ئەمەریکا فشارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستپێکردووە

#ئەمەریکا#قەتەر#ئیسرائیل#مارکۆ روبیۆ
3 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی، ئیدارەی ئەمەریکا لە هەوڵدایە جارێکی دیکە ئیسرائیل و حەماس دانوستانەکانیان بۆ راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێبکەنەوە
Primary Asset

ترەمپ و میری قەتەر

سبەی

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر تیمی دانوستانکاری حەماس لە قەتەر، گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس هاتنەوە خاڵی سەرەتا. ئیدارەی ئەمەریکا لە هەوڵدایە جارێکی دیکە لایەنی حەماس و ئیسرائیل بباتەوە سەر مێزی دانوستانەکان.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی، ئیدارەی ئەمەریکا لە هەوڵدایە جارێکی دیکە ئیسرائیل و حەماس دانوستانەکانیان بۆ راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێبکەنەوە.

کۆتایی هەفتەی رابردوو شێخ موحەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا فشاریان کردووە بۆ پێویستی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاندی دانوستانکاری حەماس لە دەوحە، قەتەر هێشتا ئامادەیە بۆ رۆڵگێڕانی وەک نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەوەش بەپێی وتەی سەرۆک وەزیرانی قەتەر دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریکا.

دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی قەتەر بۆ واشنتن، مارکۆ روبیۆ دوێنی یەکشەممە (14ـی ئەیلوولی 2025)، سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێش گەشتەکەی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد.

سەبارەت بە دیدگای ترەمپ لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، مارکۆ روبیۆ رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دڵخۆش نییە."

لە وەڵامی پرسیاری کاریگەریی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی قەتەر لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و قەتەر وتی: "هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا نابێت."

روبیۆ وتیشی: "ئەوەی روویدا، روویداوە، ئێمە لەگەڵیان کۆدەبینەوە و لەسەر داهاتوو گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین،" ئەوەی گرنگە وەک روبیۆ دەڵێت: "تا ئێستا 48 بارمتە ئازاد نەکراوە کە شایەنی ئەوەن دەستبەجێ ئازاد بکرێن."

سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززەش روبیۆ وتی: "تا ئێستا کاری قورس ماوە بکرێت لەوانە بنیاتنانەوەی كەرتی غەززە بە شێوەیەک کوالێتییەکی باش بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە دابینبکات."

لەسەر سەردانەکەی روبیۆ بۆ ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەردانی روبیۆ بۆ ئیسرائیل نیشانەی بەهێزی هاوپەیمانێتی ئەمەریکا و ئیسرائیلە،" هەروەها دەشڵێت: "لە ئێستادا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە هەموو کاتێک بەهێزترە."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی