لەسێدارەدان بەهۆى سەیرکردنی فیلمەوە؛ هۆشداری لە دۆخی کارەساتباری کۆریای باکور دەدرێت

#کۆریاى باکور#لە سێدارەدان#نەتەوە یەکگرتووەکان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لانی کەم شەش یاسای نوێ دەرچووە کە ڕێگە بە سزای زیاتری لەسێدارەدان لە کۆریای باکور دەدات، یەکێک لەو تاوانانەی کە ئێستا سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، سەیرکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی میدیای بیانییە، وەک فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، هەنگاوێکە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی خەڵک گرتوویەتەبەر.
Primary Asset

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ژمارەی لەسێدارەدان بەهۆی بینینی زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان زیادیکردووە

سبەى

لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆریای باکور بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە و تەنانەت خەڵک لەسێدارەداوە بەهۆی سەیرکردنی فیلم یان زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان یان هاوبەشیپێکردنیانەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەراپۆرتێکدا هۆشداری دەدات لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کۆریای باکور لەبەردەم خەڵکدا لە سێدارە دراون یان لە دۆخێکی زۆرجار مەترسیداردا ناچار بە کاری زۆرەملێ کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حکومەتی کۆریای باکور خەڵکی لەسێدارەداوە بەهۆی سەیرکردنی فیلم یان زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان یان هاوبەشکردنیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە ٣٠٠ پەنابەری کۆریای باکور ئەنجامداوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و بۆی دەرکەوتووە کە ئێستا حکومەت بە توندی کۆنترۆڵی هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتیانی دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکردووە ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێک لەسەر دۆخەکە ڕەوانەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکات، بەڵام دوو وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان لەوانەش چین و ڕووسیا لە ئێستادا پشتگیری لە کۆریای باکوور دەکەن.

لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، دیکتاتۆرە تاڕادەیەکی زۆر گۆشەگیرەکەی کۆریای باکور تادێت گەلەکەی ناچار بە کاری زۆرەملێ دەکات و  ئازادییەکان بەرتەسک دەکات.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا حکومەتی کۆریای باکور کۆنترۆڵی خۆی بەسەر “هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتییان” توندتر کردووە.

لای خۆشییەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە، ئەگەر بارودۆخ لە کۆریای باکور بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا خەڵکی کۆریای باکوور "زیاتر لە هەمیشە لەگەڵ ئەو ئازار و سەرکوت و ترسە دڕندانەیە رووبەڕوو دەبنەوە".

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لانی کەم شەش یاسای نوێ دەرچووە کە ڕێگە بە سزای زیاتری لەسێدارەدان لە کۆریای باکور دەدات، یەکێک لەو تاوانانەی کە ئێستا سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، سەیرکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی میدیای بیانییە، وەک فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، هەنگاوێکە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی خەڵک گرتوویەتەبەر.

ئەو کەسانەی لە کۆریای باکور هەڵاتوون بە لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕاگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ژمارەی لەسێدارەدان بەهۆی بینینی زنجیرە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان زیادیکردووە، ئەوان باسیان لەوە کردووە کە چۆن زۆرجار لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی گولەباران  ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ترس لە خەڵکدا بچێنن و ڕێگرییان لێبکەن لەوەی یاساکان پێشێل بکرێت. 

کانگ گیوری، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆریای باکوور هەڵاتووە، بە بی بی سیی راگەیاندووە، سێ هاوڕێی لە سێدارە دراون، دوای ئەوەی تاوانبارکران بە هەڵگرتنی فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنیەکانی کۆریای باشوورەوە. ئەو بەشداری دادگاییکردنی هاوڕێیەکی تەمەن ٢٣ ساڵ بووە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا  و دەڵێت هاوڕێکەی شانبەشانی تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان دادگایی کراوە.

کاتێک کیم جۆنگ ئون لە ساڵی ٢٠١١دا هاتە سەر دەسەڵات، زۆرێک لەو کەسانەی پێشتر لە کۆریای باکور هەڵاتبوون هیوایان دەخواست کە دۆخەکە باشتر بێت و سەرۆکی کۆریای باکوور بەڵێنیدا کە چیتر خەڵک پێویست ناکات " پشتێنەکانیان توند بکەنەوە"، واتە خۆراکی پێویستیان دەبێت بۆ خواردن، هەروەها بەڵێنیدا گەشەی ئابووری لە وڵاتەکە دەستپێبکات و هاوکات پارێزگاری لە وڵاتەکە بکات بە پەرەپێدانی زیاتری چەکی ئەتۆمی.

بەڵام لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەرکەوتووە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کە سەرۆکی کۆریای باکور دەستبەرداری دیپلۆماسییەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا بووە و تیشکی خستۆتە سەر بەرنامەی سەربازییەکانی و هاوکات بارودۆخی ژیان و مافەکانی مرۆڤ "خراپتر بووە و بەپێی زانیارییەکان لە سەرتاسەری وڵات ژمارەیەک کەس بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە.

لە هەمانکاتدا حکومەت ژیانی خێزانەکانی قورستر کردووە لە ڕێگەی داخستنی توندی ئەو بازاڕە نافەرمیانەی کە بۆ بژێوی ژیانیان پشتیان پێدەبەستن،  هەروەها وایکردووە  دەربازبوون و هەڵاتن لە کۆریای باکوور بە توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان لەگەڵ چین و دەرکردنی فەرمانی تەقەکردن بە مەبەستی کوشتن بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی پەڕینەوە بدات زۆر ئاستەم بووە.

کاری زۆرەملێ لە زیادبووندایە

راپۆرتەکە دەریدەخات حکومەتی کۆریای باکور زیاتر لە دە ساڵە کە کاری زۆرەملێ بۆ سزادانی تاوانباران بەکاردەهێنێت.

بەپێی زانیارییەکان، خەڵکی خێزانە هەژارەکان دەنێردرێنە "کەمپەکانی کاری زۆرەملێ" بۆ ئەنجامدانی ئەرکی جەستەیی وەک پڕۆژەی بیناسازی یان کانگا.

ئەم کرێکارانە هیوادارن بەم کارە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان باشتر بکەن، بەڵام بارودۆخی کارکردن مەترسیدارە و مردنیش زۆرە. حکومەت لەبری ئەوەی سەلامەتی کرێکاران باشتر بکات، گیانلەدەستدان بە هۆی کاری زۆرە ملێ بە مردنی شکۆمەندانە پێناسە دەکات و  بە "قوربانیدان بۆ کیم جۆنگ ئون" ناوی دەبات.

توێژینەوەکە دوای ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٤ی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە بۆ یەکەمجار دەرکەوت حکومەتی کۆریای باکور "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجامدەدات.

توندترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئۆردوگا سیاسییەکانی وڵاتەکەدا تۆمارکراون، کە دەتوانرێت خەڵک بۆ هەتا هەتایە زیندانی بکرێن و بە شێوەیەکی کاریگەر شوێن بزر بکرێن.

راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ پشتڕاستی دەکاتەوە کە لانیکەم چوار لەو کەمپانە هێشتا کاردەکەن، هەروەها زیندانیانی ئاساییەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ دەبنەوە.

زۆرێک لەوانەی لە کۆریای باکور هەڵهاتوون، ڕایانگەیاندووە کە شایەتحاڵی مردنی زیندانییەکان بوون بەهۆی خراپ مامەڵەکردن و زیادەڕۆیی لە کارکردن و بەدخۆراکی، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان "هەندێک پێشکەوتنی سنووردار"ی لەم دامەزراوانەدا ڕاگەیاندووە، لەوانەش "کەمبوونەوەی توندوتیژی پاسەوانەکان".

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکردووە دۆخەکە ڕەوانەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاها بکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت دۆخی کۆریای باکوور ڕەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی بکات، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکە، چین و ڕووسیا، چەندین جار ڕێگرییان لە هەوڵەکان کردووە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆریای باکووردا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو کیم جۆنگ ئون بەشداری لە نمایشێکی سەربازیدا کرد لە پەکین لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئاماژەیە بۆ پشتگیریکردنی ناڕاستەوخۆی چین و روسیا بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور دەردەخات.

نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لەوەی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاو بنێن، داوای لە حکومەتی کۆریای باکور کردووە کەمپەکانی زیندانە سیاسییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بهێنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی