بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیا، بە زمانی کوردی لەسەر درێسی یانەیەکی تۆپی پێ دەنوسرێت

#ئامەدسپۆر#درێس#دروشمی کوردی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • یانەی ئامەدسپۆر بوو بە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی تورکیادا لە خولە پیشەییەکاندا بە دروشمێکی کوردییەوە بچێتە نێو یاریگا. ئەم هەنگاوە مێژووییە کە بە ڕەزامەندیی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بووە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە.
Primary Asset

سبەی

یانەی ئامەدسپۆر بوو بە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی تورکیادا لە خولە پیشەییەکاندا بە دروشمێکی کوردییەوە بچێتە نێو یاریگا. ئەم هەنگاوە مێژووییە کە بە ڕەزامەندیی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بووە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی فەریت ئەسڵان لە "جەگا میدیا"، یانەی ئامەدسپۆر لە خولی پلە یەکی ترێندیۆڵدا کێبڕکێ لەسەر سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ دەکات، لە یارییەکەیدا بەرامبەر پەندیکسپۆر، لەژێر لۆگۆی سپۆنسەرە نوێیەکەی، کۆمپانیای "تەزگێل کۆم"، دروشمی "کۆما مە بۆنا وە" (کە بە واتای "گرووپەکەمان بۆ ئێوەیە" دێت) لەسەر درێسی یاریزانانی ئامەدسپۆر نووسراوە.

بەم شێوەیە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولە پیشەییەکانی تورکیادا، دروشمێکی کوردی بە فەرمی لەسەر درێسی یانەیەک جێگیر کرا.

ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی دێرینی شارەکە

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات یانە سەوز و سوور پۆشەکەی ئامەدسپۆر، دوای چوار یاریی بێ سپۆنسەر، دواجار ڕێککەوتنێکی گرنگی لەگەڵ زنجیرە مارکێتەکانی "تەزگێل کۆم" واژۆ کرد، کە یەکێکە لە بڕاندە دێرین و ناسراوەکانی شاری ئامەد.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، یانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا بۆ وەرزی نوێ گرێبەستێکی لەگەڵ تێزگەل کۆم واژوو کردووە و بەم جۆرە لەبەرامبەر دانانی لۆگۆی مارکێتەکە لەسەر درێسی یاریزانەکان، تێزگەل کۆم سپۆنسەری درێسەکان دەکات و بۆ یانەکە دابینیان دەکات. 

ئامەدسپۆر 

یانەی چالاکییە وەرزشییەکانی ئامەد (ئامەدسپۆر) لە 1972 بە ناوی مەلیکائەحمەد تورناسپۆر بە سپۆنسەرکردنی لەلایەن کۆمپانیای توران بۆ بەرهەمهێنانی گازۆز دامەزرا.

دوای نەمانی سپۆنسەر لە 1985 ناوی یانەکە گۆڕا بۆ مەلیکائەحمەد سپۆر و لە 1990 شارەوانیی ئامەد بوو بە خاوەنی یانەکە و ناوەکەی بۆ یانەی شارەوانیی دیاربەکر گۆڕی، دوای شەش جار لە ناو گۆڕینی لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2014 ناوی یانەکە کرا بە ئامەدسپۆر.

دوای دورخستنەوەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد و دانانی جومالی ئاتیلا بە قەییوم، ناوبراو ڕایگەیاند،" ئەگەر یانەکە ناوی خۆی نەکاتەوە بە دیاربەکرسپۆر ئەوا لە ڕوی دارایییەوە هاوکاری ناکەن. لای خۆیشیەوە یانەکە ڕەتی کردەوە ناوە کوردییەکەی بگۆڕێت".

بە هۆی هەڵوێستەکانی یانەکە و خۆشەویستی لە دڵی هاندەرانی کورددا، یانەکە تا ئێستا دوچاری چەندین گوشار بوەتەوە.

لە ئاداری 2023، بەر لە دەستپێکردنی یاریی تۆپی پێ لە نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە بورسا یاریزان و هاندەرانی بورساسپۆر بە گوتنەوەی چەندین دروشمی 'نەژادپەرستی' سوکایەتییان بە یاریزانان و هاندەرانی ئامەدسپۆر کرد. 

دواتر بە بەرچاوی پۆلیسەوە پەلاماری یاریزانانی ئامەدسپۆر درا و وێنەی مەحمود یڵدرم کە یەکێک بووە لە کارمەندانی ژیتەم و بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە نەوەدەکان دەستی هەبووە لە 'کوشتنی' هەزاران کورد و وێنەی تۆرۆسی سپی کە ژیتەم بۆ 'ڕفاندنی خەڵک' بەکاری دەهێنا بەرز کرایەوە.

دوای زیادبونی کاردانەوەکان بەرامبەر پەلامارەکە، چەند کەسێک دەستگیر کران و چەند بەرپرسێکی ئەمنییش لە کارەکانیان دور خرانەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی