بۆ جاری دووەم سودانی و شەرع لە قەتەر کۆدەبنەوە

#سودانی#شەرع#قەتەر
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر، سودانی و شەرع کۆببنەوە، ئەوەش دووەم کۆبونەوەی نێوانیان لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا.
Primary Asset

کۆبونەوەی شەرع و سودانی و تەمیم 17ـی نیسانی 2025

سبەی

چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر، سودانی و شەرع کۆببنەوە، ئەوەش دووەم کۆبونەوەی نێوانیان لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا.

سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بڵاوی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی - ئیسلامی کە ئەمڕۆ لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کۆببنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگی ئاسایش و ئابوری لەنێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی ئاسایی کردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی وەلید و پاراستنی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی سەرچاوەکە، دوای کۆبونەوەی نێوانیان، رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی رادەگەیەندرێت. 

بابەتێکی دیکەش، دەستپێکردنی هەنگاوی کردەییە بۆ بەگەڕخستنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاسی سوریا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو بۆریەوە.

کۆبونەوەی یەکەمی سودانی و شەرع

رۆژی (17ـی نیسانی 2025) دوو لە چاوی میدیاکان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی بەپەلەی بۆ قەتەر ئەنجامدا بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ شێخ تەمیم حەمەد ئالسانی میری قەتەر و دواتر چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كەوتووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دیدارە سێقۆڵییەكە بەهۆی ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و بەتایبەتیش سوریا بووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردووەتەوە عێراق لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی سوریا دەكات، لەگەڵ بوونی سەربازیی كیانی داگیركەر لەخاكەكەی.

بەوتەی سەرچاوەكە "سودانی دووپاتیكردووەتەوە هەڵوێستی عێراق جێگیر و مەبدەئییە، داوای پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر دەكات كە پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوبن لەڕووی پێكهاتە و ئاینەوە، هەروەها پاراستنی شوێنە پیرۆزەكان بۆ هەموو دانیشتوانی سوریا، هەروەها ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت دوای ئەو ڕووداوانەی بەسەر عەلەوییەكان هات".

"سودانی ئەوەشی خستووەتەڕوو پێشكەوتن لەو دۆسیانە دەكرێت هاوكاربێت لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی ئامرازی هاریكاری لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات كە ببێتەهۆی پاراستنی ئارامیی و ئاسایشی ناوچەكە".

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆكایەتی كۆماری سوریا كۆبوونەوەكەی سودانی و شەرعی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەكە لەژێر چاودێری میری قەتەر بووە و هەردوولا پەیوەندی دووقۆڵی نێوان عێراق و سوریایان تاوتوێكردووە و سوربوون لەسەر دووبارە چالاككردنەوەی رێرەوی هاوكاری عەرەبی هاوبەش و قوڵكردنەوەی پەیوەستییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی برا".

بەپێی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا، "سودانی و شەرع جەختیان لەسەر پێویستی رێزگرتنی سەروەری و سەقامگیری هەردوو وڵات و ڕەتكردنەوەی هەموو جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكیی كردووەتەوە، دوپاتیشیان كردووەتەوە ئاسایش و سەقامگیری سوریا و عێراق بەردی بناغەی ئاسایشی ناوچەكەیە".

"لە دیدارەكەدا پرسی ئاسایشی سنوریی هاوبەش تاوتوێكراوە و رێككەوتوون لەسەر هەماهەنگی مەیدانی و هەواڵگری لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوو وڵات بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە هاوبەشەكان". سەرۆكایەتی كۆماری سوریا وا دەڵێت.

هەروەها پەیوەندی بازرگانی و ئاسانكاری جوڵەی هاتوچۆی كەلوپەل لە ڕێگەی دەروازە سنورییەكان و هاندانی وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵات، لە بوارەكانی وزە و گواستنەوە و ژێرخان تاوتوێكراوە. ئەمەش بەوتەی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا.

سەردانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ سوریا

رۆژی (28ـی ئابی 2025) بەمەبەستی زیادکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات، حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کۆبۆوە.

سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عێراقی ئاشکرایکرد، شەتری و شەرع، تاوتوێی ئاسایشی سنورەکان و ئەگەر دروستبوونی هەڕەشە چەکدارییەکان و دۆخی عێراقییەکانی سووریایان کردووە.

بەوتەی سەرچاوەکە لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر زیادکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رێکدەکەوتوون.

سەردانەکەی سەرۆکی هەواڵگری عێراق بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەئاراستەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا بووە.

بەرپرسی هەواڵگری پەیامێکی سودانی بە سەرۆک کۆماری سوریا گەیاندووە، تێیدا داوای پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگە هاوبەشەکان کردووە.

وەک میدیای عێراقی ئاماژەی پێداوە، بەرپرسی هەواڵگریی عێراق سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە دیمەشق کردووە و لەگەڵ بەرپرسی باڵیۆزخانەکەدا کۆبۆتەوە، باسیان لە کێشەکانی عێراقییەکانی نیشتەجێی سوریا و رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردووە.

سەردانەکە، دووەم سەردانی سەرۆکی هەواڵگری عێراق بوو بۆ سوریا لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد،  پێشتریش لە (25ـی نیسانی 2025) سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی حکومەتی عێراقی کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی سوریا کۆبووەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی