مووچە و نەوت و داهاتى نانەوتى؛ وردەکاریی دوو کۆبوونەوە لە بەغداد و هەولێر

#هەرێم#عێراق#ئەنجومەنى دەوڵەت#مووچە#نەوت#داهاتى نانەوتى
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، لەناویاندا هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتى نانەوتی و پرسی مووچەى فەرمانبەران.
  • چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ئەنجومەنى دەوڵەت لە عێراق بۆچوونی یاسایی خۆی لەسەر داهاتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەڵاڵە بکات
Primary Asset

سبەى

بڕیارە ئەمڕۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان پرسەکانى پەیوەست بە نەوت و مووچە تاوتوێ بکات، لەبەغدادیش ئەنجومەنى دەوڵەت کۆدەبێتەوە بۆ گەڵاڵەکردنى بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێم، لەسەر داواى حکومەتى عێراق.

حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، لەناویاندا هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتى نانەوتی و پرسی مووچەى فەرمانبەران، ئەوەش بەپێی کارنامەى کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە.

هەر ئەمڕۆ چاوەڕواندەکرێت ئەنجومەنى دەوڵەت لە عێراق بۆچوونی یاسایی خۆی لەسەر داهاتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەڵاڵە بکات، ئەوەش دواى ئەوەى لە کۆبوونەوەى دوێنیدا لەو بارەیەوە نەگەیشتە ئەنجام.

رۆژی 14ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی دەوڵەت، نوسراوێکی فەرمیی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان پێگەیشت، بۆ خستنەڕووی بۆچوونی یاساییان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و ناوخۆ، بەتایبەتی لەسەر یاسای ئیدارەی دارایی گشتی ساڵی 2019 و ماددەی 21 لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025).

بەشدارییکردنی ئەنجومەنی دەوڵەت لەسەر داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەکان و داهاتی فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە شاندی دانوستانی هەردوولا لە چەندین کۆبونەوەی رابردوودا نەگەیشتنە داڕشتنەوەی کۆتایی بۆ ئەو پرسە و دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکات وەک ناوەندێکی راوێژکاریی یاسایی حکومی.

کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان و بەغداد دواى رۆژێک دێن لە بڕیارەکانى حکومەتى عێراق لەبارەى دۆسیەى نەوتى هەرێم و رێککەوتنى سێ قۆڵى لەو بارەیەوە.

دواى تەواوکردنى پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆ و ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵییەى پێشنیازکراوە لەو بارەیەوە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەى رۆژى 16ى ئەیلول پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى تاوتوێکرد و بەشێوەیەکى سەرەتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى لەو بارەیەوە پەسەندکرد و رەوانەى لیژنەى راوێژکارى وەزارەتى نەوتى کرد بۆ ئەوەى لە 48 کاتژمێردا بۆچوونى خۆى لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.

لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانى عێراق نامەیەکى هەرێمى کوردستانى خستووەتەڕوو کە تێیدا ئامادەیی نیشانداوە بۆ رادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ، ئەوەش بەوتەى هەڵۆ عەسکەرى وەزیرى ژینگەى حکومەتى عێراق کە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند.

هێشتا حکومەتى عێراق بەفەرمى ناوەڕۆکى رێککەوتنى سێ قۆڵى ئاشکرانەکردووەو دیاریش نییە چۆن نیگەرانى کۆمپانیاکان رەوێندراوەتەوە تێیدا لەبارەى پەنابردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان نەک عێراقییەکان لەکاتى دروستبوونى ناکۆکى لەداهاتوودا.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەکرد، پڕۆسەکە ئاڵۆزە و رێککەوتنى لەو شێوەیە ئەگەرچى هێشتا پەسەندنەکراوە واژۆش بکرێت تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێککەوتنى نوێ بکرێت.

جەختیشیکردەوە، سۆمۆ هەموو ئامادەکارییەکانى بۆ وەرگرتنى نەوتى هەرێم تەواو کردووە و لە سنورى زاخۆ تیمى تایبەتى هەیە بۆ وەرگرتنى نەوت و رەوانەکردنى بۆ بەندەرى جەیهان.

بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان کە ئێستا بە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل دەخەمڵێنرێت، لە 60%ى لەلایەن گروپى ئەپیکۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت کە هەشت کۆمپانیاى بیانى لەخۆ دەگرێت، ئەوەى کە دەمێنێتەوە 40%ى کۆى بەرهەمى نەوت پێکدەهێنێت لەلایەن پێنج کۆمپانیاى دیکەوە بەرهەمدەهێنرێت.

سەرچاوەکان دوو پێشنیازى رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە ئاشکرادەکەن کە یەکەمیان بریتییە لەوەى پشکی حکومەتی هەرێم لەو نەوتە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، یان بۆ هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی عێراق، سەربارى تەرخانکردنى 50 هەزار بەرمیلى رۆژانە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. 

بەپێى پێشنیازەکەى دیکە، حکومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە لە دەرەوەی ئەپیکۆر بەڕێوەدەبرێن ڕادەست دەکات. واتە نەوتی شەش کێڵگە، لەوانە خورمەڵە و چەند کێڵگەیەکی بچووکتر وەک هەریر، گەرمیان.

سەبارەت بە تێچووى کۆمپانیاکان، بەغداد رازیبووە بە نەوت قەرەبووی کۆمپانیاکان بکاتەوە نەک پارەی کاش، بەڵام دیار نییە پێوەرەکان بۆ هەژمارکردنى 16 دۆلارى تێچووى بەرهەمهێنان، لەسەر بنەمای نرخە نێودەوڵەتییەکان دەبێت یان نرخی کەمتر کە ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا پێی دەفرۆشن (نزیکەی ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).

سەرچاوە ئاگادارەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق وتى لە ئەگەرى رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر ئەو پرسە، پێویستە نرخەکان دیارى بکرێن، بۆ دیاریکردنى پشکى کۆمپانیاکان لەو نەوتەى هەناردە دەکرێت.

تا ئێستا دیار نییە گروپى ئەپیکۆر کە پێشتر جەختى لە رێککەوتنى نوسراو دەکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت ئامادەیە نەوت رادەستى سۆمۆ بکات یاخود نا، تەنها وتەبێژى گروپەکە جەختیکردووەتەوە کە لەبرى پارەى کاش تێچووى بەرهەمهێنان بە نەوت وەردەگرن.

بەوتەى عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، عێراق رازیبووە کە 40%ى نەوتى بەرهەمهێنراو لە کۆمپانیاکان بکڕێتەوە و دواتر هەناردەى بکات، لاریشى نییە لەوەى 50 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتن بدرێتە پاڵاوگەکانى کار و لاناس، بۆیە هیچ بیانویەک نەماوەتەوە بۆ رادەستنەکردنى نەوت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی