سبەی
تیمێکی پزیشکی لە پارێزگای ژێجیانگ لە رۆژهەڵاتی چین، چەسپی ئێسکیان وەکو داهێنانێکی نوێی پزیشکی راگەیاند، چەسپەکە توانای چارەسەرکردنی شکان و جێگیرکردنی پارچە ئێسکەکانی هەیە، تەنها لە ماوەی سێ خولەکدا.
داهێنانە پزیشکییە نوێیەکە ناوی Bone-02 یە و لین شیانفێنگ سەرۆکی تیمەکە، بیرۆکەی داهێنانەکەی لە خۆهەڵواسینی زیندەوەرە ئاوییەکان بە راگری پردەکانی ناو دەریا وەرگرتووە.
ئەم چەسپە توانای جێگیرکردنی خێرا و وردی هەیە تەنانەت لە بوونی خوێنیشدا، هاوکات پێویستی بە نەشتەرگەری دواتر بۆ لابردنی پلێتە کانزاییەکان ناهێڵێت.
پشکنینە تاقیگەییەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە Bone-02 لە رووی سەلامەتی و کاریگەرییەوە ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە. لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکاندا، رێکارەکە لە ماوەی کەمتر لە 180 چرکە (سێ خولەک) ئەنجامدرا، لە کاتێکدا شێوازەکانی چارەسەری نەریتی پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ چاندنی کانزا.
ئەم چەسپە توانای هێزی بەستنەوەی زیاتر لە 400 پاوندە و هێزی بڕینی نزیکەی 0.5 مێگاپاسکاڵ و هێزی پەستانی نزیکەی 10 مێگاپاسکاڵە. تاقیکردنەوەکان لەسەر زیاتر لە 150 نەخۆش ئەنجامدراوە و سەرکەوتنی گەورەشی بەدەستهێناوە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ چاندنی کانزا، کە بۆ سەقامگیرکردنی ئێسکەکان بەکاردەهێنرێن.
هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرەستەی لکاندنی ئێسک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1940. ئەم داهێنانە نوێیەی چینیش دەتوانێت دەرگا بەڕووی داهاتوویەکی پزیشکیدا بکاتەوە، بەجۆرێک ئاڵۆزییەکان و هەوکردنەکان و ماوەی نەشتەرگەری کەمبکاتەوە.