پەرلەمانى عێراق لەبەردەم داخستندا؛ مووچەى پەرلەمانتاران 400 ملیار دینار تێدەپەڕێنێت

#پەرلەمانى عێراق
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 149 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
Primary Asset

کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر 329 پەرلەمانتارەکە زیاتر لە 426 ملیار دینارە

سبەى

پەرلەمانى عێراق لەم خولەیدا شکستیهێناوە لە ئەنجامدانى 100 کۆبوونەوە کە 12 یان لە 11 مانگى رابردوودا بووە، لەکاتێکدا مووچە و شایستەى دارایی پەرلەمانتاران بۆ ئەو ماوەیە زیاتر لە 122 ملیار دینار بووە و شایستەى ساڵانەش 400 ملیار دینارى تێپەڕاندووە.

بەهۆى ئەو رۆڵە لاوازەوە، پێدەچێت ئەم مانگە ویلایەتى خولى پێنجەمى پەرلەمان کۆتایی بێت، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامى شکستهێنانى پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانى، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.

یاسر حسەینى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێیوایە، ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەى یاسا گرنگەکان هۆکارى پەکخستنى پەرلەمانە، لەناویاندا یاساکانى تایبەت بە وەبەرهێنانى سعودیە لە عێراق، سەربارى سەرقاڵبوونى پەرلەمانتاران بە کاروبارى تایبەت بە هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەم بەرێوەبچێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا بە "ئەرکێکی نیشتمانی کە ناتوانرێت دوابخرێت" دادەنێت، ئەوەش دوای شکستی ئەنجامدانى دوو کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەک.

سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمان کارنامەی کۆبوونەوەکانى دووشەممە و سێشەممەی ڕابردووی بڵاوکردەوە، کە کۆمەڵێک یاسای لەخۆگرتبوو کە بە گرنگ وەسفکرابوون.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا رایگەیاند، لەکۆى 130 پەرلەمانتار کە واژۆیان لەسەر بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە کردووە، 50 پەرلەمانتار چونەتە هۆڵى کۆبوونەوەوە.

مووچەی تەواو بەبێ لێبڕین

مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو پەرلەمان سزاى دارایی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دیاریکرد کە لە دانیشتنەکاندا ئامادەنەبوون. بڕیاربوو لە مووچەی هەر پەرلەمانتارێکی ئامادەنەبوو یەک ملیۆن دینار ببڕدرێت، لەکاتێکدا ژمارەی ئامادەنەبووان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ پەرلەمانتاردا بوو بۆ هەر کۆبوونەوەیەک.

بەڵام پێدەچێت پەرلەمانتاران ڕێگەیەکیان بۆ ئەو سزایە دۆزیبێتەوە، واژۆى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان دەکەن و لە کافتریای پەرلەمان دادەنیشن بەبێ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن، بەمەش خۆیان لە بڕینى مووچە بەدوور دەگرن.

محەمەد زیادی، ئەندامی پەرلەمان وتى "ئێمە خوێندکاری قوتابخانە نین، پەرلەمانتار دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت بە بایکۆتکردن و بەشدارینەکردن لە دانیشتنەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە پەرلەمان ئامادە بێت".

هەر خولێکى پەرلەمان لە چوار ساڵی یاسادانان پێکدێت، هەریەکەیان بەسەر دوو وەرزدا دابەشکراوە، لەگەڵ پشووی چوار مانگ.

یاسر حوسێنی پەرلەمانتار دەڵێت "دورخستنەوەى ئامادەنەبووان نەک تەنها بڕینی مووچەکەیان، رێگری دەکات لەوەی ئەوانی دیکە ئامادەنەبن. لەکاتێکدا لە ڕووی دەستوورییەوە بڕیارە لە 8ی 1ی 2026 ماوەی پەرلەمان کۆتایی پێبێت".

پەرلەمانى عێراق دوای هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی سێ مانگ نەیتوانى کۆبێتەوە.

تا ئێستا پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 149 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

ئەمەش بەو مانایەیە کە پەرلەمان ماوەی 14مانگ پەکیکەوتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا مووچە و خەرجییەکانی تەواوی وەرگرتووە بە کۆی گشتی زیاتر لە ١٢٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار.

هەر پەرلەمانتارێک مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی 16 ملیۆن دینار وەک بۆ پاسەوان و 3 ملیۆن دینار وەک دەرماڵەی کرێ بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی نیشتەجێی بەغداد نین، بەمەش کۆی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک دەگاتە 27 ملیۆن دینار.

کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر ٣٢٩ پەرلەمانتارەکە زیاتر لە ٤٢٦ ملیار دینارە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی