سبەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: دیموکراسی بە ئیرادەی عێراقییەکان بەدیهاتووە، ئەگەر وڵاتێک هەبێت شایستەی ئەوەبێت ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت عێراقە، چونکە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەشکردووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە لە مەراسیمی رۆژی جیهانی دیموکراسی پێشکەشی کرد رایگەیاند: ئەگەر وڵاتێک هەبێت شایستەی ئەوەبێت ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت عێراقە، سەدان هەزار شەهیدی پێشکەشکردووە و باجی زۆری داوە، بۆ ئەوەی نمونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەش بکات، دیموکراسی بە ئیرادەی عێراقییەکان نەخشێنراوە و بەدیهاتووە.
ووتیشی: "هێشتا دەرفەتی زۆرمان لەبەردەستدا ماوە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی دیموکراسی لە عێراق چەسپیووە، ئەوەش بە دانپێدانانی وڵاتانی جیهان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق، پابەندی حکومەتەکەی بە کارکردن بە بنەما دیموکراسییەکان دووپات کردەوە و رایگەیاند: حکومەتەکەمان پاڵپشتی سەرجەم ئازادییەکان دەکات کە دەستور دیاریکردووە، هەڵبژاردن میکانزمێکی بنەڕەتییە بۆ سیستمی دیموکراسی، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و هەموو پاڵپشتییەکمان پێشکەش کردووە بۆ ئەو مەبەستە.
سودانی رایگەیاند: هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە رێڕەوی دەستوریی و گەڕانەوە بۆ دواوە نییە، چوونکە دەستبەرداربوونی دەنگی هەڵبژاردن بە مانەوەی گەڕانەوەی گەندەڵییە وەک جێگرەوەیەکی خراپ.
بەوتەی محەمەد شیاع سودان، رێڕەوی دیموکراسی پێویستی بە کاری گرنگ و بەردەوام هەیە و بۆ ئەوەش هەموو هەوڵێک دەدەن لەسەر رێڕەوی خۆی بەرەو پێشبچێت.
ئەو وتانەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مەراسیمی رۆژی جیهانیی دیموکراتی هات، کە ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئەیلولی 2025) روانگەی عێراقی بۆ چاودێریی دیموکراتی لە بەغداد، بەبەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان رێکیخستبوو.