ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا گەیشتووەتە 265 هەزار بەرمیل نەوت
سبەى
رێککەوتنى پێشنیازکراوى سێ قۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، 75%ى نەوتى هەرێم دەکاتە پشکى سۆمۆ، لەبەرانبەر کەمتر لە 20%ى بۆ کۆمپانیاکان و 4-5%ى بۆ خەرجى گواستنەوە، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم لە کێڵگەى خورمەڵە دابین بکرێت.
دواى تەواوکردنى پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆ و ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵییەى پێشنیازکراوە لەو بارەیەوە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەى رۆژى 16ى ئەیلول پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى تاوتوێکرد و بەشێوەیەکى سەرەتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى لەو بارەیەوە پەسەندکرد و رەوانەى لیژنەى راوێژکارى وەزارەتى نەوتى کرد بۆ ئەوەى لە 48 کاتژمێردا بۆچوونى خۆى لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.
دوو مانگ
یادگار سدیق، سەرۆكی ڕێكخراوی (ڕوونبین) بۆ شەفافییەت لە بواری بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز بە "سبەى" راگەیاند، بەشێوەیەکى کاتى و بۆ ماوەى دوو مانگ لەدواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەوە کار بە 16 دۆلار دەکرێت وەک تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
وتيشى گواستنەوەى هێڵى بۆرییەکان لەلایەن کۆمپانیاى تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت چ لە هەرێم یان لە تورکیا، واتە تێچووى گواستنەوە لەو 16 دۆلارە دەردەکرێت و دەدرێت بە کۆمپانیا تایبەتەکان. تێچووى گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت بەشێوەیەکى گشتى لەنێوان 3 بۆ 5 دۆلاردایە،
ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا گەیشتووەتە 265 هەزار بەرمیل نەوت، بەپێی رێککەوتنەکە لەو بڕە 50 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دەبێت، واتە 215 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە.
هەموو کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان یەک جۆر گرێبەستیان هەیە کە جۆرى هاوبەشە، جگە لە خورمەڵە کە گرێبەستى خزمەتگوزارییە و هاوشێوەى عێراقە و تێچووەکەى بەراورد بە کێڵگەکانى تر زۆر کەمترە.
پێشبینى دەکرێت ئەو بڕەى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دیاریدەکرێت لەکێڵگەى خورمەڵەوە بێت چونکە تێچووەکەى لەسەر حکومەت کەمە، ئەوەش بەوتەى یادگار سدیق.
کێ براوەیە؟
دیاریکردنى نرخێکى دیاریکراو بۆ نەوت بەپێی گرێبەست نەوتییەکانى هەرێم لەگەڵ گرێبەستەکان ناگونجێت، بەو پێیەى بەپێی گرێبەستەکان تا نرخى نەوت بەرزبێتەوە پشکى کۆمپانیاکان زیاد دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
یادگار سدیق دەڵێت، بەم نرخەى ئێستا و بەو بڕەى ئێستا بەرهەمدەهێنرێت، نزیکەى 54-55 هەزار بەرمیلى بۆ خەرجى گواستنەوەو و کۆمپانیا نەوتییەکان دەڕوات، 160-161 هەزار بەرمیلى سۆمۆ بە نرخى جیهانى دەیفرۆشێت، بەشێوەیەکى گشتى بەو نرخەى ئێستا سۆمۆ نەوتى پێ دەفرۆشێت کەمتر 20%ى نەوت بۆ کۆمپانیاکان دەبێت، 4-5% بۆ خەرجى گواستنەوە دەبێت، 75%ى بۆ سۆمۆ دەبێت.
باسى لەوەشکرد، بەپێی نرخى نەوت پشکى کۆمپانیاکان بەرزو نزم دەکات تا ئەو کاتەى کۆمپانایەکى وود مەکەنزى تێچووى راستەقینە دیاریدەکات بەپێی گرێبەستەکان
"ئەگەر دوای دیاریکردنی تێچووی حەقیقی نەوتی هەرێم، عێراق پابەندبێت بە پێدانی تێچووەکە ئەوا کۆمپانیاکان بەپلەى یەک براوەدەبن و شایستەکانیان زیاد و مسۆگەر دەبێت، جۆرێکیشە لەدان نان بە گرێبەستەکانیادا، ئەگەر چی دادگا دانی پێداناوە. بەغدا لەرووی داراییەوە زۆر سودمەند نابێت بەڵام لەڕووی کۆنترۆڵی فرۆش و بازاڕی نەوتەوە سوودمەند دەبێت، هەروەها هەرێم کێشەی موچەی لەسەر شان لا دەچێت و ئیدارەی کێڵگەکانیشی لە دەستدایە"، ئەوەش بەوتەى ئەو شارەزایە.
لەگەڵ ئەوەى عێراق و هەرێم هیوایان لەسەر واژۆى کۆتایی لەسەر ئەو رێککەوتنە هەڵچنیوە، هێشتا دیار نییە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت کە زیاترە لە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار کێ دەیداتەوە هەولێر یان بەغداد.
پرۆسەیەکى ئاڵۆز
هێشتا حکومەتى عێراق بەفەرمى ناوەڕۆکى رێککەوتنى سێ قۆڵى ئاشکرانەکردووەو دیاریش نییە چۆن نیگەرانى کۆمپانیاکان رەوێندراوەتەوە تێیدا لەبارەى پەنابردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان نەک عێراقییەکان لەکاتى دروستبوونى ناکۆکى لەداهاتوودا.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەکرد، پڕۆسەکە ئاڵۆزە و رێککەوتنى لەو شێوەیە ئەگەرچى هێشتا پەسەندنەکراوە واژۆش بکرێت تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێککەوتنى نوێ بکرێت.
جەختیشیکردەوە، سۆمۆ هەموو ئامادەکارییەکانى بۆ وەرگرتنى نەوتى هەرێم تەواو کردووە و لە سنورى زاخۆ تیمى تایبەتى هەیە بۆ وەرگرتنى نەوت و رەوانەکردنى بۆ بەندەرى جەیهان.
بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان، لە 60%ى لەلایەن گروپى ئەپیکۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت کە هەشت کۆمپانیاى بیانى لەخۆ دەگرێت، ئەوەى کە دەمێنێتەوە 40%ى کۆى بەرهەمى نەوت پێکدەهێنێت لەلایەن پێنج کۆمپانیاى دیکەوە بەرهەمدەهێنرێت.
دوو پێشنیاز
سەرچاوەکان دوو پێشنیازى رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە ئاشکرادەکەن کە یەکەمیان بریتییە لەوەى پشکی حکومەتی هەرێم لەو نەوتە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، یان بۆ هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی عێراق، سەربارى تەرخانکردنى 50 هەزار بەرمیلى رۆژانە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
بەپێى پێشنیازەکەى دیکە، حکومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە لە دەرەوەی ئەپیکۆر بەڕێوەدەبرێن ڕادەست دەکات. واتە نەوتی شەش کێڵگە، لەوانە خورمەڵە و چەند کێڵگەیەکی بچووکتر وەک هەریر، گەرمیان.
سەبارەت بە تێچووى کۆمپانیاکان، بەغداد رازیبووە بە نەوت قەرەبووی کۆمپانیاکان بکاتەوە نەک پارەی کاش، بەڵام دیار نییە پێوەرەکان بۆ هەژمارکردنى 16 دۆلارى تێچووى بەرهەمهێنان، لەسەر بنەمای نرخە نێودەوڵەتییەکان دەبێت یان نرخی کەمتر کە ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا پێی دەفرۆشن (نزیکەی ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).
سەرچاوە ئاگادارەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق وتى لە ئەگەرى رێککەوتنى تەواوەتى لەسەر ئەو پرسە، پێویستە نرخەکان دیارى بکرێن، بۆ دیاریکردنى پشکى کۆمپانیاکان لەو نەوتەى هەناردە دەکرێت.
تا ئێستا دیار نییە گروپى ئەپیکۆر کە پێشتر جەختى لە رێککەوتنى نوسراو دەکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت ئامادەیە نەوت رادەستى سۆمۆ بکات یاخود نا، تەنها وتەبێژى گروپەکە جەختیکردووەتەوە کە لەبرى پارەى کاش تێچووى بەرهەمهێنان بە نەوت وەردەگرن.
بەوتەى عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، عێراق رازیبووە کە 40%ى نەوتى بەرهەمهێنراو لە کۆمپانیاکان بکڕێتەوە و دواتر هەناردەى بکات، لاریشى نییە لەوەى 50 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتن بدرێتە پاڵاوگەکانى کار و لاناس، بۆیە هیچ بیانویەک نەماوەتەوە بۆ رادەستنەکردنى نەوت.