ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاردانی لەسەر داهاتی نانەوتی دواخست

#ئەنجومەنی دەوڵەت#داهات#نانەوتی#فیدراڵی#هەولێر#بەغداد
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەنجومەنی دەوڵەت، بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دواخست بۆ سبەینێ چوارشەممە.
Primary Asset

سبەی

ئەنجومەنی دەوڵەت، بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دواخست بۆ سبەینێ چوارشەممە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچوونی یاسایی خۆی لەسەر داهاتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەڵاڵە بکات، دوای کۆبونەوەیان بە ئامادەبوونی راوێژکارانی وەزارەتەکانی دارایی و دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەکەی بۆ سبەینێ چوارشەممە (17ـی ئەیلولی 2025) دواخست.

دادوەر کەریم خەسباک، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی کرد، بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی خۆیان لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی و داهاتی ناوخۆ و پشکی خەزێنەی فیدراڵی، ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات، بەڵام نەگەیشتنە بۆچوونی کۆتایی و بڕیارەکەیان بۆ سبەینێ دواخست.

رۆژی 14ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی دەوڵەت، نوسراوێکی فەرمیی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان پێگەیشت، بۆ خستنەڕووی بۆچوونی یاساییان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و ناوخۆ، بەتایبەتی لەسەر یاسای ئیدارەی دارایی گشتی ساڵی 2019 و ماددەی 21 لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025).

بەشدارییکردنی ئەنجومەنی دەوڵەت لەسەر داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەکان و داهاتی فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە شاندی دانوستانی هەردوولا لە چەندین کۆبونەوەی رابردوودا نەگەیشتنە داڕشتنەوەی کۆتایی بۆ ئەو پرسە و دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکات وەک ناوەندێکی راوێژکاریی یاسایی حکومی.

ئەنجومەنى دەوڵەت ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد یەکلایی دەکاتەوە؟

لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەی رابردوو (9ـی ئەیلولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە، دوای نەگەیشتنە رێککەوتن بڕیاردرا دۆسیەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت.

ئەنجومەنی دەوڵەت دەستەیەکی سەربەخۆیە و له‌ساڵى 2017 له‌ وه‌زاره‌تى دادى عێراق جيابووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ ده‌سته‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌پێى ياساى ژماره‌ 71ـى ساڵى 2017 کە ئەرکى سەرەکى یەکلایکردنەوەى پرسە یاساییە ناکۆکەکانى نێوان وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکانە.

عەبدولقادر ساڵح پسپۆڕى یاسایی بە "سبەى" راگەیاند: یەکلایکردنەوەى ئەو پرسە لەرووى یاساییەوە ئاڵۆزە، ئەوەش لەبەرئەوەى بەپێی یاسا ئەرکەکانى ئەنجومەنەکە زیاتر تایبەتە بە یەکلایکردنەوەى ناکۆکى لەسەر پرسە یاساییەکان لەنێوان وەزارەتەکان و دەستەکان، نەک دوو حکومەت، مەگەر لەیەک حاڵەتدا نەبێت کە پەیوەندیدارە بەوەى دەسەڵاتێکى باڵا داواى بۆچوونى لێبکات لەبارەى پرسێکى جێگەى ناکۆک نەک وەکو ململانێیەک لەنێوان هەرێم و بەغداد.

بەبڕواى ئەو یاساناسە، رەوانەکردنى ئەو پرسە بۆ ئەنجومەنەکە زۆر ورد نییە بەو پێیەى هەریەکە لە هەرێم و بەغداد ناکۆکن لەسەر دەقە یاساییەکانى تایبەت بە داهاتى نانەوتى.

عەبدولقادر ساڵح باسى لەوەکرد، سەرەڕاى ئەوە بڕیارى دادگاى فیدراڵى هەیە لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغداد کە کارى پێناکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرسە رەوانەى ئەنجومەنێک کراوە بۆ ئەوەى بۆچونى خۆى لەبارەیەوە دەرببرێت کە لەرووى یاساییەوە دەکرێت کارى پێبکرێت و دەکرێت کارى پێنەکرێت.

ئەو شارەزای یاساییە، پێیوایە دەکرا هەرێمى کوردستان بە پشتبەستن بە دەستور و وەک سکاڵایەک ئەو پرسەى بۆ دادگاى فیدراڵى بەرزبکردایەتەوە، کە بڕیارەکانى پابەندکەرە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان "هەرچەندە ئەمە زیاتر ململانێیەکى سیاسییە نەک دادوەریی و یاسایی، قۆڵبادانێکى سیاسییە بۆ ئەوەى بەغداد هەرێم ناچار بکات بچێتەژێر هەژمونییەوە".

بڕیارێکى ئەنجومەنەکە لەبارەى هەرێم

بەپێی بەدواداچوونى "سبەى"، لەنێوان ساڵانى 2022 تا 2024 ئەنجومەنى باڵاى دەوڵەت یەک بڕیارى لەسەر هەرێمى کوردستان دەرکردووە، ئەوەش دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق داواى لە ئەنجومەنەکە کردووە بۆچوونى خۆى بخاتەڕوو لەبارەى پشتبەستن بە بڕوانامەى دکتۆرا و نازناوى زانستى لەلایەن زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق.

ئەنجومەنەکە لە وەڵامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، فەرمانی زانکۆیی کە لەلایەن زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچن کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵییەوە دانپێدانراون یاسایین و لەتەواوى عێراق پشتیان پێدەبەسترێت.

دەشڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی ئەو بڕیارانە پەسەند دەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان دەریدەکات سەبارەت بە هاوتاکردنی بڕوانامە بۆ بەکارهێنان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەمەرجێک پابەندی ئەو ستاندارد و بنەمایانە بن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسەندی کردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی