ئاوارەبوونی دانیشتوانی شاری غەززە
سبەی
دوای ئاگادارییەکانی هەفتەی رابردووی سوپای ئیسرائیل، سەدان هەزار لە دانیشتوانی شاری غەززە بە بێهیواییەکی زۆرەوە ناوچەکانیان جێدەهێڵن. بۆ هەندێکیان چوونی یەکجارەکییە و باوەڕیانوایە هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە شارەکە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی فۆتۆ ستۆرییەکی لەسەر ئاوارەبوونی دانیشتوانی شاری غەززە ئامادەکردووە.
بەشێک لە دانیشتوانی غەززە بە ئۆتۆمبێلەکانیان شتومەکەکانیان دەگوازنەوە، بەشێکی دیکەیان بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلەوە بە قەبارەی هەگبەیەک یان دووان شتومەکەکانیان دەگوازنەوە و نازانن چارەنووس لەکوێ لەنگەریان پێدەگرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەکەوێتە بەر رەحمەتی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل.
وەک لە وێنەکانی نیویۆرک تایمزدا دەردەکەوێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەپەلەن بۆ بۆردومانکردنی شارەکە، دووری نێوان هاوڵاتییە دووبارە ئاوارەبووەکان و باڵەخانە بەئامانجگیراوەکان چەند سەد مەترێکە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا نزیکەی 250 هەزار کەس شاری غەززەیان بەجێهێشتووە.
پێشبینی دەکرێت ئەو رێژەیە بەرزتر ببێتەوە، چونکە رۆژانە سوپای ئیسرائیل بە ئاگادارینامەی زیاتر فەرمان بە گەڕەکە جیاوازەکانی شاری غەززە دەکات ناوچەکانیان بەجێبهێڵن.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، شاری غەززە نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتوانی لەخۆگرتووە، چۆڵکردنی شارەکە وەک سوپای ئیسرائیل داوای دەکات کاتی زیاتری پێویستە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێشوەختە دەستی کردووە بە بۆردومانکردنی شارەکە.
دانیشتووەیەکی شاری غەززە بە ناوی عومەر ئەلفار، تەمەن 37 ساڵان کە شاری غەززەی جێهێشتووە لە ئێستادا لە خێمەدا دەژی، قسەی بۆ نیویۆرک تایمز کردووە و دەڵێت: "بیردەکەیتەوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و بەدوای شتێکدا بگەڕێیت، بەڵام ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە نازانیت تەنانەت ئەگەر خانووەکەت یەکسان بە زەوی نەکرابێت".
ژمارەیەک خێزانی دیکە کە شاری غەززەیان جێهێشتووە و هەموو شتومەکی ماڵەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە، باوەڕیانواتە هەرگیز ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شاری غەززە.
یەکێک لە ئەو کەسانەی ئاوارەبوون بە نیویۆرک تایمزی وتووە: "کاتێک خانووەکەت جێدەهێڵیت، رەنگە هەرگیز نەگەڕێیتەوە، بۆیە پێویستە هەموو کەرەستەکانی ماڵەکەت لەگەڵ خۆت ببەیت بۆ ئەوەی دواتر بتوانیت خێمەکەیەک دروست بکەیت."
سوپای ئیسرائیل شاری غەززە بە قەڵای بەرگریی حەماس دەزانێت بە هەموو هێزێکی خۆی لە شارەکە دەدات، تا ئێستا توانیویەتی نزیکەی 40%ـی شارەکە کۆنترۆڵ بکات.