لە ئۆفیسەوە بۆ مۆساد؛ دیوى ناوەوەى دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیل

#ئیسرائیل#مۆساد
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە ساڵانی 1950دا یەکەی تزۆمێتى مۆساد بریکاری مەیدانی لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا بەڕێوەدەبرد، زۆرجار لە رێگەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ساختەوە. یەکێک لە دیارترین حاڵەتەکان ئۆپەراسیۆنی "تاڵ"ە ، کە کچی خێزانێکی کۆچبەری جوولەکەى عێراقییە و خۆی وەک پەنابەرێکی مەسیحی فەلەستینی پیشان دەدا.
Primary Asset

سبەى

"لە ئۆفیسەوە بۆ مۆساد"؛ کتێبێکى نوێ پەنجەرەیەکی دەگمەن بەرووى نهێنییەکانى دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل دەکاتەوە و وێنەیەکی جیاواز لە یەکە و شێوازە نەناسراوەکانی ئەو دەزگایە ئاشکرا دەکات.

کتێبەکە مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکرایەوە کە لەلایەن دوو نوسەرى ئیسرائیلییەوە ئامادەکراوە، تایبەتە بە ساڵانی سەرەتای پێکهێنانى مۆساد لەنێوان ساڵانى 1949-1963، کە تێیدا سوود لە ئەرشیفە ناوخۆییەکانی ناو دەزگاکە وەرگیراوە.

ئەم کتێبە ئاشکرای دەکات، کە مۆساد تەنیا لە گۆڕەپانە نەریتییەکانی رووبەڕووبوونەوەدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەکارهێنانی لاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمە جگە لە هەڵمەتى میدیایی.

پێکهاتەی مۆساد

لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل کە بە مۆساد ناسراوە، وەک یەک یەکە سەیر دەکرا، کتێبەکە ئاشکرای دەکات، کە کارەکانی بەسەر بەشە تایبەتمەندەکاندا دابەشکراون، هەریەکەیان ئەرکی تایبەت و شێوازی جیاوازی کارکردنیان هەیە.

ئەم کتێبە یەکەم  بڵاوکراوەیە، یەکە سەرەکییەکانی مۆساد ئاشکرا دەکات:

-یەکەی تزۆمێت (Tzomet)؛ بەرپرسیارە لە دامەزراندنی بریکارەکان و بەڕێوەبردنیان، زۆربەی چالاکییەکانی ئۆپەراسیۆنی مۆسادی لە رۆژانی سەرەتای خۆیدا کۆنترۆڵ دەکرد.

-یەکەی میفراتز (Mifratz)؛ بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی "جەنگاوەرە شاراوەکان"، دوای یەکگرتنی لەگەڵ یەکەی 188ی هەواڵگری سەربازی. لەناو یەکەی مێتزادا یەکەی "کیدۆن" هەیە، کە تایبەتە بە تیرۆرکردن و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان. 

-یەکەی تێڤێل (Tevel)؛ بەرپرسە لە هاوکاریی شاراوە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان.

- یەکەی مێتزادا (Metzada )؛ تایبەتمەندە لە ئەنجامدانی ئەرکە زۆر هەستیارەکان، وەک ئۆپەراسیۆنی نیمچە سەربازی و جەنگی دەروونی.

- یەکەکانی دیکە تایبەتمەندن لە پڕوپاگەندە، جەنگی زانیاری، پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر، لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی.

چالاکییە سەرەتاییەکانی مۆساد بریتی بوون لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و ئەنجامدانی ئەرکە ئابوورییەکان، کە وەک بەرگێک بۆ دابینکردنی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانی بەکاردەهێنرا. لەگەڵ پەرەسەندنی ئیسرائیل و دەزگاکەدا، ئەم یەکەیە بۆ هەمیشە داخرا.

مۆساد لە وڵاتانی عەرەبی

لە ساڵانی 1950دا یەکەی تزۆمێتى مۆساد بریکاری مەیدانی لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا بەڕێوەدەبرد، زۆرجار لە رێگەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ساختەوە. یەکێک لە دیارترین حاڵەتەکان ئۆپەراسیۆنی "تاڵ"ە ، کە کچی خێزانێکی کۆچبەری جوولەکەى عێراقییە و خۆی وەک پەنابەرێکی مەسیحی فەلەستینی پیشان دەدا.

تاڵ توانی پۆستێک لە ئۆفیسی باڵیۆزێکی عەرەبی لە وڵاتێکی رۆژئاوا دەستەبەر بکات. ئەو توانی زانیاری هەستیار بەدەستبهێنێت، تەنانەت لە رێگەی ئەوەوە بریکارەکانی مۆساد چەند جارێک بە نهێنی چوونە ناو ئۆفیسەکە بۆ فۆتۆکۆپیکردنی بەڵگەنامە گرنگەکان.

چیرۆکی تاڵ نموونەیەکی دیارە بۆ رۆڵی یەکەی تزۆمێت، کە تا ئێستاش تایبەتە بە دامەزراندنی سیخوڕ و بەڕێوەبردنی سیخوڕ لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا. 

بەڵام ئەم هەوڵانە هەمیشە سەرکەوتوو نەبوون. کتێبەکە باس لە چیرۆکی دەیڤید ماگن دەکات، کە گەنجێکە کە لە ساڵی 1948 دامەزرا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری. بەڵام دواتر زانیاری هەستیاری پێشکەشی باڵیۆزخانەیەکی عەرەبی لە فەرەنسا کرد. ئەمەش زیانێکی بەرچاوی بە مۆساد گەیاند.

بۆچی ئەم هەموو یەکانە؟

جگە لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان، ئیسرائیل ئەم یەکانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئەمنییەکان، هەروەها دڵنیابوون لەوەی رووداوەکان بە شێوەیەک ئاراستە دەکرێن، کە خزمەت بە پڕۆژەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بکات.

لەم چوارچێوەیەدا مۆساد یەکەی "تەڤێل"ی دامەزراندووە، کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە رێگەی دەیان باڵیۆزخانە و وێستگە لە وڵاتانی جیهان، هەندێکیان بە پلەی فەرمی کاردەکەن، هەندێکی دیکەشیان لە ژێر پەردەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی، بازرگانی، یان ئابووریدا.

ئەم یەکەیە بە "وەزارەتی دەرەوەی نهێنی ئیسرائیل" وەسف کراوە، بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، کێبڕکێی لەگەڵدا کردووە بۆ دەسەڵاتە فەرمییەکانی و لە هەندێک کاتدا تێپەڕاندنی. ئەم یەکەیە بەشداری دەکات لە دامەزراندنی و ئەنجامدانی رێککەوتن و پەیوەندی سیاسی، دیپلۆماسی، ئەمنی و پەیوەندییەکانی دیکە لەگەڵ قەوارە و حکومەتەکانی وڵاتانی دیکە.

راهێنانی مۆساد

راهێنانی مۆساد کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی چڕ و بەرفراوان لەخۆدەگرێت، لە هێزی جەستەیی و بەرگەگرتنەوە تا راهێنانی بەرگەگرتنی دەروونی، فریودان و تەنانەت راهێنانی لێکۆڵینەوە. ئەم تاقیکردنەوانە بەشێکن لە چەمکێکی ورد، کە ئامانج لێی ئامادەکردنی بریکارەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەختترین بارودۆخی مەیدانی.

تۆڵەکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی هۆشیاری

مۆساد هەموو وڵاتانی جیهان دەکاتە ئامانج، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ناوچەی عەرەبی و ئێران. چالاکییەکانی بریتین لە جەنگی دەنگۆ و دەستکاریکردنی هۆشیاری بەتایبەتی لای گەنجان، بە دروستکردنی پەیجی ساختە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، هەندێکجار بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەک زیرەکی دەستکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و شێواندنی راستییەکان.

نووسەری کەنەدی جۆرج جۆناس کە بە کتێبی "تۆڵەسەندنەوە: چیرۆکی راستەقینەی تیمی دژە تیرۆری ئیسرائیل" ناسراوە، ئاشکرایکردووە کە چەمکی "ناکاما" (تۆڵەسەندنەوە بە زمانی عیبری) بەشێکی سەرەکییە لە چەمکی مۆساد وەک پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی .

کارەکانی ئاژانسەکە تەنها لە ئۆپەراسیۆنە راستەوخۆکاندا سنووردار نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی تیۆری بەناو دیواری ئاسندا کاردەکات، کە لەلایەن گۆردۆن تێسکی داڕێژراوە و لەلایەن دەیڤید بن گوریۆنەوە پەسەندکراوە.

ئەم تیۆرییە لەو بیرۆکەیە سەرچاوەی گرتووە، کە عەرەب نەتەوەیەکی زیندوو پێکدەهێنێت کە بەردەوام دەبێت لە داوای مافە سەرەتاییەکانی و بە ئاسانی دەستبەرداریان نابێت. بۆیە پلاندانەرانی ئیسرائیل پێیان وایە دانانی "دیوارێکی ئاسنین" لە هێزی سەربازیی سەرسەخت لە ناوچەکەدا، عەرەبەکان ناچار دەکات لە بەشێک لە داواکارییەکانیان پاشەکشە بکەن، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ یەکلایی کردنەوە دۆزی فەلەستین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی