سبەی
بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەسەڵاتدارانی سعودییە، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران، کە هەوڵیاندابوو لە رێگەی پاسی عومرەکارانەوە بڕێکی زۆر مادەی کریستاڵی شل بە قاچاخ بگەیەننە عەرەبستانی سعودیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ئاسایشی سلێمانی وەزارەتی ناوخۆ و میدیای سعودیەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بازرگانەکان هەوڵیان دابوو بە قاچاخ بیگەیەننە سعودیە بەهاکەی نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە.
بازرگانەکان سودیان لە پاسێکی تایبەتی کۆمپانیایەکی حەج و عومرە وەرگرتبوو بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکە.
بەوتەی سەلام عەبدولخالق وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە ئاشکراکردنی تۆڕەکە".
دوای دەستکەوتنی سەرە داو لەسەر بازرگانییەکە، کە بازرگانەکانی هاوڵاتی عێراقیی و دانیشتووی پارێزگای سەڵاحەدینن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەسەڵاتدارانی سعوودیە داوای ئامادەبوونی پسپۆڕانی سلێمانیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەوان لە مامەڵەکردن لەگەڵ تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان".
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت؛ هاوکاری و هەماهەنگی بەرفراوانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆ بەدواداچوونی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان
هەر لەوبارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر 142 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵی شل.
زانیاری هەواڵگریی دروست لە ئاسایشی سلێمانی بۆ دەزگای هەواڵگری عێراق گواستراوەتەوە، لەوێشەوە بۆ دەسەڵاتدارانی سعودیە، دواتر دەستگیرکردنەکەیان ئەنجامداوە.
رائید عەباس بەهادلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "هەماهەنگییە ئەمنییە باڵاکانی نێوان عێراق و سعودیە بوو بە هۆی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان، کە 142 کیلۆگرام کریستاڵی شلیان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردوەتەوە.
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییە ئاماژەیە بۆ هاوکارییە ئاسایشییەکانی نێوان بەغداد و ڕیاز بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە هەڕەشەیەکی سنووربەزێن.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە؛ بەکارهێنانی پاسەکانی حەج و عومرە وەکو روپۆشێک بۆ قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەیە تەنها خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نین بەڵکو خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراقن.