەی واشنتنیان نەداوەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی