ساڵێک دواى تەقاندنەوەی پەیجەرەکان؛ ئەو رووداوەى ژیانى هەزاران کەسى بۆ هەتا هەتایە گۆڕى

#پەیجەر#لوبنان#حیزبوڵڵا#ئیسرائیل
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ساڵێک بەر لە ئێستا و لە 17ـی ئەیلوولی 2024، لە یەک کاتدا هەزاران ئامێری پەیوەندییکردنی پەیجەر کە چەکدارانی حیزبوڵڵا بەکاریان دەهێنا تەقینەوە
Primary Asset

سبەی

ساڵێک بەسەر تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە تێدەپەڕێت. تەقاندنەوەی پەیجەرەکان بووە هۆی سەرەوژێر کردنی ژیانی هەزاران کەس لە نێویاندا ژنان و منداڵان. تاوانی بەشێک لە قوربانییەکان تەنها نزیکییان بووە لە ئەندامان و چەکدارانی حیزبوڵڵا.

ساڵێک بەر لە ئێستا و لە 17ـی ئەیلوولی 2024، لە یەک کاتدا هەزاران ئامێری پەیوەندییکردنی پەیجەر کە چەکدارانی حیزبوڵڵا بەکاریان دەهێنا تەقینەوە.

تەقاندەوەی پەیجەرەکان بووە هۆی برینداربوونی سەختی نزیکەی 3 هەزار و 400 کەس و کوژرانی 39 کەس، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی حیزبوڵلا و وەزارەتی تەندروستی لوبنان، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان زۆر زیاتر بێت لەو ژمارەی بڵاوکراوەتەوە.

چیرۆکەکانی دوای تەقاندنەوەی پەیجەرەکان

زەینەب موستەراحی تەمەن 27 ساڵان، یەکێکە لە قوربانییان و قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێت: "کەسێکی نزیکمان خاوەنی پەیجەرەکە بوو، لەو کاتەدا لە ماڵی ئێمە بوو، دوای ئەوەى دەنگێکى لێوە هاتووە پەیجەرەکە تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی برینداربوونی دەموچاو و دەستێکم."

زەینەب موستەراحی تەمەن 27 ساڵان

دوای تەقینەوەی پەیجەرەکە ژنە 27 ساڵانەکە 14 نەشتەرگریی بۆ کراوە، ژمارەیەک لە نەشتەرگەرییەکان لە ئێران بۆی ئەنجامدراوە، سەرەڕای ئەوەش هێشتا پێویستی بە 7 نەشتەرگەریی جوانکاریی دیکە هەیە.

دەستی زەینەب موستەراح

جگە لە دەموچاوی، ژنە 27 ساڵانەکە، ژمارەیەک پەنجەی دەستی لەدەستداوە، هەروەها 90%ـی توانای بینینی لە دەستداوە. 

محەمەد نەسرەدینی 34 ساڵان، لە ئەو کاتەی پەیجەرەکان تەقیونەتەوە بەڕێوبەری دەرمانخانە و لە بەشی ئەندازیاری نەخۆشخانەی رەسولی ئەعزەم بووە، کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە حیزبوڵڵا بووە.

محەمەد نەسرەدینی 34 ساڵان

محەمەد پەیجەری هەبووە و بەکارهێنەری بووە. بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەکەیەوە لە 17ـی ئەیلوولی 2024، چاوی چەپ و پەنجەکانی دەستی چەپی لە دەستداوە. بۆ ماوەی دوو هەفتە لە کۆمادا بووە.

وێنەی ژمارەیەکی دیکە لە قوربانیانی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان

 

پەنجەی محەمەد نەسرەدین

وەک خۆی باسی لێوە دەکات، دوای تەقینەوەکە نەگریاوە تا ئەو کاتەی منداڵەکەی بینیوە.

وێنەی ژمارەیەکی دیکە لە قوربانییانی پەیجەرەکان

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی