30 بارهەڵگر چەک و پێداویستى لەسنورى هەرێمەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کران

#هاوپەیمانى نێودەوڵەتى#هەسەدە
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ 13ى ئەیلولى 2025 بڵاویکردەوە، 30 بارهەڵگرى پڕ لە چەک و پێداویستى لۆجیستى لە دەروازەى وەلیدى سنورى نێوان رۆژئاوا و هەرێمى کوردستان، رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراون.
Primary Asset

سبەى

هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوامە لە رەوانەکردنى چەک و پێداویستى لۆجیستى بۆ رۆژئاواى کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا 30 بارهەڵگرى دیکەى لە سنورى هەرێمى کوردستانەوە رەوانەکرد.

روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ 13ى ئەیلولى 2025 بڵاویکردەوە، 30 بارهەڵگرى پڕ لە چەک و پێداویستى لۆجیستى لە دەروازەى وەلیدى سنورى نێوان رۆژئاوا و هەرێمى کوردستان، رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراون.

بنکەى قەسرک دەکەوێتە سەر رێگەى ئێم فۆر و پێشتر شوێنى تایبەت بە پەخشى رادیۆیی بووە و ساڵانێکە بووەتە یەکێک لە دەیان بنکەى ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەجیاجیاکانى سوریا.

روانگەى سورى دەڵێت، رەوانەکردنى ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە لەچوارچێوەى جموجۆڵى بەردەوامى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیدایە لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا، بۆ بەدواداچوونى پێشهاتە مەیدانى و سەربازییەکان لەو ناوچەیە.

رۆژى هەشتى ئەیلولى رابردوو، 30 بارهەڵگرى پڕ لە چەک و پێداویستى دیکەى لۆجیستى رەوانەى هەمان بنکە کران. ئەوەش لە چوارچێوەى چڕکردنەوەى رەوانەکردنى چەک و پێداویستى لۆجیستی بۆ رۆژئاواى کوردستاندا.

بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ، تەنها لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا 231 بارهەڵگر پاڵپشتى سەربازى و لۆجیستى لەلایەن هاوپەیمانانەوە رەوانەى ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵى هەسەدە کراون، وەک بەشێک لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێکی ئەمنی یان ئەگەری هەڕەشە لە ناوچەکەدا، ئەمە جگە لە نیشتنەوەی 9 فڕۆکەی بارهەڵگر لە بنکەکانی "هاوپەیمانان"، سەربارى ئەنجامدانی 7 مانۆڕی سەربازی، کە چواریان بە بەشداریی "هەسەدە" بووە لە بنکەی "هاوپەیمانی"ی وەزیر کێڵگەى غازى کۆنیکۆ، بنکەی تەلبەیدار، باشووری حەسەکە.

پەیوەندى هەسەدە و هاوپەیمانان

پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەکە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە کرد وەک هاوبەشێکی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا. 

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، هەسەدە لەپشتگیری و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا سودمەند بووە.

سەرەڕاى پشتیوانى دارایی، بەشێک لەو پاڵپشتییە داراییەی کە هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، کە لە چوارچێوەی کاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنکەکانیان لە عێراق و هەرێمى کوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنکەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 ئەو پاڵپشتییە چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی و زرێپۆش لەخۆدەگرێت، جگە لە هاوکاری لۆجستی، لەوانەش کەرەستەی چاودێری و پەیوەندیکردن، بۆ بەهێزکردنی سیستەمی کۆنترۆڵ و ئەمنی لە کەمپ و زیندانەکانی نیشتەجێبوونی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.

 ئەم پاڵپشتییە بۆ هەسەدە کە مەشقیش لە خۆ دەگرێت، لە شێوەی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دەردەکەوێت. ئەم مانۆڕانە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی