پوتین و ناتانیاهۆ؛ ئاڵەنگارییەکی دووانە بۆ دیپلۆماسیەتی ترەمپ

#روسیا#ئۆکراین#دۆناڵد ترەمپ#بنیامین نەتانیاهۆ
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • نەتەنیاهۆ و پوتین دوو ئالەنگاری ڕژدن بۆ دۆناڵد ترەمپ دروست کردوە
  • سەرەڕای بەڵێنییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و ئۆکراین، ململانێیەکان لەو دوو ناوچەیە ئاڵۆزتر بووە
  • کۆشکی سپی بە توندی نکۆڵی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کردوە
  • دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەیەکی روونی بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا بۆ سەر پۆلەندا نەبوە
  • وڵاتانی ناتۆ گومانیان هەیە لە کاردانەوەی ئەمەریکا ئەگەر روسیا بیانکاتە ئامانج
Primary Asset

سبەی

دوو قەیرانی گەورە لە ماوەی رۆژانی رابردو روویانداوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین باڵاخانەیەک  لە دەوحە کە تێیدا چەندین سەرکردەی حەماس کرانە ئامانج و هەروەها دەستدرێژی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی روسی لە قووڵایی ئاسمانی پۆڵەندا کە بەگوێرەی شارەزایانی سیاسی دوو کێشەی سەرەکین بۆ کۆشکی سپی و زیانێکی گەورەیە بۆ سەر هەژموون و دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا.

لە ڕۆژانی رابردوودا دۆخی دوو جەنگ بە هۆی دوو روداوی نائاسایی ئاڵۆزتر بووە، هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە قەتەر کە تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی حەماس کرانە ئامانج. هەروەها سنوربەزاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی روسیا بۆ سەر خاکی پۆڵەندا جیهانی تووشی شۆک کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بانگەشەکانی پێش هەڵبژارنیدا بەڵێنی دابوو لەماوەیەکی کورتدا کۆتاییان پێبهێنێرت، بەڵام لە ئێستادا دەرکەوتوە کە نەک ململانێیەکان کۆتاییان پێ نەهاتوە، بەڵکو تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و زیاتر پەرە دەستێنێت.

لەو نێوانەدا سەرکردەی دوو وڵاتی ئیسرائیل و روسیا کەترەمپ بە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بەڵام کێشەدار دەیانبینێت، ئەوانیش ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا و بنیامین ناتانیاهۆ بوونەتە بەربەست و هۆی شکستهینانی هەوڵەکانی کۆشکی سپی بۆ ئاشتی و کۆتایی هێنان بە دوو ململانێی پەیوەست بەو دوو سەرکردەیە.

هێرشەکەی سەر دەوحە تەنها دوو ڕۆژ دوای پێشکەشکردنی دوایین پێشنیازەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە هات، بەڵام ئیسرائیل چاوەڕێی نەکرد و سەرکردەکانی حەماسی لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەکەیان کردە ئامانج، ئەم هێرشە نەک هەر دوایین پێشنیازەکانی ئەمەریکای پووچەڵکردەوە، بەڵکو پێدەچێت تەواوی پێکهاتە ناسکەکەی دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە کە ئیدارەی ترەمپ پشتی پێبەستبوو، بڕوخێنێت.

لەو نێوانەدا قسە و باسەکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی ئەمەریکا چۆن و کەی ئاگاداری هێرشەکەی ئیسرائیل بووە و ئایا دەیتوانی هیچ کارێک بکات بۆ وەستاندنی هێرشەکە، بوونی یەکێک لە گرنگترین بنکە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە قەتەر وایکردووە زۆرێک لەو ئەنجامە بگەن پێناچێت واشنتن هەستی بە نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نەکردبێت.

ئەگەر واشنتن لە ڕاستیدا گڵۆپی سەوزی هەڵنەکردبێت، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس باوەڕیان وایە، ئەمە چی دەڵێت سەبارەت بە ڕادەی کاریگەریی ترەمپ لەسەر کردەوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ؟

لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای لاوازبوونی هێزی سەربازی و هێرشبەری حەماس لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئیسرائیل نمایشێکی سەربازیی هێزی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، زۆرجاریش بە ڕەزامەندی بێدەنگ یان ئاشکرای ئەمریکا.

ئیسرائیل خۆی وەک دەسەڵاتی بێ ڕکابەر لە ناوچەکەدا پێناسە کردووە و دەتوانێت تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە لە مەودای دوورتری سنوورەکانی وەک یەمەن و ئێرانیش بە ئارەزووی خۆی بکاتە ئامانج، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەمەریکاش بەشدار بووە لەو هێرشانەدا، بەڵام هێرش بۆ سەر قەتەر کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، چیرۆکێکی تەواو جیاوازە.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، "زۆر نیگەران بووە" لەو ڕووداوە، بەگوێرەی کۆشکی سپی، هەواڵی هێرشەکەی ئیسرائیل زۆر درەنگ بە کۆشکی سپی گەیشتوە و دەرفەتی ئەوە نەبوە واشنتن دەوحە ئاگادار بکاتەوە.

لای خۆیەوە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "بۆردومانکردنی تاکلایەنە بۆ سەر قەتەر وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا بەردەوامە لە نێوندگیری و کارکردن بۆ کۆتایی هینان بە ململانێیەکان، نەک خزمەت بە ئامانجەکانی ئیسرائیل ناکات بەڵکوو لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دایە".

ڕەنگە ئەو لێدوانانەی وتەبێژی کۆشکی سپی گومانەکانی لە سەر هاوبەشی ئەمەریکا نەڕەواندبێتەوە، بەڵام نیشانەی توڕەیی ڕاستەقینە واشنتنە لە تەلئەڤیڤ.

هێرش بۆ سەر دەوحە لە کاتێکدابوو، پێشتر قەتەر لە لایەن ئەمەریکاوە دڵنیاکرابووەوە لەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لەو وڵاتە ناکرێنە ئامانج، بەڵام ئیسرائیل ئەو هێرشەی لەژێر ناونیشانی ئۆپەراسیۆنی لوتکەی ئاگر ئەنجامدا ئەوەش بەگوێرەی شارەزایانی سیاسی وەک جۆرێک لە لاوازبوونی هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

دواتر نۆرەی پۆڵەندا دێت

کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ لە ئالاسکا بە فەرشی سوور پێشوازی لە ڤلادیمێر پوتین کرد و بە گەرمی باوەشی بۆ کەسێک کردەوە کە هۆکاری سەرەکی جەنگێکی خوێناوی سێ ساڵەیە. دواتر ترەمپ بە  ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا راگەیاند: پوتین دەیەوێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ من بکات، هەرچەندە سەیر بێت.

لەبری هەر پێشکەوتنێک بەرەو ڕێککەوتن، هەفتەکانی ڕابردوو تەنیا پەرەسەندنی گرژییەکانیان بینراوە و  هێرشە بێ وێنەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دوایین پێشهاتێش یەکەم دەستدرێژی ڕواڵەتییە بۆ ناو ئاسمانی ناتۆ دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە.

ئەمە یەکەمجار نییە مووشەکەکانی روسیا لە پۆڵەندا بکەونە خوارەوە، بەڵام ڕووداوەکانی پێشووتر لە نزیک سنوورەوە رویداوە و بە ڕواڵەت بە ڕێکەوت بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە دەستدرێژییەکانی بەرەبەیانی چوارشەممە بە تەواوی بە ئەنقەست بوون، بەرپرسانی پۆڵەندا ڕایانگەیاندووە، 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی روسی چوونەتە ناو ئاسمانی پۆڵەندا و هەندێکیان لە قووڵایی ئەو وڵاتەدا فڕیون.

لای خۆیەوە دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئێمە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەرگیز بەم شێوەیە نزیک نەبووینەتەوە لە ململانێیەکی ئاشکرا".

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی روسیا، نزیکەی هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم هەنگاوە هەوڵێکی بە ئەنقەست بووە لەلایەن مۆسکۆوە بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ناتۆ بەوپێیەی ئەمەریکا وەک بەهێزترین ئەندامی هاوپەیمانییەکە، بە شێوەیەکی کاریگەر تاقیکردنەوەیەکی ئیرادەی دۆناڵد ترەمپە.

لەبەرابەردا دوودڵی ڕواڵەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکەی روسیا بەپێچەوانەی هەڵوێستی سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە لەبەر چاوی میدیاکان نەشاردرایەوە.

لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی کیێڤ پۆست ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بێدەنگی کۆشکی سپی لەسەر ئەو هەواڵەی کە بۆ یەکەمجار هاوپەیمانێکی ناتۆ کەرەستە سەربازییەکانی روسیای کردووەتە ئامانج و خستووەتە خوارەوە، سەرسوڕهێنەرە.

کاردانەوەکان لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەمەریکای ناچار کرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسی: چیرۆکی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆلەندا لەلایەن فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی روسیا چییە؟

بێدەنگییە سەرەتاییەکەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دوودڵی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەدواداچوونی هەڕەشەکانی بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا، هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئۆکراینی لە دۆخێکی سەختدا هێشتووەتەوە، ئەوەش نادڵنییاییانە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ترەمپ بەڕاستی لایەنگری کێیە؟

ئەندامانی هاوپەیمانییەکە دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی دووپێوانەیی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ناتۆ ئایا دەتوانرێت پشت بە واشنتن ببەسترێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆر مەترسییەک بۆ سەروەری هاوپەیمانیەکەیان؟

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی