گرێی دەرونیی شکستی هەڵبژاردن: چۆن ئەردۆغان نەخشەی سیاسیی تورکیا بە زەبری هێز دەکێشێتەوە؟

#هەڵبژاردنی شارەوانییەکان#قەییوم#لەکارلادان#خستنە زیندان#ئاک پارتی#جەهەپە#دەم پارتی#سەرلەنوێ ڕەفاه
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • پلانە سێ قۆڵییەکەی ئاک پارتی: ستراتیژی نوێی دەسەڵات بۆ پوچەڵکردنەوەی شکستی هەڵبژاردن لەسەر سێ کارت بنیات نراوە: "پەکەکە، گەندەڵی، و سەنگەرگواستنەوە".
  • سەنگەرگواستنەوەی بەکۆمەڵ: لە 5 مانگدا، 59 سەرۆک شارەوانی چوونەتە ناو ئاک پارتی. ئایا ئەمە بە ویستی خۆیانە یان بە فشار و هەڕەشە؟
  • تۆڵەسەندنەوە لە پارتی سەرلەنوێ ڕەفاه: بۆچی 25 لەو سەرۆک شارەوانییانەی چوونەتە ناو ئاک پارتی، لە پارتی ڕەفاه بوون؟ نهێنیی تووڕەیی ئەردۆغان لەم پارتە چییە؟
  • ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئامانجی سەرەکی: فشارەکان بۆ سەر سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئەستەنبوڵ تەنها سیاسی نین، بەڵکو ئامانج لێی ئەوەیە کە نەتوانێت ببێتە ڕکابەری داهاتووی ئەردۆغان.
  • پارادۆکسی پرۆسەی ئاشتی: چۆن دەکرێت لەلایەک بانگەشەی "نەرمبوون و ئاساییبوونەوە" بەرامبەر کورد بکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە فشارەکان بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی تورکی بگاتە لووتکە؟
  • یاریی ژمارەکان: لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە، 13 قەییوم دانراون، 22 سەرۆک شارەوانی دوورخراونەتەوە و 15ی دیکەش زیندانی کراون.
  • شەڕی مانەوەی سیاسی: ستراتیژی نوێی ئاک پارتی هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئیرادەی دەنگدەر، کە بنەما دیموکراتییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
Primary Asset

سبەی

ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕوودەدات، تەنها گۆڕانکاریی سیاسی نییە، بەڵکو داڕشتنەوەیەکی نەخشەی دەسەڵاتە بە زەبری هێز. لە دانانی قەییومەوە بۆ سەنگەرگواستنەوەی بەکۆمەڵ، ئەم ڕاپۆرتە ستراتیژییە نوێیەکەی ئەردۆغان ئاشکرا دەکات کە بە هۆیەوە تاکوو ئێستا 59 سەرۆک شارەوانی سەنگەریان گواستووەتەوە ناو ئاک پارتی.

شکستی مێژوویی ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (31ـی ئاداری 2024) دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک بۆ یەکەمجار کردی بە هێزی دووەمی تورکیا، زەبرێکی سیاسیی قوڵ بوو کە وەک "گرێیەکی دەرونی" لە ستراتیژییەکانی دواتریدا ڕەنگیدایەوە.

لەبری قبوڵکردنی ئیرادەی دەنگدەر، حکومەت کە 23 ساڵە بە دەست ئاک پارتییەوەیە کەوتە جێبەجێکردنی ستراتیژێکی فرەلایەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە: سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی فشار و یاساوە، و پوچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگەی پرۆسەیەکی "سەنگەرگواستنەوە"ی سیاسییەوە.

هێرشی سێ قۆڵی: پەکەکە، گەندەڵی، سەنگەرگواستنەوە

ستراتیژی ئاک پارتی لەسەر سێ پایەی سەرەکی بنیاتنراوە بۆ لاوازکردنی بەرەی بەرامبەر:

1. کارتی "پەکەکە" (دانانی قەییوم و دەستگیرکردن): ئەمە ڕاستەوخۆترین پەیامی دەسەڵاتە بۆ نەیارەکانی، بەتایبەت بۆ دەم پارتی. دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان بە پاساوی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات ئامادەیە ئیرادەی دیموکراتییانە پێشێل بکات. ئەمە نەک هەر توانای کارگێڕیی ئۆپۆزسیۆن سنووردار دەکات، بەڵکو بێئومێدی لەناو دەنگدەرانیشدا بڵاودەکاتەوە.

2.  کارتی "گەندەڵی" (دوورخستنەوە و لێکۆڵینەوە): ئەمە تاکتیکێکی نوێترە کە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دژی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەوانەش جەهەپە و تەنانەت هاوپەیمانە کۆنەکانی وەک پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ بەکاردێت. 

تا ئێستا زیاتر لە 22 سەرۆک شارەوانی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. لە کاتێکدا هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی ئەوان، بە هۆکاری سیاسی بووە، کەچی ژمارەیەکی بەرچاویان ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە بە تۆمەتی "گەندەڵی"، "بەرتیل وەرگرتن" و "بەهەدەردانی سامانی گشتی".

 ئەم تۆمەتانە وێنەی ئۆپۆزسیۆن لەبەرچاوی ڕای گشتی دەشێوێنن و پاساو دەدەن بە دەستێوەردانی حکومەتی ناوەندی لە کاروباری شارەوانییەکاندا.

3. سەنگەرگواستنەوە: ئەمە لایەنە "نەرم"ەکەی ستراتیژەکەیە. ئاک پارتی بەشێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ ڕاکێشانی ئەو سەرۆک شارەوانییانە دەکات کە لەسەر لیستی پارتەکانی دیکە بە سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراون، بەتایبەت لە پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ و جەهەپە. 

ئامانج لەمە دوو شتە: یەکەم، گێڕانەوەی ئەو شارەوانییانەیە بۆ بەردەستی خۆی کە لە هەڵبژاردن لەدەستی داون. دووەم، ناردنی پەیامێکە کە ئاک پارتی هێشتا ناوەندی هێزە و مانەوە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئەوان کارێکی بێهودەیە.

پارادۆکسی ئیمامئۆغڵو: سیمبولی سەرکەوتن و ئامانجی سەرەکی

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئەستەنبوڵ، بووەتە چەقی ئەم ململانێیە. سەرکەوتنە گەورەکەی لە 2019 و دووبارەبوونەوەی لە 2024، کردی بە سیمبولی شکستی ئاک پارتی و هیوا بۆ ئۆپۆزسیۆن. 

هەر بۆیە، فشارەکان لەسەر ئەو لە ئاستێکی جیاوازدان. لە ڕێگەی دۆسیەی یاسایی بەردەوام و هەڕەشەی لێسەندنەوەی مافی سیاسی، حکومەت هەوڵدەدات وەک شمشێرێکی دیمۆکلیس بەردەوام بەسەر سەریەوە بێت. 

ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ بەهێزترین فیگەری ئۆپۆزسیۆن: بەو واتایەی تەنانەت ئەگەر گەورەترین شاری تورکیاش ببەیتەوە، هێشتا لەژێر مەترسیدایت. نابێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکەویە کێبڕکێ لەگەڵ ئەردۆغان.

دژیەکیی بانگەشەی ئاشتی و واقعیەتی سیاسی

یەکێک لە دژیەکییە سەیرەکانی ئەم قۆناغە، لە لایەکەوە دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کەمکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر کورد، کەچی لە لایەکی دیکەوە گوشارەکان بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی تورکی گەیشتوونەتە لوتکە. 

هەرچەند لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات بۆ چەکدانانی پەکەکە، دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی ڕاوەستاوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا، کە گوایە ئەم پرۆسەیە زەمینە بۆ بە دیموکراتیزەبوونی تورکیا خۆش دەکا، 19ی ئادار ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و چەند سەرۆک شارەوانییەکی دیکەی جەهەپە خرانە زیندان، لە کارەکانیان دوور خرانەوە و  تا دێت گوشارەکان بۆ سەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەبن.

لە نوێترین پێشهاتیشدا ئەمڕۆ (13ـی ئەیلوولی 2025) حەسەن موتڵو، سەرۆک شارەوانیی ناوچەی بایرامپاشا لە ئیستانبوڵ کە ئەندامی جەهەپەیە بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی دەستگیر کرا.

 ئەمەش ئەو گومانە زیاتر دەکات کە بانگەشەی "ئاشتی" تەنها تاکتیکێک بێت بۆ دابەشکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و کەمکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی.

یاریی ژمارەکان: نەخشەی نوێی دەسەڵات لە شارەوانییەکاندا

بەپێی دوایین زانیارییەکان تاکوو ئەمڕۆ (13ـی ئەیلوولی 2025) گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەسەر شارەوانییەکاندا هاتووە:

ئاک پارتی دەسەڵاتدار قەییومی لەجێی 13 سەرۆک شارەوانی داناوە کە 10یان هیی دەم پارتی و 3یان هیی جەهەپەن.

22 سەرۆک شارەوانی بە تۆمەتی سیاسی کە گوایە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبووە و ئەنجامدانی دزی و گەندەڵی لەکارەکانیان دوور خراونەتەوە و سەرجەمیان ئەندامی جەهەپە بوون.

بەلایکەم 15 سەرۆک شارەوانی زیندانی کراون.

سەنگەرگواستنەوەی بە کۆمەڵ

لە لایەکی دیکەیشەوە سەنگەرگواستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان بەردەوامە و زۆرترین سەنگەرگواستنەوەش لە پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ و جەهەپەوە بووە. 

کەمێک لەمەوبەر ئۆزلەم ڤوراڵ گورزێل کە لەبری سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی ناوچەی بەیکۆز لە ئیستانبوڵ لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە هەڵبژێردرابوو، لە جەهەپەوە سەنگەری گواستەوە ناو ئاک پارتی.

ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن ئەمە بێ هۆکار نییە و سەنگەرگواستنەوەی 25 سەرۆک شارەوانی سەرلەنوێ ڕەفاه، وەک تۆڵەکردنەوەیەکی بەهێزی ئاک پارتی لێک دەدەنەوە، چونکە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک پارتێکی نەریتخوازی ئیسلامی دەنگی زۆرێک لە دەنگدەرانی ئاک پارتی بۆ خۆی برد و توانی چەندین شارەوانی لە دەست ئاک پارتی دەربهێنێت.

چاودێرانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن جەخت لەوە دەکەنەوە سەنگەرگواستنەوەی بە کۆمەڵی سەرۆک شارەوانییەکان لەو کاتەدا بە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو پێشتر بە شێوەی جیا جیا هەڕەشەیان لێ کراوە کە ئەگەر سەنگەر نەگوازنەوە ناو ئاک پارتی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری کە وەک داردەستێک ئاک پارتی بە کاری دەهێنێت دۆسیەیەکیان بۆ دروست دەکەن و دووریان دەخەنەوە و ژمارەیەکیشیان لێ زیندانی دەکەن.

جگە لە سەنگەرگواستنەوەی ئەو 25 سەرۆک شارەوانییەی سەرلەنوێ ڕەفاه، 14 سەرۆک شارەوانی کە وەک سەربەخۆ هەڵبژێردرابوون، 9 سەرۆک شارەوانی جەهەپە، 7 سەرۆک شارەوانی ئیی پارتی، یەکی یەک سەرۆک شارەوانی لە هەریەک لە دەم پارتی، پارتی سەعادەت و پارتی دەڤا سەنگەریان گواستووەتەوە ناو ڕیزەکانی ئاک پارتی.

ئەو هەڵبژاردنەی هەمووانی شۆک کرد

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە (31ـی ئاداری 2024) ئەوەندە چاوەڕواننەکراو بوو، هەموو کەسێکی لە تورکیا شۆک کرد، چونکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکان کە کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئەنجام درابوو بە جۆرێکی دیکە بوو.

لەو هەڵبژاردنەدا جەهەپە لە سەدا 37.77، ئاک پارتی لە سەدا 35.49، سەرلەنوێ ڕەفاه لە سەدا 6.19، هەدەپە لە سەدا 5.70 و مەهەپە لە سەدا 4.99ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا کە لە 14ی ئایاری 2023 ئەنجام درا ئاک پارتی لە سەدا 36.30، جەهەپە لە سەدا 25.80، مەهەپە لە سەدا 10.30، ئیی پارتی لە سەدا 9.90، دەم پارتی لە سەدا 9 و سەرلەنوێ ڕەفاه لە سەدا 2.90ی دەنگەکانی بە دەست هێنا.

بەم جۆرەیش دوای تێپەڕینی 47 ساڵ بۆ یەکەمجار پارتەکەی ئەتاتورک بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا و ئاک پارتییەکەی ئەردۆغانیش دوای تێپەڕینی 22 ساڵ لە حوکمڕانی لە پارتی یەکەمەوە بوو بە پارتی دووەم.

ستراتیژی ئاک پارتی لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی سندوقی دەنگدان. ئەمە شەڕی مانەوەی سیاسییە کە تێیدا بنەما دیموکراتییەکان دەکرێنە قوربانی، وڵاتەکە بەرەو دۆخێک دەبات کە ئیرادەی هەڵبژێردراو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی ناوەندیدایە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی