سبەی
هاوکات لەگەڵ چۆڵکردنی شارەکە، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرا دەکات، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی خەریکی دروستکردنی تونێلی نوێیە، تەنها لەناو شار غەززە نزیکەی 7500 چەکداری حەماس و جیهاد هەن و هێشتا حەماس کەسانی نوی دەباتە ریزەکانییەوە و چەکداریان دەکات.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەر بە تەواوەتی گەمارۆی شاری غەززە لە باکوری کەرتی غەززە دەدات، لەبەرامبەردا حەماسیش خۆی بۆ شەڕێکی یەکلاکەرەوە ئامادە دەکات و هێزی خۆی بونیات دەنێتەوە.
رۆژنامەکە پشتبەستن بە بەشی توێژینەوەی هەواڵگریی سەربازی بڵاوی کردوەتەوە، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەر و یەک رۆژی پێش ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سوپا بە تەواوەتی گەمارۆی شاری غەززە دەدات، پڕۆسەکەش لە قۆناغی یەکەمدا چۆڵکردنی شارەکەیە لە دانیشتوانەکەی و دواتر گەمارۆدانی بە تەواوەتی و پاشان دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی چڕ بۆ دەستبەسەرداگرتنی.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی شاری غەززە "قەڵای سەرەکیی بزوتنەوەی حەماس" هێشتا دەستی پێنەکردووە، دوای چۆڵکردنی لە دانیشتوانەکەی سەرەتا بە هێرشی قورسی ئاسمانی و مووشەکی دەستیپێکردووە، دواتر هێرشی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەکرێت ئەو پرۆسەیەش چەند مانگێک بخایەنێت.
یەدیحۆت ئەحرەنوت، بڵاوی کردوەتەوە ووردەکاریی پڕۆسەکە زۆر بە نهێنی بەڕێوەدەچێت. رۆژی چوارشەممە (17ـی ئەیلولی 2025) زانیاریی و ناوەڕۆکی پلانەکە خراوەتە بەردەستی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری کنێست.
سەرچاوەکە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەواڵگریی سەربازی بڵاوی کردووەتەوە، مەزەندە دەکرێت لایەنی کەم 7500 چەکداری حەماس و جیهاد (5000 حەماس و 2500 جیهادی ئیسلامی) لەناو شاری غەززەی گەمارۆدراودا بن، کە بەقەڵای بەرگریی حەماس دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت سەرجەم بارمتەکانی ئیسرائیل لە تونێلەکانی ئەو شارەدا بن.
بەپێی رۆژنامەکە، حەماس دەستی بە چەکدارکردنی خەڵکی نوێ کردووە، بەردەوامە لە هەڵکەندن و لێدانی تونێلی نوێ، لێکۆڵینەوە لە شەڕەکانی پێشووی دەکات، تەقەمەنی نوێ ئامادە دەکات و خۆی بۆ شەڕێکی قورس و یەکلاکەرەوە ئامادە دەکات لە شاری غەززە و باکوری کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە
سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە دەستی بە كێوماڵكردنی شارەكە كردووە. لەگەڵ گەیشتنی سوپای ئیسرائیل بۆ شارەكە، هەزاران كەس لە دانیشتوانی غەززە لە هەوڵدان شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەرچوون لە شارەكە ئەستەم بووە.
رۆژی سێشەممە (16ـی ئەیلوولی 2025)، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رۆشتنە ناو شاری غەززە راگەیاند.
لەو کاتەوە هەزاران هاوڵاتیی شاری غەززە لە هەوڵدان شارەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگاكانی دەرچوون لە شارەكە گیراون.
هەرچەندە لە (9ـی ئەیلوولی 2025)ـەوە ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتوانی شاری غەززەی كردەوە شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی بە دەم بانگەوازەكەی ئیسرائیلەوە نەچوون، ئێستا بە شێوەیەكی ئەستەم و بە پارەیەكی زۆر شارەكەیان بەجێدەهێڵن.
هەرچەندە هێشتا سەدان هەزار هاوڵاتیی لە شارەكە گیریان خواردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی باڵەخانە و تونێلەكانی حەماس.
بەپێی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل 50 ئامانجیان لە شارەكە پێكاوە، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا كۆی گشتی 140 ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجگیراون.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی، بەهۆی گران كرێی گواستنەوەوە ژمارەیەك لە دانیشتوانی غەززە ناتوانن شارەكە بەجێبهێڵن.
وەك لە راپۆرتەكەی بی بی سی-دا هاتووە، كرێی بارهەڵگرێكی بچووك بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و ماڵی كەسێك لە شاری غەززەوە بۆ دەرەوەی شارەكە نزیكەی 900 دۆلارە، هەروەها خێمەیەك بۆ چوار كەس بە زیاتر لە 1000 دۆلار دەفرۆشرێت.
بەپێی راپۆرتی رۆژی سێشەممەی سوپای ئیسرائیل، لە كۆی یەك ملیۆن لە دانیشتوانی غەززە، 350 هەزار كەس شارەكەیان جێهێشتووە و نزیكەی 650 هەزار كەس لە شارەكەدا ماون.