سبەى
وەڵامی وڵاتانی کەنداو لە بەرامبەر بۆردومانکردنی دەوحە لەلایەن ئیسرائیلیەوە لە سێ ئاڕاستەدا خۆی دەبینێتەوە، رێگای دیپلۆماسیی و پەیرەوکردنی سیاسەتی هێزی نەرم (نەوت و غاز) بۆ کاریگەریکردن لەسەر ناوەندەکانی بڕیاردانی نێودەوڵەتی، وەڵامی سەربازیش هەرچەندە لە ئارادا نییە، بەڵام یەکێکە لە بژاردەکان.
هێرشی فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەیەک و کۆبوونەوەیەکی باڵی سیاسی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، ئاسایشی دەوڵەتانی کەنداوی خستووەتە ژێر مەترسییەوە، بەلەبەرچاوی گرتنی ئەوەی لە بنەڕەتدا ململانێیەکی هەرێمایەتی و جیهانی لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە.
لە ئێستاشدا سێ ئاراستە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل لەسەر مێزی وڵاتانی کەنداوە، لە کاتێکدا ئێستا ئاگرەکە زیاتر لەو وڵاتانە نزیکدەبێتەوە، کە بە پەناگەیەکی ئارام وەسفدەکران.
ئیمارات: مامەڵەکردن بە خێرایی
ئیمارات یەکەم وڵاتی کەنداو بوو، کە بە خێرایی هەنگاوی ناو و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئەو وڵاتە، کەمتر لە 24 کاتژمێر بە شاندێکی گەورەی سیاسی گەیشتە دەوحە، ئەویش بەمەبەستی هەماهەنگی و داڕشتنی وەڵامێکی یەکگرتووی وڵاتانی کەنداو لە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل.
بژاردە دیپلۆماسییەکان خراوەتەڕوو
شیکەرەوانی سیاسی دەڵێن، وڵاتانی کەنداو بەدوای یەکێتیی دیپلۆماسیدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بەر بە هێرشی نوێی ئیسرائیل بگرن. هەنگاوە دیپلۆماسییە بەردەستەکان، دابەزاندنی هێڵی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل، یان سنوودارکردنی بەشداریکردنە "لە رێککەوتنەکانی ئەبراهام"، کە ئیسرائیل لە ساڵی 2020 لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبی واژۆی کرد، کە بووە دەستکەوتێکی دیپلۆماسی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو کاتە و ئێستای ئەمەریکا.
لە لایەکی دیکەوە، وەک ئەوەی روون بووەوە، کە بەشێک لە وەڵامەکەی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی گۆڕەپانی یاساییەوە دەبێت، بەو پێیەی دەوحە پێنجشەممەی رابردوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایسی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی بەکۆمەڵدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بکرێت.
حەسەن حەسەن، توێژەر لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە بەحرەین، رایگەیاندووە، دەوڵەتانی کەنداو "هێشتا بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە لۆبیکردندا نەکردووە بۆ پشتیوانیکردن لەم هەوڵانە".
پەیماننامەی بەرگری هاوبەش
دەوڵەتانی کەنداو پابەندن بە پەیماننامەی بەرگری هاوبەشەوە. عەبدولعەزیز سەقەر، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کەنداو پێیوایە، رەنگە ئەو وڵاتانە پەنا بۆ چالاککردنی "هێزی قەڵغانی نیمچە دوورگە" ببەن، کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وەک هێزێکی بەکۆمەڵ دامەزراوە.
حەسەن حەسەن توێژەر لەسەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی روونی کردەوە، کە ئەم بڕگە بەرگرییانە "تا ئێستا بە تیۆری ماونەتەوە"، بەڵام جێبەجێکردنیشیان لە رێگەی دامەزراندنی فەرماندەیی سەربازیی یەکگرتووی کەنداو و یەکخستنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکییەوە دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆربەی دەوڵەتانی کەنداو بە چەکی ئەمەریکی و بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەیان، هێرشەکەى دەوحە وەک شکستێکی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتانە لێکدەدرێتەوە، کە رەنگە هانیان بدات بۆ داوای گەرەنتی بەرگری روونتر لە واشنتۆن، یان هەنگاو بنێن بەرەو هەمەچەشنکردنی هاوبەشییە بەرگرییەکانیان.
وەڵامی ئابووری
لە رووی ئابووریەوە، وڵاتانی کەنداو خاوەن سەرمایەیەکی سروشتی گەورەن، هەربۆیە دەکرێت نەوت و گاز، وەک ئامرازێکی هێزی نەرم بەکاربهێنرێت بۆ کاریگەریکردن لەسەر ناوەندەکانی بڕیاردانی نێودەوڵەتی.
شارەزایان پێیان وایە دەوڵەتانی کەنداو وەک قەتەر، سعودیە، کوەیت و ئیمارات، رەنگە بتوانن لە سندوقە گەورەکانی سەروەت و سامانی سەروەری خۆیان سود وەربگرن، بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی بازرگانی بەسەر ئیسرائیلدا. بەنمونە "دەتوانن بایکۆتی ئەو کۆمپانیایانە بکەن، کە پشکی بەرچاویان لە ئابووری ئیسرائیلدا هەیە".
هێرشەکەی ئیسرائیل، لە کاتێکدایە کە سعودیە و ئیمارات و قەتەر بەکۆمەڵ بەڵێنیان داوە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئابووری ئەمریکادا بکەن.
بەدر سەیف، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی کوەیت دەڵێت، "ئەم ترلیۆنانە کە دەوڵەتانی کەنداو دەیخەنە ناو ئابوری ئەمریکاوە، لەسەر بنەمای گریمانەی ناوچەیەکی کەنداوی سەقامگیرە. بەڵام ئەگەر هەست بە ناسەقامگیری بکەن، ئەوا رەنگە پارەکە ئاراستەی شوێنێکی دیکە بکەن".