هۆشداریی لە سۆنامی درا .. بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە ناوچەی کامچاتکای ڕووسیای هەژاند

#سۆنامی#روسیا#بومەلەرزە
14 ڕۆژ لەمەوپێش
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە نیمچەدوورگەی کامچاتکای لە روسیای هەژاند و هۆشداری لە ڕوودانی سونامی درا.
Primary Asset

سبەی

بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە نیمچەدوورگەی کامچاتکای لە روسیای هەژاند و هۆشداری لە ڕوودانی سونامی درا.

ئەمڕۆ شەممە (13ـی ئەیلوولی 2025) بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە نیمچەدوورگەی کامچاتکا'ی لە روسیای هەژاند.

دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە سیستەمی هۆشداری سونامی ئەمەریکا، هۆشداریدا لە ئەگەری ڕوودانی سونامی.

ناوەندی لێکۆڵینەوە زەویناسییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ناوەندی بومەلەرزەکە 111 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری پێترۆپۆڤلۆسڤک-کامچاتسکی'یەوە دوور بووە.

بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 39.5 کیلۆمەتردا ڕووی داوە و گوڕەکەیشی 7.4 پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر.

هێشتا زیانەکانی بوومەلەرزەکە دەستنیشان نەکراون.

لە (30ـی تەمموزی 2025) بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 8.8 پلە بە پێوەری ڕێکخەر لەم ناوچەیە ڕووی دا. بەڵام ئەوەی بووە جێی سەرسوڕمان و زانایان و لەو کاتەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن، ئەم بوومەلەرزە بەهێزە بە پێچەوانەی ڕوودانی بوومەلەرزەی هێندە بەهێز لە ناوچەکە، زیانێکی زۆری لێ نەکەوتەوە و نەبووە هۆی ڕوودانی سونامییەکی گەورەیە.

نیمچەدوورگەی کامچاتکا دەکەوێتە بازنەی ئاگرینی بەناوبانگی زەریای هێمن و لە سەدا 90ی بوومەلەرزەکانی جیهان و لە سەدا 80ی بوومەلەرزە بەهێزەکانی جیهان لەو بازنەیەدا ڕوو دەدەن و نزیکەی 900 گڕکانی چالاکیش لەو ناوچەیەن.

زۆربەی بوومەلەرزە هەرە بەهێزەکان، تەقینەوە گڕکانییەکان و سونامییەکانی جیهان لەو بازنەیەدا ڕوودەدەن کە زەریای هێمنی دەورداوە و بە "بازنەی ئاگرینی زەریای هێمن" پێناسە دەکرێت.

ئەم پشتێنەیە کە درێژییەکەی 40 هەزار کیلۆمەترە، لە چیلییەوە بەرەو باکوور بە درێژایی کەناراوەکانی ئەمەریکای باشوور، ئەمەریکای ناوەڕاست، مەکسیک، کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەمەریکا و باشووری ئەلاسکاوە درێژ دەبێتەوە و دوورگەکانی ئەلئوشن، ژاپۆن، فلیپین، گینێی نوێ، دوورگەکانی باشووری زەریای هێمن و نیوزلەندا دەگرێتەوە.

ژمارەیەک لە وێرانکەرترین کارەساتە گەورەکانی مێژووی نزیک و دوور لەسەر ئەم بازنەیە ڕوویانداوە. بوومەلەرزەی تۆهۆکوی ژاپۆن لە ساڵی 2011 بە گوڕی 9.1 پلە و کارەساتی فۆکۆشیمای دوای ئەو؛ بوومەلەرزە گەورەکەی چیلی لە ساڵی 1960 بە گوڕی 9.5 پلە کە 10 خولەکی خایاند؛ بوومەلەرزە و سونامییەکەی زەریای هیند لە ساڵی 2004 بە گوڕی 9.1 پلە و بوومەلەرزەکەی ئەلاسکا لە ساڵی 1964 بە گوڕی 9.2 پلە، هەموویان لە بازنەی ئاگرینی زەریای هێمن ڕوویانداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی