دوایین شەوی تسورکۆڤ لە بەغداد، وردەکاری پڕۆسەى گوماناوی ئازادکردنى بارمتە ئیسرائیلییەکە

#ئەلیزابێس تسورکۆڤ#عێراق#ئیسرائیل
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە کاتێکدا وێنەکانی تسورکۆڤ لە سەرلەبەیانی 11ی ئەیلول، لە رێگەی چوونی بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیسرائیلی بڵاودەبوونەوە، بەرپرسێکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاند "گروپەکان لە پێناو ئاسایشی گشتیدا و لە پێناوی ئەوەی حکومەت شەرمەزار نەکات، بارمتەکەی ئازاکردووە".
Primary Asset

سبەى

لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلولی 2025، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا گەیشت بەودەرئەنجامە تاڵەی، کە ئەلیزابێس تسورکۆڤی رفێنراو، بۆمبێکی گەورەیە و دەبێت بەخێرایی لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و ئازادی بکات.

لە کاتێکدا وێنەکانی تسورکۆڤ لە سەرلەبەیانی 11ی ئەیلول، لە رێگەی چوونی بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیسرائیلی بڵاودەبوونەوە، بەرپرسێکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاند "گروپەکان لە پێناو ئاسایشی گشتیدا و لە پێناوی ئەوەی حکومەت شەرمەزار نەکات، بارمتەکەی ئازاکردووە".

رادەستکردنەوە بەبێ گرێبەست

لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای ئازادکردنی و گواستنەوەی بۆ باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە بەغداد، سەرچاوە نزیکەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە تسورکۆڤ لە بەرامبەر پابەندبوونی ئەمەریکا بە کشانەوەی تەواوەتی لە عێراق ئازادکراوە، بەڵام فەرماندەی گروپێکی چەکداری عێراقی کە هاوپەیمانی مەیدانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاشە، پشتڕاستیکردەوە، کە "تسورکۆڤ بەبێ هیچ رێککەوتنێک رادەستکراوە".

تسورکۆڤ "بە تەنیا لە ماڵێک"

زۆربەی سەرچاوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، کە تسورکۆڤ "بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بە تەنیا لە خانوویەکدا بەجێهێڵدراوە، پێش هاتنی ئەو هێزەی حکومەت کە ئەرکی گواستنەوەی و گەیاندنی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکای پێسپێردرابوو".

 سەرچاوەکان دەڵێن "رفێنەرەکان لە کۆتا رۆژدا ژنە رفێنراوەکەیان رادەستی ماڵێک کردووە لە گەڕەکی جادریە لە ناوەڕاستی بەغداد، لە نزیک بینای نوێی بانکی ناوەندی عێراق". زۆربەی سەرکردەکانی حیزب و میلیشیا شیعەکان لەم گەڕەکە دەژین، کە شوێنێکی سەلامەتە و نزیکە لە کەناری رووباری دیجلە. 

خانووەکە سیاسەتمەدارێکی خانەنشین خاوەنێتی، کە لەلایەن سەرکردەیەکی دیاری گروپە چەکدارەوە بەکرێ گیراوە و بۆ ئەرکی تایبەت و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی گروپەکە بەکاری دەهێنن.

شکستی ئۆپەراسیۆنەکان

لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، ئەندامانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ژنە توێژەرە ئیسرائیلییەکەیان لە نێوان شوێن و باڵەخانە جیاوازەکاندا گواستۆتەوە.

بەرپرسێکی ئەمنی ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکا دوو جار شوێنی تسورکۆڤیان دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە لای.

هاوکات بەرپرسێکی حکومی ئاماژەی بەوەدا کە "لەکاتی رفاندنیدا لەماوەی جیاوازدا لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بۆ ئازادکردنی ئەنجامدراوە، بەڵام  ئۆپەراسیۆنەکان سەرکەوتوو نەبوون".

پەیامەکانی ئەمەریکا

دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وەرچەرخانێکی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە، لە نێوان تیمێکی بچووکی ناو نووسینگەی سەرۆک وەزیران و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا.

 دوو سەرچاوە لە دوو گروپی چەکدارەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن، "ئەندامانی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە وەک راوێژکاری گروپەکان کاردەکەن، ئامۆژگاری کەتیبەکانی حیزبوڵڵایان کردبوو، کە وەڵام نەداتەوە و دۆخەکە لەگەڵ حکومەت پەرەپێبدات".

ئاشتی لە رێگەی هێزەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتى "ئازادکردنی تسورکۆڤ بەرجەستەکردنی چەمکی ئاشتیە لە رێگەی هێزەوە'".

ئەندامێکی تیمی حکومەتیش، کە ئەرکی ئەو دۆسیەیەی پێسپێردراوە، پشتڕاستی کردەوە کە "حکومەت کاری کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی، کە پرۆسەی ئازادکردنی تسورکۆڤ بۆ سەپاندنی پێدانی پارە یان ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان نەقۆزرێتەوە". 

ئێوارەی رۆژی ٩ی ئەیلول، کارمەندانی هێزێکی ئەمنی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بۆ پێشوازیکردن لە تسورکۆڤ گەیشتنە شوێنە دیاریکراوەکە.

 ئەو ماندوو بوو کاتێک گوێی لە روونکردنەوەیەکی کەسێک بوو سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵی گواستنەوەکەی: "ئێستا تۆ ئازادیت، دەتوانیت متمانە بە کەسانی ئەم ژوورە بکەیت. ئێمە دەتگوازینەوە بۆ هۆتێلێک لە نزیک ناوچەی سەوز."

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تسورکۆڤ تەنها دوای بیستنی دڵنیایی لەلایەن کەسانی ئینگلیزی زمانەوە وەڵامی تیمی حکومەتەکەی داوەتەوە. سەرەتا پێیوابوو هێشتا لە دەستی رفێنەرەکانیدایە.

ترەمپ خەڵاتەکەی وەرگرت

لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون دیمەنی کۆتایی لە چیرۆکی تسورکۆڤدا بنووسرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەەمریکا بە راگەیاندنی پێشوەختەی ئازادکردنی تسورکۆڤ بەغدادی نیگەران کرد.

 بەرپرسێکی نزیک لە سودانی وتی هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق "ناڕەزایی دەربڕیوە لە پەلەکردنی ئەمەریکا، لە راگەیاندنی ئازادکردنی تسورکۆڤ. بەڵام کەیسەکە هیوای بە سودانی بەخشیووە بۆئەوەی بەهاوکاری ئەمەریکا خولی دووەمی سەرۆکایەتی وەزیران بەدەستبهێنێت".

 سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی لە شەمەندەفەرەکە دەریبهێنن. سرۆڤەکارانی سیاسی عێراق دەڵێن کە "هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ئێستا سەرقاڵی چاندنی مینە، دوای ئەوەی بۆمبەکەی تسورکۆڤ لابرا".

هاوکات، ناوبژیوانێک لە دانوستانەکانی ئازادکردنیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە “ئەو گروپەی تسورکۆڤی بە بارمتە گرتبوو، ئێستا لە بارگرانییەکی قورس رزگاری بووە و قۆناغێکی نوێی پێگەی خۆی لە بەغداد دەستپێدەکات، وەک بەشێک لە حیساباتی سیاسی بۆ ماوەی دوای ئازادکردنی ئەو توێژەرە ئیسرائیلییە.”

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی