واشنتن بڕیاریداوە پڕۆسەى کشانەوەى هێزەکانى لە عێراق خێرا بکات
سبەی
چاوەڕواندەکرێت کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق گۆڕانکاریی لە پەیوەندیى نێوان هەرێم و بەغداد دروستبکات و بچێتە قۆناغێکى نوێوە، ئەوەش بەپێی پێگەیەکى ئەمەریکى.
بڕیارە ئەم مانگە هێزەکانی ئەمەریکا ئەرکەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق کۆتایی پێبهێنن. لەسەر ئەو پرسە پێگەی ئەتلانتیک کاونسڵی ئەمەریکی 10 پرسیاری لە شارەزایان کردووە، یەکێک لە پرسیارەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستانە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
د. یەریڤان سەعید ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ بە پێگەکەى وتووە: "دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، سیستمی فیدراڵی عێراق بۆ قبوڵکردنی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینە دەبێتەوە."
بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بە تەواوەتی لە عێراق، بێگومان بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان پاشەکشەی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. گومان لەوەدا نییە ئامادەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق چەترێکی بەرگرییە بۆ هەرێمی کوردستان دژی بەغداد و گەرەنتییەکی ستراتیژییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی وتەی یەریڤان سەعید.
وتیشى "نەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەبێتە هۆی لاسەنگکردنی باڵانسی نێوان بەغداد و هەولێر،" هەروەها دەڵێت: "لە مێژوودا لاسەنگبوونی باڵانسی هێز لە عێراق بووەتە هۆی ناسەقامگیرکردنی عێراق."
سەبارەت بە کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد، یەریڤان دەڵێت: "کشانەوەکە دەبێتە هۆی گۆڕینی داینەمیکی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەوەش بەهۆی نەمانی هێزە باڵانسکەرە دەرەکییە سەرەکییەکە،" چونکە وەک مامۆستاکەی زانکۆ دەڵێت: "بۆ کورد، هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر بووە لە تەنها ئامادەییەکی سەربازی، بەڵکو دابینکەری ئاسایش و سەقامگیری بوون بۆ هەرێمی کوردستان."
مانگى ئابى رابردوو یەکەم قۆناغى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دەستیپێکردو کاروانێکى سەربازى ئەمەریکا لە بنکەى عەین ئەسەد کشایەوە، ئەوەش دواى ئەوەى واشنتن بڕیاریدا پڕۆسەى کشانەوە لە عێراق خێرا بکات.
رۆژى 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق راگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.
ئەلینا رۆمانسکی، باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت: "رێککەوتنی نوێی ئەمەریکا و عێراق، گۆڕانکارییە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی دوولایەنەی درێژخایەن، سەرنجی رێککەوتنە نوێیەکە لەسەر سەربازیی نییە بەڵکو لەسەر پەیوەندییەکی قوڵتر و هەماهەنگی ستراتیژی زیاترە".
ئەلینا رۆمانسکی دەشڵێت: "ئامانجی هاوبەشییە نوێییەکەی واشنتن و بەغداد، بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی عێراقە لە رێگەی هەماهەنگی لە سێکتەرە گرنگەکانی وەک، دژە تیرۆر، سایبەرسکیورتی و ئاسایشی سنورەکان."
رونیشیکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی رێککەوتنە نوێیەکە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکەی درێژخایەنی ئاسایشە کە یارمەتی هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بدات بۆ بوون بە بەشێک لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) رێبەرایەتی دەکرێت.
بەپێی پلانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، قۆناغى یەکەمى پڕۆسەى کشانەوە مانگێک پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە تشرینى یەکەمى 2025 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینى دەکرێت هێزێکى ئەمەریکى و هاوپەیمانان لە هەولێر تا کۆتایی 2026 بمێننەوە، بۆ بەردەوامى یارمەتیدانى پڕۆسە سەربازییەکان دژى داعش لە سوریا.
قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق سەرەتاى ئەم مانگەلە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، لە ساڵی 2023 و 2024ەوە لیژنەیەکی دانوستانکاری هاوبەش چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆ دانوستان لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
دەشڵێت لە ئەنجامدا خشتەی کاتی بۆ کشانەوە لە وڵات دانرا. قۆناغی یەکەم کشانەوەی هێزەکانە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، دواتر کشانەوەی هێزەکان لە هەرێم تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو.
ئەعرەجى باسى لەوەشکرد، هەندێک لایەن دەیانەوێت کشانەوەکە بە پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکەوە ببەستنەوە، بەڵام ئەمە نادروستە.
رونیشیکردەوە، "ئێمە نەماندەزانی لە ساڵی ٢٠٢٥ چی ڕوودەدات کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستمان بە دانوستان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، کوردستان بەشێکە لە عێراق و هەرێمێکی دەستورییە، کشانەوە بۆ ئەوێ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی پێشوودایە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئێستای ناوچەکەوە نییە".