سبەی
بە هۆی گەڕان بە دوای نەوت لە بناری چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکوری کوردستان، چەند مانگە زیاتر لە سێ هەزار کەس بێئاون و بە هۆی خواردنەوەی ئاوی نەوت تێکەڵبوو زۆربەیان نەخۆش کەوتوون و چەندین باخ و ڕەزیشی وشک بوون. لەبری چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە تا دێت گەورەتر دەبێت، بێباکانە کارەکان بۆ تێکدانی سروشت و ژینگەی باکوری کوردستان بەردەوامن و خەڵکیش تینووتر دەکرێت.
بەهۆی گەڕان بەدوای نەوت لەلایەن کۆمپانیای نەوتی تورکیا (TPAO) کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە، چیای گابار کون کون کراوە.
لە ناوچەکەدا جگە دارستانەکان، ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە. گوندەکانی شێخەرەش (کزڵسو) و دێران (سۆلوکلو) کە سەر بە ناوەندی شرنەخ-ن و ژمارەی دانیشتووانیان 3 هەزار کەسە، دەکەونە بناری چیای گابار. ئەو سەرچاوە ئاوانەی کە زیاتر لە 100 ساڵە پێداویستیی ئەو گوندانەیان دابین دەکرد، بەهۆی کارەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا یان وشکیان کردووە یان پیس بوون.
بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پیسەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دۆخی تەندروستییان تێکچووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەو سەرچاوە ئاویانەی وشکیشیان نەکردووە زۆربەیان پیس بوون، ئاژەڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەش تینوو ماونەتەوە.
هەرچەند نوێنەرانی ئەم دوو گوندە چەندین جارە ڕوو لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی شرنەخ دەکەن، کەچی نەک هەر بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون و ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە، گەڕان بە دوای نەوت لە ناوچەکە بەردەوامە و چیای گابار کراوەتە بێژینگ.
'نەوت تێکەڵ بە ئاو بووە'
فاتمە مەتە ئاماژەی بەوەکرد کە ماوەی دوو ساڵە نەوت تێکەڵ بە سەرچاوە ئاوییەکانیان دەبێت و وتی: "ناتوانین بە دەبەی گەورەش ئاو بکڕین. ئاژەڵەکانمان بێ ئاون، منداڵەکانمان ناتوانن خۆیان بشۆن. نەوت تێکەڵ بە ئاوەکەمان بووە. بەهۆی نەوتەوە، ئاوەکەمان قوڕ و نەوتی لێ دێت".
فاتمە مەتە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە باخ و باخچەکانیان لە بێئاویدا وشک بوون، دەڵێت: "لە ماڵەکانماندا ئاو نییە. قاپەکانمان کۆبوونەتەوە و ناتوانین بیانشۆین. ئێمە بەهۆی ئەم ئاوەوە لەم گوندەدا دەماینەوە و دەژیاین. دوای ئەوەی ئاوەکەمان بەم شێوەیەی لێهات، چیتر ناتوانین لێرە بژین. ئاوی خواردنەوەش بە تانکەر لە شارۆچکەی کاسرک-ەوە دێت و خۆمان پارەکەی دەدەین. دەمانەوێت ئاوەکەمان وەک جارانی لێ بێتەوە. دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە."
'پارێزگار بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر'
هیلال بیرلیک سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی ئەو بەڵێنانەی پارێزگاری شرنەخی بیرهێنایەوە کە پێی دابوون و نەیبردوونەتە سەر و وتی: "کاتێک گەڕان بەدوای نەوتدا دەستی پێ نەکردبوو، ئاومان هەبوو و بەشیشی دەکرد. بە ئاوەکەمان باخ و باخچەکانمان ئاو دەدا و ماڵەکانمانمان دەشۆرد. بەڵام دوای دەستپێکردنی گەڕان بە دوای نەوت، ئاوەکەمان پیس بوو، قوڕاوی بوو و نەوتی لێ دەهات".
ئەو ئاماژە بەوە دەدات چیتر ناتوانن ئاوی گوند بەکاربهێنن و دەڵێت: "ئێستا ئاو دڵۆپ دڵۆپ دێت و بەشی کەس ناکات. چووینە لای پارێزگار، سکاڵانامەکانمان پێشکەش کرد، بەڵام وەریاننەگرت و ڕەتیانکردەوە. واژۆمان کۆکردەوە، هەر وەریان نەگرت. دواتر دیسان بە کۆمەڵ چووینە لای پارێزگار، وتمان با کێشەکە گەورە نەبێت. وتمان ماوەی 2 ساڵە بەم شێوەیەین و ئاومان نییە. منداڵەکانمان نەخۆش کەوتوون، ناتوانین ماڵەکانمان پاک بکەینەوە، تکایە چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە. پێی وتین 'بڕۆن من سەردانتان دەکەم'. داوای 40 ڕۆژ مۆڵەتیان کرد، ماوەکە تەواو بوو، بەڵام کێشەکە چارەسەر نەکرا. دواتر وتیان 'دەوڵەتمان هەیە، پارەمان هەیە، چارەسەری دەکەین' بەڵام هێشتا هیچ نەکراوە. وەک دوا چارە، ڕێگەکەمان داخست. بە تانکەر ئاو دێت، دەچینە سەرە، لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی ئاو، ژمارەیەکی زۆر ژن کەوتن و بریندار بوون. داواکاریمان چارەسەرکردنی کێشەکەمانە."
'هەمووان نەخۆش کەوتن'
ڕەحیم بیرلیک ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەت بەرامبەر باکی بەوە نییە خەڵکی ئەم دوو گوندە چییان بەسەر دێت و وتی: "دەوڵەت ڕاستیمان پێ ناڵێت. ستەممان لێ دەکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت هەموو ڕۆژێک دەڵێن 'ئەمڕۆ چارەسەری دەکەین' بەڵام نایکەن. درۆ دەکەن. ئێمەش متمانەمان پێیان نییە. ناوەستین، تا مافی خۆمان وەردەگرین. لە کاتێکدا دەبوو دەوڵەت کۆتایی بەم ستەمە بهێنێت، کەچی لایەنگریی TPAO دەکات".
ڕەحیم بیرلیک ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی ئەوەی نەوت تێکەڵ بە ئاوەکەیان بووە، هەموویان نەخۆش کەوتوون، دەڵێت: "بە تانکەر ئاومان دەدەنێ، بەڵام کێ ئەم ئاوە دەخواتەوە؟ جلە پیسبووەکانمان کەڵەکە دەبن لەسەریەک و ناتوانین بیانشۆین. پێشتر لە هەموو شوێنێکی گوندەکەمان ئاو دەهات و لە هەموو لایەکەوە دەنگی ئاو دەهات، بەڵام ئێستا وا نەماوە. کاتێک گەڕان بە دوای نەوت دەستی پێکرد، ئاوەکە سپی دەهات، دەموچاومانمان پێ دەشوشت، بەڵام دواتر هەموومان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراین. ئێستاش ئاوی تانکەرمان دەدەنێ. ئایا بە ئاوی تانکەر گوندەکانمان هەڵدەخەڵەتێنن؟ هەموو ڕۆژێک دەچینە لای پارێزگار، هەمیشە بە وتنی 'بەم زووانە چارەسەری دەکەین' فێڵمان لێ دەکات. ناوەستین تاکوو ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت".
50 دارم وشک بوون
مەحمود باران باسی لەوە کرد کە دارەکانی بەهۆی بێ ئاوییەوە وشک بوون و وتی: "لە دۆخێکی زۆر ناخۆشداین. تامەزرۆی دڵۆپێک ئاوین. ئەمڕۆ لە گوندەکەدا کەس ئاوی نییە. نەوت تێکەڵ بە ئاو بووە و ناخورێتەوە. ئەگەر ئاوی تانکەر نەیەت، لە تینوێتیدا دەمرین. باخی هەنجیر و ترێکانمان وشک بوون. 50 دارم هەبوو، هەموویان وشک بوون. دەمەوێت داوای قەرەبوو لەم کۆمپانیایە بکەم، بەڵام توانام نییە. با ئاوەکەمان وەک جاران پاک بێتەوە، با چارەسەرێک بدۆزرێتەوە."
پێشتر هەر بە هۆی گەڕان بە دوای نەوتدا سەرچاوەکانی ئاو لە چەندین گوندی دیکەی دەوروبەری چیای گابار وشک بوون یان پیس بوون و بەم هۆیەوە گوندنشینان بە دەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ڕەز و باخەکانیشیان کە سەرچاوەی داهاتی ئەوانن وشک بوون.
تورکیا چیای گابار دەدۆشێت
پێنج ساڵە چیای گابار لە باکوری کوردستان بووەتە خێروبەرەکەت بۆ تورکیا و ڕۆژانە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا 58 هەزار بەرمیل نەوت لە 63 بیرەنەوتی ناوچەکە دەردەهێنێت.
چەند مانگێک لەمەوبەر ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس بڵاوی کردووەتەوە تورکیا لە ڕێگای دەرهێنانی نەوت لە چیای گابار پێویستیی خۆی بۆ وزە بە ڕێژەی لە 6% پڕ دەکاتەوە.
حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە وزەی دەرەکی و بۆ ئەم مەبەستەیش بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبۆوە لە ڕێگای تیشکی خۆر و باوە، بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی یەدەگی سوتەمەنیی بەبەردبوو.
چیای گابار بە ڕێژەی لە 6% پێویستی وزەی تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان پڕ دەکاتەوە و ڕۆژانە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا 58 هەزار بەرمیل نەوت لە 63 بیرەنەوت دەردەهێنێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەک موژدانەدانێک بە خەڵکی تورکیا، رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند: یەدەگێکی نوێی نەوتیان لە باکوری کوردستان دۆزیووەتەوە 66 ملیۆن بەرمیل لەخۆ دەگرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا بە تێکڕایی ژمارەی ناوچە هەڵکۆڵدراوەکان بە تایبەت لە پارێزگاکانی شرنەخ، جۆلەمێرگ و وان گەیاندووەتە 84 و گوتی: "تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە دەگەیەنینە 103".
چیای گابار بوەتە خێروبەرەکەت بۆ تورکیا
چەند مانگێک لەمەوبەر ئاڵپئارسڵان بایراکتار ڕایگەیاند: ڕۆژانە 45 هەزار بەرمیل نەوت لە 41 بیرەنەوتی چیای گابار دەردەهێنن کە خاوەن باشترین جۆری نەوتە و دەیانەوێت ژمارەی بیرەنەوتەکان بگەیەننە 95 و ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لەوێ دەربهێنن.
چیای گابار لە باکوری خۆرهەڵاتی شرنەخی باکوری کوردستان هەڵکەوتووە و ڕوباری دیجلە بە خۆرئاوا و باشوریدا تێدەپەڕێت. چیای جودی دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵات و زنجیرەچیاکانی ئەڕوح'یش دەکەونە باکورییەوە. چیاکە هەزار و 848 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
بەرپرسانی تورکیا دۆزینەوەی نەوت لە چیای گابار لە 2021 بە گەورەترین دۆزینەوەی نەوت دادەنێن لە مێژووی کۆماری تورکیا.