گرژییەکان دەگەنە بۆشایی ئاسمان؛ ناسا دەرگا بەرووى هاووڵاتیانی چینی دادەخات

#ناسا#چین#ئەمەریکا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە قسە و باسەکانی دژە چین لە سەردەمی ترەمپدا پەرەی سەندووە و کێبڕکێی نێوان واشنتۆن و بەیجین بۆ ناردنی تیمی فڕۆکەوانی بۆ سەر مانگ زیاتر بووە، بەتایبەتی کە ئەمەریکا ئامانجی گەڕانەوەی هەیە بۆ سەر مانگ، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی ئەپۆلۆ کە لە نێوان ساڵانی 1969 بۆ 1972 بەڕێوەچوو.
Primary Asset

سبەى

لە پەرەسەندنێکی دراماتیکی پێشبڕکێی بۆشایی ئاسمانی نێوان چین و ئەمەریکادا، ناسا بەشداریکردنی هاووڵاتیانی چینی لە پرۆگرامەکانی ئاژانسەکەدا قەدەغە کرد.

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر سەدان زانا و توێژەر هەیە، کە بەشێکی زۆریان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە زانستی کەشوهەوا و بۆشایی ئاسمان و بوارەکانی تردا، ناسا پارەی بۆ دابین کردون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە چین خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی نیشتنەوە لەسەر مانگ و ئەگەری دامەزراندنی شوێنی نیشتەجێبوون.

کەمتر لە 100 کەس زەرەرمەند دەبن

وتەبێژی ناسا ژمارەی ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە کەمتر لە 100 کەس خەمڵاندووە، بێتانی ستیڤنز، سکرتێری رۆژنامەوانی ناسا روونیکردەوە، کە ئاژانسەکە "رێوشوێنی نوێی سەبارەت بە هاووڵاتیانی چینی گرتووەتەبەر، لەکاتێکدا پێشتر رێگە بە هاووڵاتیانی چینی دەدرا، وەک بەڵێندەر یان خوێندکار لە توێژینەوەکاندا کاربکەن.

کێبڕکێی قورس

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە قسە و باسەکانی دژە چین لە سەردەمی ترەمپدا پەرەی سەندووە و کێبڕکێی نێوان واشنتۆن و بەیجین بۆ ناردنی تیمی فڕۆکەوانی بۆ سەر مانگ زیاتر بووە، بەتایبەتی کە ئەمەریکا ئامانجی گەڕانەوەی هەیە بۆ سەر مانگ، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی ئەپۆلۆ کە لە نێوان ساڵانی 1969 بۆ 1972 بەڕێوەچوو.

لەبەرامبەردا چین دەیەوێت تاکو ساڵی 2030 کەشتیوانی ئاسمانی بنێرێتە سەر مانگ، لەم دواییانەشدا سەرکەوتنی زیاتری بەدەستهێناوە لە جێبەجێکردنی وادەی دیاریکراودا.

بێتانی ستیڤنز ئاماژەی بەوەشکردووە، چینییەکان دەیانەوێت پێش ئێمە بگەڕێنەوە سەر مانگ، بەڵام ئەوە روونادات، ئەمەریکا لە رابردوودا پێشەنگی بۆشایی ئاسمان بووە، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پێشەنگی بۆشایی ئاسمان.

مەریخ مەیدانی رووبەڕووبونەوەی نوێ

چین هەوڵدەدات ببێتە یەکەم وڵات، کە نمونەی بەرد لە مەریخەوە بگەڕێنێتەوە، لە رێگەی ئەرکێکی رۆبۆتی، کە بڕیارە لە ساڵی 2028دا دەستپێبکات.

هاوکات ئیدارەی ترەمپ، خواستی هەڵوەشاندنەوەی ئەرکی گەڕانەوەی نمونەی مەریخ ( کە پڕۆژەیەکی هاوبەشە لەگەڵ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا) هەیە. ئاماژەی بە ئەگەری ئەرکێکی سەرنشین کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری تایبەت بخاتەڕوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی