هێرزی حەلیڤی، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل
سبەی
سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل رایگەیاند لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 200 هەزار فەلەستینیمان کوشتووە و بریندار کردووە کە دەکاتە 10%ـی دانیشتوانی کەرتی غەززە.
بەپێی وتەی هێرزی حەلیڤی، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 200 هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوشتووە و بریندارکردووە. ئەو ژمارەیەک نزیکە لەو ئامارەی تەندروستی غەززە بڵاویکردووەوەتەوە کە حکومەتی ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە.
ئامارەکان بەپێی تەندروستی کەرتی غەززە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، 64 هەزار و 718 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 163 هەزار و 859 کەسی دیکەش برینداربوون.
پێش ئەوەی خانەنشینبکرێت، حەلیفی بۆ ماوەی 17 مانگ سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل بووە لە شەڕی غەززە.
حەلیڤی لەسەر شەڕی غەززە دەشڵێت: "ئەم شەڕە توندە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە هەموو هێزەوە بەشداربووین، بەداخەوە دەبوو پێش حەوتی ئۆکتۆبەر ئەوەمان بکردایە."
حەلیڤی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دەڵێت: "بڕیارێکی زۆر ئاڵۆزە بۆ سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان،" دەشڵێت: "دوای کۆمەڵکوژییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، ئێمە دەبێت بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لەم شەڕەدا بەشداربین."
لە حەوتی ئۆکتۆبەردا، هێرزی حەلیڤی سوپاسالاری ئیسرائیل بوو، سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێت: "مەترسییەکانی حەماسمان بە کەم سەیرکرد، هێڵە سورەکان پەراوێزخراوبوون،" هەروەها خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە حەوتی ئۆکتۆبەر.
سەبارەت بە قورسترین بڕیاری لەسەردەمی خۆیدا وەک سوپاسالار، حەلیڤی دەڵێت: " بڕیاردان بوو لەسەر ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی بارمتەکان، قورسترین بڕیار بوو، چونکە دەبوو تەواو دڵنیابووینایە لە ئەوەی بارمتەکان لە کات و شوێنی گونجاوندان بۆ دڵنیاین لە ئازادکردنیان."