چەوەندەر؛ هاوڕێی نوێی توشبووانى بەرزى فشاری خوێن

#پەستانی خوێن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بەرزی پەستانی خوێن بە "بکوژی بێدەنگ" ناسراوە، کە تووشی ملیۆنان کەس دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی هەبێت. چارەسەرنەکردنی دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و تێکچوونی گورچیلە. لێرەدایە خۆراک، هاوتەریب لەگەڵ چارەسەری پزیشکی وەک یارمەتیدەرێکی کاریگەر دێتە ئاراوە.
Primary Asset

سبەى

ساڵانێکە پزیشکان پێشنیاری خواردنی سەوزە و میوە دەکەن، وەک رێگەیەکی سروشتی بۆ پاڵپشتی تەندروستی دڵ و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن.

بەرزی پەستانی خوێن؛ بکوژە بێدەنگەکە

بەرزی پەستانی خوێن بە "بکوژی بێدەنگ" ناسراوە، کە تووشی ملیۆنان کەس دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی هەبێت. چارەسەرنەکردنی دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و تێکچوونی گورچیلە. لێرەدایە خۆراک، هاوتەریب لەگەڵ چارەسەری پزیشکی وەک یارمەتیدەرێکی کاریگەر دێتە ئاراوە.

شەربەتی چەوەندەر چۆن کاردەکات؟

کاتێک ئاوی چەوەندەر دەخۆیتەوە، نیتراتی خۆراکی دەگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتریک لە جەستەدا، کە پێکهاتەیەکەیە یارمەتی ئارامکردنەوە و فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدات. ئەمەش لە بەرامبەردا رۆیشتنی خوێن باشتر دەکات و فشار لەسەر دڵ کەمدەکاتەوە. هەندێک لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دەریانخستووە، کە خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی چەوەندەر رۆژانە دەتوانێت پەستانی خوێن بە رێژەیەک دابەزێنێت.

کەسانی بەساڵاچوو، ئەو گروپەی کە زۆرترین سوودی لێ وەردەگرن

توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانکۆی ئێکستەر لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە خواردنەوەی شەربەتی چەوەندەر رۆژانە دووجار بۆ ماوەی دوو هەفتە، بەشدارە لە دابەزینی پەستانی خوێن، بەتایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوودا. توێژەران هۆکاری ئەمەشیان بۆ کاریگەریی شەربەتەکە لەسەر مایکرۆبایۆمی دەم و ددان گەڕاندەوە، چونکە پەرە بە گەشەکردنی بەکتریا سودبەخشەکان دەدات، کە توانای گۆڕینی نیتراتیان هەیە بۆ ئۆکسیدی نیتریک.

سوود و مەترسییەکان

سەرەڕای سوودەکانی، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە زیادەڕۆیی لە خواردنی چەوەندەر. زیادبوونی نیترات ئەگەری دروستبوونی بەرد لە گورچیلە زیاد دەکات. 

ئامادەکاری سەلامەت

بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئاڵۆزییەک و زۆرترین سوودی شەربەت، پزیشکان پێشنیاری ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەکەن:

1- چەوەندەرەکە بە باشی بشۆ و توێکڵەکەی لێبکەرەوە.

2- پابەندبوون بە خواردنی رۆژانە کە لە 250 مل (یەک کوپ) زیاتر نەبێت.

3- ئاوی لیمۆی تێبکە بۆ بەرزکردنەوەی سوودەکانی و کەمکردنەوەی ماددە زیانبەخشەکان.

4-خستنەبەر هەڵمی ئاو،  پێش ئەوەی چەوەندەرەکە بگوشرێت، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دروستبوونی بەرد لە گورچیلەدا.

رەچەتەیەکی تەندروست بۆ ماڵەوە

پێکهاتە:

1-2 چەوەندەری قەبارە مامناوەند.

نیو لیمۆ.

1 سێوی بچووک یان گێزەر.

1 پارچەی بچووکی زەنجەفیل. 

یەک کوپ ئاو.

شێوازی ئامادەکردن

چەوەندەرەکە ورد بکە و بیکە بە شەربەت. دەستبەجێ شەربەتەکە بخۆرەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەری هەبێت، چونکە ئاستی نیترات لە کاتی هەڵگرتنیدا کەم دەبێتەوە.

ئامۆژگاری پسپۆڕان

رۆژانە یەک کوپ بەسە بۆ بەدەستهێنانی سوودەکانی بەبێ ئەوەی زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت.

شەربەتەکە بۆ زیاتر لە 24 کاتژمێر هەڵمەگرە.

باشتر وایە لەگەڵ ئاوی لیمۆدا بیخۆیتەوە بۆ پاراستنی دژە ئۆکسێنەرەکان.

بۆ نەخۆشانی گورچیلە؛ باشترە لە هەفتەیەکدا دوو بۆ سێ جار زیاتر نەخورێتەوە. 

باشترین کاتەکان بۆ خواردنەوە؛ بەیانیان یان پێش نانخواردنی نیوەڕۆ.

راوێژکاری پزیشک زۆر پێویستە بۆ ئەو کەسانەی کە دەرمانی پەستانی خوێن بەکاردەهێنن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی