وێنە: میدیاکان
سبەی
بایراکتار بە ئاماژەدان بەوەی لە کاتێکدا پێویستیی تورکیا بۆ وزە زیادی کردووە، هەوڵەکانیان چڕ کردوونەتەوە بۆ ئەوەی لە دابینکردنی سەرچاوەکانی وزەدا وابەستەیی بە وڵاتانی دەرەوە کەم بکەنەوە، بۆ ئەمەیش نمونەی بەوە هێنایەوە کە تورکیا سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبۆوەی لە تیشکی خۆر و با زیاتر کردوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا بە ڕێژەی لە سەدا 67 پێویستی وزە لە وڵاتانەوە هاوردە دەکەن، گوتی: "لە هەوڵداین وزەی نوێبۆوەی خۆر تاکوو 2035 لە 27 هەزار مێگاواتەوە بگەیەنینە 60 هەزار مێگاوات".
بایراکتار سەرنجی خستە سەر ئەوە کە لە ساکاریا بە ڕێژەیەک گازی سروشتی بەرهەم دەهێنن کە بەشی دوو ملیۆن و 400 ماڵ دەکات، گوتی: "دەستمان کردووە بە گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی نەوت لە شرنەخ، گابار، جۆڵەمێرگ (هەکاری) و وان (لە باکوری کوردستان)".
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار ڕایگەیاند ڕۆژانە 45 هەزار بەرمیل نەوت لە 41 بیرەنەوتی چیای گابار دەردەهێنن کە باشترین جۆری نەوتە و دەیانەوێت ژمارەی بیرەنەوتەکان بگەیەننە 95 و ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لەوێ دەربهێنن.
بایراکتار سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی تاکوو 2050 پێویستییان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆمی دەگاتە 20 هەزار مێگاوات و هەوڵ دەدەن لە ڕێگای وێستگەکانی تورکیاوە ئەم پێویستییە پڕ بکەنەوە.
تورکیا چەندین ساڵە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بۆ دابینکردنی وزە وابەستەیی بە وڵاتانی دەرەوە کەم بکاتەوە.
چیای گابار لە باکوری خۆرهەڵاتی شرنەخی باکوری کوردستان هەڵکەوتووە و ڕوباری دیجلە بە خۆرئاوا و باشوریدا تێدەپەڕێت. چیای جودی دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵات و زنجیرەچیاکانی ئەڕوح'یش دەکەونە باکوریەوە.
چیاکە هەزار و 848 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
بەرپرسانی تورکیا دۆزینەوەی نەوت لە چیای گابار لە 2021 بە گەورەترین دۆزینەوەی نەوت دادەنێن لە مێژووی کۆماری تورکیا.