ژمارەیەک تانکی ئیسرائیل لە غەززە
سبەی
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئەیلوولی 2025)، بۆ یەکەمجار سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی داگیرکردنی زەمینی شاری غەززەی راگەیاند.
ئەمڕۆ ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی عەرەبی سوپای ئیسرائیل، بۆ یەکەمجار داگیرکردنی زەمینی شاری غەززە راگەیاند.
سەبارەت بە دانیشتوانی شاری غەززە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هەموو دانیشتوانی شاری غەززە کرد دەستبەجێ شارەکە جێبهێڵن، چونکە ئیتر شارەکە دەبێتە ناوچەیەکی مەترسیداری شەڕ.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییە فەلەستینییەکان، ئەمڕۆ تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی شاری غەززە بینراون. لە ماوەی دوو ساڵی شەڕدا، ئەوە بۆ یەکەمجارە سوپای ئیسرائیل لە رێگەی زەمینییەوە خۆی بگەیەنێت بە ناوەڕاستی شاری غەززە.
سەبارەت بە چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر شاری غەززە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە رایگەیاند، "شاری غەززە دەسوتێت. سوپای ئیسرائیل بە مستی ئاسنین هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی حەماس."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل لە ئەو ئەرکەی کە داگیرکردنی شاری غەززەیە ناکشێتەوە هەتا بە سەرکەتوویی ئەوەی بۆی رۆشتووە جێبەجێی نەکات.
دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکان و یەکسانکردنی باڵەخانە بەرزەکانی شاری غەززە لەگەڵ زەوی، بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە رێگەی زەمینییەوە گەیشتووەتە ناو شاری غەززە.
بەپێی راپۆرتەکانی سوپای ئیسرائل، تا ئیستا لە کۆی یەک ملیۆن لە دانیشتوانی غەززە، 300 هەزار کەس شارەکەیان جێهێشتووە و نزیکەی 700 هەزار کەس تا ئێستا لە شارەکەدا ماون.
سوپای ئیسرائیل لە هەوڵدایە هاوشێوەی رەفەح، دانیشتوانی شاری غەززە شارەکە چۆڵبکەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی گیانیان.
هەرچەندە سەرەتا ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، هاوڕا نەبوو لەگەڵ کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر داگیرکردنی غەززە، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی رەتکردەوە و لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو، ئێستا سەرپەرشتی داگیرکردنی شاری غەززە دەکات، لە هەوڵدایە کەمترین زیان بە بارمتەکان بگات.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، حەماس بارمتەکانی لە تونێلەکاندا جووڵە پێکردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنێت.
لە بڵاوکراوەکەیدا ترەمپ هۆشداریی بە سەرکردەکانی حەماس دەدات کە بارمتەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارنەهێنن.