چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانە لەوەى سودانی بتوانێت بە ئاسانی خولی دووەمی سەرۆک وەزیران دەستەبەر بکات
سبەى
لایەنە سیاسییەکانى ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەوڵدەدەن مەودای کارکردنیان فراوانتر بکەن بەرەو هێزەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بە ئامانجى سەپاندنى "سنوورێکی یەک خولى" بەسەر سەرۆک وەزیرانى داهاتوودا.
ئەم هەوڵانە ڕەنگدانەوەی ترسی پەرەسەندنی جەماوەریی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، لەگەڵ بوونى ململانێی شاراوەی ناو هاوپەیمانی شیعە، کە بەرەو دەستپێکردنەوەی "جەنگی دزەپێکردنی دەنگی" پەرەی سەندووە.
سودانی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی فراوان دەکات کە وەزیر و پارێزگار و هێزەکانی حەشدى شەعبى لەخۆدەگرێت و لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێى بردنەوە دەکەن کە بڕیارە لە ١١ی تشرینى دووەمى داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
بە وتەی کەسانی نزیک لە سەرۆک وەزیران، هاوپەیمانێتى سەرۆک وەزیران کە ناوی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ی لێنراوە- کە ئاماژەیە بۆ ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی سودانی لە ماوەی خولەکەیدا ئەنجامیداوە- رەنگە زیاتر لە نیوەی دەنگی شیعەکان کۆبکاتەوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
بەوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانە لەوەى سودانی بتوانێت بە ئاسانی خولی دووەمی سەرۆک وەزیران دەستەبەر بکات، بە قۆستنەوەی پێگەی خۆی و ئامرازەکانی حکومەت.
سنووردارکردنی سەرۆک وەزیران
سەرچاوەکان دەڵێن هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسێک، لە شێوەی بەڵگەنامەی هەڵبژاردن یان ڕێککەوتنێکی زارەکی، بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆک وەزیران بۆ یەک خول سنووردار بکرێت.
لەدەستووری عێراقدا بەڕوونی ژمارەی خولەکانی سەرۆک وەزیران یان سەرۆکى پەرلەمان دیارینەکراوە. تەنها ماوەى سەرۆک کۆمارى دیاریکردووە بۆ دوو خولى یەک لەدواى یەک.
لە ساڵی 2013 دادگای فیدراڵی یاسایەکی ڕەتکردەوە کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبوو کە ماوەی سەرۆک وەزیران بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەک یان جیا سنووردار کردبوو.
سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە کۆدەنگی بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە لەسەر بیرۆکەی سنووردارکردنی ماوەی سەرۆک وەزیران، هاوکات هەوڵەکان لە ئارادان بۆ ئەوەی هەوڵەکە پارتەکانی دیکە لە "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت" بگرێتەوە.
هاوپەیمانێتییەکە هەموو ئەو هێزانەی لەخۆگرتووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووە و کۆبوونەوە پچڕپچڕ ئەنجام دەدات بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی زۆرجار لەلایەن گرووپی "چوارچێوەى هەماهەنگییەوە" دەردەکرێن.
بیرۆکەی "سنووردارکردنی سەرۆک وەزیران" دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2023، کاتێک سودانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان قەدەغەکرا لە بەرامبەر پەسەندکردنی "یاسای بودجەی سێ ساڵى" لە پەرلەمان.
هێزە سیاسییەکان لەو کاتەدا ترسی خۆیان دەربڕی کە سودانی بودجەیەکی زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن دینار لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەکاربهێنێت، ئەوەش بەوتەی پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی.
ئەم پاساوە دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزە شیعەکان گەیشتە بنبەست لەسەر رازیکردنى سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی خۆی لە هەڵبژاردنە گشتییەکان کاندید نەکات، یان لە لیستی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆی کاندید بکات، نوێ بووەوە.
پێداگری سودانی لەسەر خۆکاندیدکردن لەسەر لیستێکی سەربەخۆ لەژێر ناوی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" پلانی هێزە شیعەکانی تێکدا و وایکرد نزیکەی ١٢ لیستی سەرەکی و لاوەکی پێکبهێنن.
مالیکی بە تەنیا!
نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وەک گوماناویترین کەس لە نیازی سودانی بۆ قۆستنەوەی دەسەڵاتەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت.
مالیکی لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە زنجیرەیەک لێدوانی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەدات لە دواخستنی هەڵبژاردن، پێش ئەوەی سودانی وادەی هەڵبژاردن دیارى بکات.
دواتر بیرۆکەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان هاتە ئاراوە دوای ئەوەی هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە سودانی لە خۆکاندیدکردن شکستی هێنا.
پەرلەمانتار رائید مالیکی رەشنوسی پێشنیازێکی پێشکەشکرد، کە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پاڵپشتی کردبوو، کە تێیدا داوا لە بەرپرسانی کاندیدکراو دەکات شەش مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن دەست لەکاربکێشنەوە.
بەڵام بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران و نزیک لە سودانی، ڕایگەیاند "رێکخراوى بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و زۆرینەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە خولی دووەمی سودانی دەکەن، جگە لە نووری مالیکی".
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەفتەی ڕابردوو، ئەعرەجی ڕەتیکردەوە هیچ نیازێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەبێت بۆ سنووردارکردنی ماوەی سەرۆک وەزیران بۆ یەک خول و جەختی لەوە کردەوە کە "چوارچێوە تاوتوێی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەک دەکات بۆ هێورکردنەوەی کەشوهەوای بەر لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها خواستى سودانی پاراستنی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگییە".
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، مالیکی هۆشداریی نوێى لەبارەی "کودەتا" و "گەڕانەوەی بەعسییەکان" بڵاوکردەوە. عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکەی مالیکى ڕایگەیاند، شانەکانی بەعس لە باشوور چاوەڕوانی کاتژمێری سفر دەکەن.
چاودێران پێیان وایە ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا دێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەری ڕێگری لە 335 کاندیدی بەعس کرد کە زۆربەیان لە لیستە شیعەکاندان- کە بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
دزەکردن
موختار موسەوی، ئەندامی پەرلەمان و سەرکردە لە رێکخراوى بەدر، پێی وایە کە "ڕەنگە بەدەستهێنانی خولی دووەمی سودانى قورس بێت"، ئاماژەی بەوەشدا کە "جەماوەری سەرۆک وەزیران پەیوەست بوو بە پڕۆژەکانی دروستکردنى پردەوە، ئێستا ئەو پردانە دەستیان بە داڕمان کردووە".
هەروەها موسەوی، سودانی بە توڕەکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی تۆمەتبار کرد بەهۆی پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، ئەو پەیوەندییەی بە "بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی" زانی.
لە نێوان ئەمانەشدا شەپۆلی دووەمی دزەپێکردنی دەنگەکان لە ماوەی یەک ساڵدا پەرەیسەندووە و کەسانی نزیک لە سودانی کردووەتە ئامانج و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەستیارەکانی حکومەت و سەربازی لەخۆدەگرێت.
سودانی لە وەڵامدا هۆشداریدا لە "هەڵگیرسانی ئاژاوە و ململانێ بۆ تێکدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت"، بەڵام لێدوانەکانی بەها ئەعرەجی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک لە وەڵامی ئەو دزەپێکردنانەدا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی "ڤیدیۆی قێزەون"ی کەسێکى نزیکى یەکێک لەوانەى کرد کە تێوەگلاوە لە دزەپێکردنەکاندا.
ئەعرەجی وتی، "گرتەیەکی ئابڕوبەرانەى کەسێکى نزیکى یەکێک لەو کەسانەمان دەستکەوت کە بەشداربوو لە دزەپێکردنەکاندا، بەڵام سودانی ڕەتیکردەوە بەکاریبهێنێت". ئەمەش شەپۆلێکی توڕەیی لێکەوتەوە و داوادەکرێت لە دادگا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.