سبەی
وێڕای ئەوەی بۆ گەڕان بە دوای نەوت و هەڵکەندنی 99 بیرە نەوت لە بناری چیای گابار، سەدان هەزاران دار بڕدراونەتەوە و بەهۆی وشکبوون و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو هەزاران کەس بێئاون، ئێستا تورکیا دەیەوێت بە هەڵکەندنی 114 بیری نەوتی دیکە دڵی چیای گابار هێندەی دیکە هەڵبدڕێت.
وێڕای ئەنجامدانی چەندین گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە دژی تێکدانی سروشتی باکووری کوردستان و تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن خەڵکی گوندەکانی بناری چیاکە، حکومەتی تورکیا لە ڕێگای کۆمپانیاکانی نەوتەوە دەست ناپارێزێت لە هەڵدڕین و کون کونکردنی چیای گابار.
گەڕان بە دوای نەوت لە 2021ـەوە لە چیای گابار لە پارێزگای شرنەخ دەستی پێ کردووە و ئەمەیش کارەساتێکی ژینگەیی گەورەی لێ کەوتووەتەوە.
بەم هۆیەوە سەدان هەزار دار بڕدراونەتەوە و بەتاڵان براون، ژیانی سروشتی و خۆڕسکی و فرەزیندەیی ناوچەکە بە دینامیت خاپوور کراوە و بەهۆی وشکبوون و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاویشەوە، گوندنشینان بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ئاژەڵەکانیان تینوون و ڕەز و باخەکانیشیان وشک بوون.
تاکوو ئێستا وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا و کۆمپانیای نەوتی تورکیا 99 بیری هەڵکەندووە و پلانیان وایە تا کۆتایی ئەمساڵ 114 بیری دیکە لێ بدەن و بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژێکدا لە 84 هەزار بەرمیلەوە بگەیەننە 100 هەزار بەرمیل.
هەڵکەندنی ئەم بیرە نەوتانە دەبێتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار داری دیکە ببڕدرێتەوە، ژیانی سروشتی و فرەزیندەیی ناوچەکە زیاتر خاپوور بکرێت و سەرچاوەکانی دیکەی ئاویش وشک ببن و نەوت تێکەڵیان ببێت.
بەم جۆرەیش زیانەکان، کارەساتی هێندە گەورەیان لێ دەکەوێتەوە کە دواتر گەڕانەوەیان بۆ نییە.
بۆ خەڵک قەدەغەیە، بۆ تاڵانکردن ئازادە
لە کاتێکدا دانیشتووانی گوندەکانی بناری چیای گابار لە نەوەدەکانەوە بە بیانووی "ئەمنی"یەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بچنە سەر زەوی و زار و باخەکانیان، کەچی هەمان ناوچە کراوەتە گۆڕەپانی چالاکیی گەڕان بەدوای نەوت و بڕینەوەی داردا.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە بۆ زۆرێک لەم پڕۆژانە، ڕاپۆرتی "هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی" ئامادە نەکراوە، یان پشتگوێ خراوە.
ئەمەش نەک هەر زیانی گەورە بە سروشت دەگەیەنێت، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆشە لەسەر تەندروستیی خەڵکی ناوچەکە. بە لێدانی بیرە نوێیەکان، ئەو تاوانە ژینگەییەی لە دژی سروشتی بۆتان دەکرێت، چەند هێندە دەبێت.
تورکیا چیای گابار دەدۆشێت
چەند ساڵێکە چیای گابار لە باکوری کوردستان بووەتە خێروبەرەکەت بۆ تورکیا و ڕۆژانە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا 84 هەزار بەرمیل نەوت لە 99 بیرەنەوتی ناوچەکە دەردەهێنێت.
چەند مانگێک لەمەوبەر ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس بڵاوی کردەوە چیای گابار بە ڕێژەی لە 6% پێویستی وزەی تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان پڕ دەکاتەوە.
حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە وزەی دەرەکی و بۆ ئەم مەبەستەیش بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبۆوە لە ڕێگای تیشکی خۆر و باوە، بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی یەدەگی سوتەمەنیی بەبەردبوو.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا وەک موژدانەدانێک بە خەڵکی تورکیا، رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند: "یەدەگێکی نوێی نەوتیان لە باکوری کوردستان دۆزیووەتەوە 66 ملیۆن بەرمیل لەخۆ دەگرێت و گوتی: "چیای گابار خاوەن باشترین جۆری نەوتە".
چیای گابار لە باکوری خۆرهەڵاتی شرنەخی باکوری کوردستان هەڵکەوتووە و ڕوباری دیجلە بە خۆرئاوا و باشوریدا تێدەپەڕێت.
چیای جودی دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵات و زنجیرەچیاکانی ئەڕوح'یش دەکەونە باکورییەوە. چیاکە هەزار و 848 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
بەرپرسانی تورکیا دۆزینەوەی نەوت لە چیای گابار لە 2021 بە گەورەترین دۆزینەوەی نەوت دادەنێن لە مێژووی کۆماری تورکیا.