سبەی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات هەنگاوی باشی بڕیووە و گەیشتووەتە قۆناغی چارەسەری یاسایی، هیواشی خواست ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانی وەک قۆناغی ڕاگوزەر لێک بدرێتەوە و ئاماژەیەک بێت بۆ کرانەوەی دەرگا بە ڕووی داڕشتنەوەی یاساکان بە شێوەیەکی دیموکراتییانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 20225 تیمی پارێزەرانی ئۆجەلان کە بە "نووسینگەی یاسایی سەدە" ناسراوە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی پێرێیان بۆ لای ئۆجەلان و هاوزیندانییەکانی لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە ماوەی شەش ساڵ بوو ڕێگە بە پارێزەرەکانی نەدەدرا سەردانی ئۆجەلان بکەن و لەو دیدارەدا تیمەکە زانیاریی وردیان داوە بە ئۆجەلان لەبارەی دۆخی یاساییی ئۆجەلان و ئەو سکاڵایانەی لەسەر میکانیزمە دادوەری و ناوخۆییەکان تۆمار کراون.
تیمی پارێزەران ئاماژە بەوە دەدەن بۆچوون و پێشنیازەکانی ئۆجەلانیان وەرگرتوون و ئۆجەلان پێداگیرە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی و دەڵێن: "ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا کە دەوڵەتی ئاسایی داڕشتنەوەی یاساکانمان بە شێوەی دیموکراتییانە لێ دەخوازێت و یەکێکە لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پرۆسەکەش".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات هەنگاوی باشی بڕیووە و گەیشتووەتە قۆناغی چارەسەریی یاسایی و تیایدا هاتووە: "(ئۆجەلان) ئاماژەی بەوە داوە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کورد وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی یاسا هێڵراوەتەوە و ئەوەی هەوڵی تێپەڕاندنیشی دەدەین هەر ئەمەیە".
قۆناغی چارەسەریی یاسایی
لەو دیدارەدا ئۆجەلان باسی لەوە کردووە خۆی لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیدا، پێداگیرە لەسەر ژیانی هاوبەش و خاوەنی پڕۆژەی کۆماری دیموکراتیکە "لەم چوارچێوەیەدا، پرسی کورد چەندین ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریی هەیە و لەم قۆناغەدا پێویستی بە چارەسەری یاسایی هەیە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای خواستووە ئەنجامدانی ئەم دیدارە لەگەڵ پارێزەرەکانی وەک قۆناغی ڕاگوزەر لێک بدرێتەوە و ئاماژەیەک بێت بۆ کرانەوەی دەرگا بە ڕووی داڕشتنەوەی یاساکان بە شێوەیەکی دیموکراتییانە.
جەختکردنەوە لەسەر "مافی هیوا"
تیمی پارێزەرانی ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدەن نیشاندانی هەڵوێستێک کە هاوتای ڕۆڵ و پێگەی ئۆجەلان بێت، بەرپرسیارێتیی سەرەکیی هەموو ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە و دەڵێن: "ئێستا جارێکی دیکە 'مافی هیوا' لە لیژنەی وەزیرانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هاتووەتەوە بەرباس، ئەمە کێشەیەکی بنەڕەتیی یاسای تورکیایە و هەنگاونانی ئەرێنی لەم بارەیەوە، دەبێتە دەسپێک بۆ داڕشتنەوەی یاساکان بە شێوەیەکی دیموکراتییانە".
تیمی پارێزەران باس لەوە دەکەن ئۆجەلان سڵاوی لەو کەسانە کردووە لێی دەپرسن، باوەڕیان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات هەیە و بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەوڵ دەدەن بەتایبەتیس زیندانییە سیاسییەکان.