پێکەوەژیانى کورد و عەرەب و پشتیوانیکردنى هەسەدە؛ ناوەڕۆکى نامەى ئۆجەلان بۆ هۆزە عەرەبەکانی سوریا

#ئۆجەلان#سوریا#هەسەدە
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئۆجەلان دەڵێت، بە درێژایی مێژوو دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلی عەرەب و کورد هەمیشە لە پێشەنگدا بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە بووەهۆی ئەوەی زۆرینەی کورد بە ئاسانی بچنە نێو ئاینى پیرۆزى ئیسلامەوە و لە ماوەی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەیدا بە سەرۆکایەتیی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خودای لەسەر بێت) .
Primary Asset

سبەى

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رابەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە نامەیەکدا بۆ هۆزو کەسایەتییە عەرەبەکانى سوریا پشتیوانى خۆى بۆ برایەتى و پێکەوە ژیانى کورد و عەرەب دوپاتدەکاتەوە و داوایان لێدەکات پشتیوانى هەسەدە بکەن.

ئۆجەلان لە نامەکەیدا کە ئاڕاستەى سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکانی جەزیرە و دێرەزۆر و ڕەقە و تەبقەى کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، یەکڕیزی و پشتیوانی ئێوە بۆ کورد، لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتیک، گرنگییەکی گەورەی هەیە.

داواشیان لێدەکات بناغەیەکی مێژوویی نوێ بنیات بنێن لەسەر بنەمای متمانە بە پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی عەرەب و کورد.

ئۆجەلان دەڵێت، بە درێژایی مێژوو دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلی عەرەب و کورد هەمیشە لە پێشەنگدا بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە بووەهۆی ئەوەی زۆرینەی کورد بە ئاسانی بچنە نێو ئاینى پیرۆزى ئیسلامەوە و لە ماوەی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەیدا بە سەرۆکایەتیی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خودای لەسەر بێت) .

دەشڵێت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش پەیوەندی پتەوی نێوان گەلی کورد و گەلی عەرەبە. ئەم پەیوەندییە برایەتیانەی نێوان ئەو دوو گەلە لە دوای هاتنی ئیسلام بەردەوام بووە و بۆ چەندین سەدە پەرەی سەندووە و گەشەی کردووە.

ئۆجەلان باسى لەوەشکردووە، بە واتایەکی تر ئەم ڕێککەوتنە کە ئەمڕۆ ئێوە سەرکردایەتی دەکەن لە لایەک مێژووییە، لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵایەتییە. لە لایەکی تریشەوە بنەمایەکی سیاسیشی هەیە. بۆیە ئەم هەڵوێست و یەکڕیزییە لە سوریادا گرنگییەکی زۆری هەیە و گرنگییەکی زۆری پێدەدات.

جەختیشدەکاتەوە، دەبێت هەمووان یەکسان بن و ئازاد بن و پێکەوە بژین و پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. دەبێت یەکسانی و ئاسایش و دادپەروەری لەسەر ئەم بناغەیە بنیات بنرێت. "بە هەمان شێوە عەرەب و کورد دەبێ بە ئاشتی پێکەوە بژین و ئەمەش پەیوەستە بە پاڵپشتی ئێوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات. لەم ڕووەوە پشتیوانی ئێوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات گرنگی و مانایەکی گەورەیە".

ئۆجەلان ئەوەشى خستووەتەڕوو، هۆزە عەرەبەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویی بگێڕن لە بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی، یەکگرتوو و دادپەروەر. گرنگە عەرەب و کورد و سریانی و ئاشووری و هەموو ئەوانەی لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەژین، هەنگاو بنێن بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە.

رۆژئاوا؛ هێڵى سورى ئۆجەلان

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە، لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ شاندى دەوڵەتى تورکیا، پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاى تاوتوێکردووە و سوریا و رۆژئاواى کوردستانى بە “هێڵى سور” داناوە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی پێشتر رایگەیاندبوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەگەڵ شاندی دەوڵەت تاوتوێ کردووە و دەڵێت: “لەگەڵ ئێمە، واتە شاندی دەم پارتی، تەنها سیاسەتی تورکیای باس دەکرد، بەڵام دەزانم کە چەند جارێک ئەمەی گوتووە: 'سووریا و ڕۆژائا هێڵی سووری منن. ئەوان لای من جیاوازن.' واتە چەند جارێک ئەمەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا گوتووە. بەڵام دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە جگە لەوە، باسی هیچی لەبارەی سووریا و ڕۆژائاوە لەگەڵ ئێمە نەکردووە. ئەمەی بە زۆری لەگەڵ شاندی دەوڵەت تاوتوێ کردووە. تەنانەت ئەگەر شتێک پەیوەندی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەبووبێت، ئاماژەی بەوە داوە کە گرنگە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەبێت و قسە لەگەڵ ئەواندا بکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەوێ تاکوو چ بڕیارێک بدەن. هێشتا ئەمە ڕووی نەداوە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا پێشکەوتن هەبێت و پڕۆسەکە بەرەو پێش بچێت، ئەگەر ئەم دەرفەتە ڕێک بخرێت، پێموایە چارەسەرکردن ئاسانتر دەبێت.”

پەروین بوڵدان، سەرنجی خستە سەر لێدوانەکانی ئەم دواییانەی گەورە بەرپرسانی تورکیا لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەڵێت: "پێویستە تورکیا لەم ڕووەوە، واتە لە پرسی ڕۆژئاوا و پرسی سووریا، لە پاڵ گەلی کورددا بێت. ئێستا دوورخستنەوەی کورد لەوێ، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژ بە کورد، لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی گەلی کورد بەدەستی هێناون، هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نییە و کوردەکانی تورکیاش ئەمە قبوڵ ناکەن. پێویستە ئەمە یەکەمجار بەم شێوەیە تێبگەین و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش بە ڕێگا و شێوازێکی دروستتر، پێموایە پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی ژیرانەتر و بڕیاردانی دروستە. لەبەر ئەوەش گۆڕانکارییەکانی سووریا، ئەو ڕێککەوتنانەی لەوێ دەکرێن، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و هەموو ئەمانە لەلایەن تورکیاوە بە وردی بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بەڵام کورد لەم بارەیەوە زۆر هەستیارە. ڕۆژئاوا هەستیارترین خاڵی گەلی کوردە". 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی