سبەی
بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، عێراق نزیکەی 30 تۆن زێڕی هاوردەکردووە و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش دووەم گەورەترین کڕیاری زێرە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق هاوردەکردنی زیاتر لە 28 تۆن زێڕی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و نەجەفەوە راگەیاند.
فەیاز دلێمی سەرۆکی سەنتەری ناوەندی بۆ هەڵسەنگاندنی جۆریی و کوالیتی کۆنترۆڵ، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە نێوان ئۆکتۆبەری 2023 تا کۆتایی ساڵی 2024 لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی بەغداد و نەجەفەوە 28 تۆن و 298 کیلۆگرام زێڕ هاوردەکراوە.
ئاشکراشی کرد، لە کۆتا سێ مانگی ساڵی 2023 چوار تۆن هاوردەکراوە، لە کاتێکدا کۆی زێڕە هاوردەکراوەکان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ساڵی 2024دا 24 تۆن بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پشکنینی زێڕە هاوردەکراوەکانیان کردووە و لە رێکارە جیاوازەکانی وەکو پشکنین داهاتە داراییەکانیان پێنج ملیار و 536 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
عێراق دووەم کڕیاری زێڕە
پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئاستی یەدەگی زێڕی عێراق لە ساڵی 2024 گەیشتبووە 148.305 تۆن، لەکاتێکدا ساڵی 2023 بڕی 132 تۆن یەدەگی زێڕی هەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2022، یەکێک بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین زێڕی کڕیووە لە پلەی دووەمدا هاتووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دوای میسر.
بەپێی ئاماری فەرمی بانکی ناوەندی عێراق، تا کۆتایی ساڵی 2023 لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی چوارەم و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 30 دا بووە، لەکاتێکدا لە ساڵانی 2022 و 2021 تەنها 96.4 تۆنی هەبوو.
رۆژانە 75 کیلۆگرام زێڕ هاوردە دەکرێت
جگە لەو یەدەگە زێڕەی بانکی ناوەندی هەیەتی، هاوڵاتیان و بازرگانانی عێراقیش بەردەوامن لەسەر هاوردەکردنی زێڕ لە دەرەوەی وڵات.
عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاندبوو: زیادبونێکی بەرچاو لە هاوردەکردنی زێڕ هەیە، رۆژانە نزیکەی 75 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی دەروازە فەرمییەکانەوە دێتە عێراق.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ یەکەی پشکنین و کۆنترۆڵی جۆریی لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان رێکارو رێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەی ئاسانکاریی زۆر دەکرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە نابێتە هۆی دواکەوتن و پەکخستنی کارەکان، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووەوە.
ئاسانکاریی بۆ هاوردەکردنی زێڕ دەکرێت
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئاسانکاریی زۆر بۆ هاورەدەکردنی زێڕ و خشڵ دەکرێت، تەنها بە گەیشتنی بە فڕۆکەخانە یان دەروازە سنورییەکان، بەزوترین کات پشکنین و کۆنترۆڵ دەکرێت و کاتێکی کەمی پێویستە، ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێنرێت تەنها لە چەند وڵاتێکی کەمی جیهاندا هەیە.