سبەی
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لەسەری و دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ، بەڵام سیستمی پشکپشکێنە بۆ دابەشکردنى پۆستە باڵاکانی حکومەتی عێراق لە نێوان پێکهاتەکاندا بەردەوامە، ئەوەش بەهۆى سێ هۆکارەوە.
دوای روخانی سەدام و پرۆسەی ئازادی لە عێراق، هەموو حکومەتەکانی عێراق لەسەر بنەمای پشکپشکێنە دروست کراون. لەسەر ئەو بنەمایە، هەموو کابینەکانی حکومەت، سەرۆک کۆمار بۆ پێکهاتەی کوردە، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بۆ پێکهاتەی سونەیە.
سەرەڕای دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ و ناڕەزایەتییەکان لەسەر سیستمی پشکپشكێنە، بەڵام لە پرۆسەی ئازادییەوە تا ئەم حکومەتەی ئێستاش بەسەرۆکایەتى محەمەد شیاع سودانى پۆستەکان لەسەر بنەماى پشکپشکێنە دابەشکراون.
بەپێی توێژینەوەیەکى دکتۆر کامەران پاڵانی کە لە گۆڤاری گروپی تەیلەر و فرانسیسی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، سێ هۆکار وایان کردووە سیستمی پشکپشکێنە بەرەوامیان هەبێت، یەکەم: گۆڕانکارییەکان لە ناسنامە واتە هاوڵاتییانی عێراق گۆڕانکاریی بەسەر بیرکردنەوەیاندا هاتووە لەسەر گروپەکانی کۆمەڵگە. دووەم: نەبوونی متمانە بە حکومەت. سیێەم: گروپە جیاوازەکان داواکاریی جیاوازیان هەیە.
هۆکارەکان بەپێی توێژینەوەکە بووەتە هۆی دابەشکردنی ئەو کەسانەی ریفۆرمیان دەوێت لە سیستمی دروستکردنی حکومەتەکاندا یان کابینەکانی حکومەتدا، ئەو دابەشکارییە پاساو دەدەنە سەرکردەکان بۆ بەردەوامی دروستکردنی حکومەتەکان لە رێگەی پشکپشکێنەوە.
توێژینەوەکە پشتی بە ژمارەیەکی زۆر چاوپێکەوتن لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەستووە، لەگەڵ ئەنجامدانی راپرسی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان و تەمەنە جیاوازەکاندا.
هەرچەندە زۆرینەی پێکهاتە جیاوازەکانی بەشداربووی راپرسیەکە دژی پشتیوانی پارتە سیاسییەکانن لەسەر بنەمای شوناس و ناسنامە، بەڵام لە کۆتایدا لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە پێکهاتەکانی خۆیان دەدەن، نەک پێکهاتە یان مەزهەبی دیکە. واتە کورد بۆ کورد، شیعەکان بۆ شیعە و سونەکان بۆ سونە. ئەوەش لەبەر ئەو شێوازەی سیستمەیە هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدرێت، کە سەرکردەی لایەنەکان پشت بە یەکتر دەبەستن، هەروەها بەردەوامی بە سیستمی پشکپشكێنە دەدەن.