داهێنانی ژینگەیی؛ تەکنەلۆجیایەکی نوێی گۆڕینی پلاستیک بۆ سووتەمەنی

#پلاستیک#وزە#ستەمەنی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • تەکنەلۆجیایەکی نوێی گۆڕینی پلاستیک بۆ سووتەمەنی ئاشکرا دەکرێت، کە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی بێ سنووری وزە.
Primary Asset

سبەی

تەکنەلۆجیایەکی نوێی گۆڕینی پلاستیک بۆ سووتەمەنی ئاشکرا دەکرێت، کە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی بێ سنووری وزە. 

توێژەرانی زانکۆی یێڵی ئەمەریکا، ئەنجامی توێژینەوەیەکیان لەسەر گۆڕینی پلاستیک بۆ سووتەمەنی بە شێوەیەکی کاراتر لە رێگەی تەکنەلۆجیایەکی نوێوە بڵاوکردوەتەوە. 

بەپێی بڵاوکراوەیەکی گۆڤاری Nature Chemical Engineering تیمێکی زانکۆی یێڵ شێوازێکی نوێی گۆڕینی پاشماوەی پلاستیکی بۆ سووتەمەنی ئاشکراکردووە، کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی وزەی نزیکەی بێسنوور دابین بکات.

ئەم داهێنانە لە کاتێکدایە، کە جیهان بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاوی پلاستیک، رووبەڕووی قەیرانێکی خراپتر دەبێتەوە، کە زەریاکان و زەوی و تەنانەت جەستەی مرۆڤیش پیس دەکەن، خەمڵاندنە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە مێشکی مرۆڤ هاوتای کەوچکێکی چا گەردیلەی مایکرۆپلاستیکی تێدابێت.

پلاستیک و رەهەندە کارەساتبارەکانی

پلاستیک لە هەموو شوێنێکدا هەیە. نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر ژێر دەریاییەکی ژاپۆنی لە قووڵایی ماریانا، کە قووڵترین خاڵە لە زەریاکاندا کیسەیەکی نایلۆنی دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ پلاستیک بووەتە بەشێک لە چینەکانی زەوی لە شێوەی بەردی نیشتووی نوێ کە بە "بەردی پلاست" ناسراوە. ئەم قەیرانە ژینگەییە، بووە هۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبکات بە پەرەپێدانی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک.

تەکنەلۆژیای شیکردنەوەی گەرمی

بەشێک لە زانایان بە پاڵپشتی کۆمپانیاکانی نەوت و پلاستیک، روو لە تەکنەلۆژیای شیکردنەوەی گەرمی دەکەن.

ئەم پرۆسەیە پشت بە گەرمکردنی پلاستیک دەبەستێت بۆ 900 پلەی سەدی بەمەبەستی شکاندنی پۆلیمرەکان بۆ تەنکۆڵەی هایدرۆکاربۆن، کە دەتوانرێت وەک سووتەمەنی بۆ تۆرباینی گەورەی کارەبا و بەرهەمهێنانی گازۆیل بۆ بارهەڵگر و کەشتیەکان بەکاربهێنرێت. 

ئاڵەنگاری و هیواکان

سەرەڕای ئەنجامە ئومێدبەخشەکان، تەکنەلۆژیاکە لەکاتی هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی لەسەر ئاستێکی گەورە، رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، دیارترینیان بەکارهێنانی وزەی زۆر و زیادبوونی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەندێک لە شارەزایان  بیرۆکەکەیان بە "چیرۆکێکی خەیاڵی" وەسف کردووە، کە کۆمپانیاکانی نەوت و پلاستیک بەکاریدەهێنن بۆ رەوایەتیدان بە پشتبەستنی بەردەوام بە پلاستیک.

بەڵام تیمی یێڵ پێیان وایە، ئەم گەشەپێدانە دەتوانێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەرێکی پراکتیکی بۆ کێشەی پاشماوەی پلاستیک نیشان بدات، ئەگەر بە شێوەیەکی کارا پەرەی پێبدرێت، تا ئەم کاتەش کاریگەرترین چارەسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ژینگەیی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی