شەیبانی دەچێتە واشنتن .. ئەمەریکا دیپلۆماتکارەکانی دۆسیەی سوریای لەکارەکانیان دوورخستنەوە

#سوریا#ئیسرائیل#ئەمەریکا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی دیمەشق بۆ واشنتن، ئەمەریکا سەرجەم ئەو دیپلۆماتکارە باڵایانەی دوورخستنەوە کە لە تورکیاوە کاریان لەسەر دۆسیەی سوریا دەکرد
  • بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ یاسادانەران و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆببێتەوە
  • ئەمەریکا دەیەوێت پێش کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان سوریا و ئیسرائیل رێککەون
  • شەرع دەیەوێت بە رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەریکا سزاکانی لەسەر هەڵبگرێت
Primary Asset

کۆبونەوەی تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لەگەڵ شەرع و شەیبانی

سبەی

هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی دیمەشق بۆ واشنتن، ئەمەریکا سەرجەم ئەو دیپلۆماتکارە باڵایانەی دوورخستنەوە کە لە تورکیاوە کاریان لەسەر دۆسیەی سوریا دەکرد. بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ یاسادانەران و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

پێنج سەرچاوەی ئاگادار ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی ئەیلولی 2025) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە باڵاترین دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا کە پەیوەندییان بە دۆسیەی سوریاوە هەیە، لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەو دیپلۆماتکارانە لە ناوەندی سوریا کاریان دەکرد، کە نێردەی تایبەتی ئەمەریکایە بۆ کاروباری سوریا و بارەگای سەرەکیی لە ئیستەنبوڵی تورکیایە، یاریدەدەر و راپۆرتنووس و راوێژکاری تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بوون بۆ سوریا، کە ڕاوێژکاری دێرین و دۆستی  دۆناڵد ترەمپە.

رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەو گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە دانوستانەکانی تایبەتی بە دۆسیەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە وەزارەتی بەرگری کاتی سوریا وەستاون، لەبەرامبەردا دیمەشق هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەدات و چاوی لەوەیە ئەمەریکا سزاکانی لەسەر هەڵبگرێت. 

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو هەنگاوە بەشێکە لە ڕێکخستنەوەی ئەو تیمە ئەمەریکییەی کە بەرپرسی دۆسیەی سوریان، دەرکردنی ئەو کەسانەش لەناکاو بووە بەڵام ڕەنگدانەوەی جیاوازییە سیاسییەکانی ناو تیمەکە نییە.

شەیبانی دەچێتە ئەمەریکا

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لەسەر زاری لینزی گراهام سیناتۆرەوە بڵاوی کردەوە، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا، ئەم هەفتەیە لە واشنتن لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی سزاکانی سەر سوریا.

ئەسعەد شەیبانی دەبێتە یەکەم وەزیری دەرەوەی سوریا کە سەردانی واشنتن بکات لە ماوەی 25 ساڵی رابردووددا، سەردانەکەش دوای لێدوانێکی رۆژی چوارشەممەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا هات سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی دۆسیەی ئاسایش و سنورەکان.

گراهام بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: خۆی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شەیبانی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا، لەناویاندا یاسای قەیسەر و هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە.

پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی (19ـی ئەیلولی 2025) ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر هەمان پرس کۆببێتەوە.

گراهام، یەکێکە لەو سیناتۆرانەی کە پشتیوانیی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا دەکات، ئەگەر سوریا بە فەرمی رێککەوتنی ئاسایشی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا بکات و بچێتە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژی داعش.

لەئێستادا سوریا و ئیسرائیل بەردەوامن لەسەر گفتوگۆ و دانوستانەکانیان، دیمەشق هیوای بەوەیە کە ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی دەستوەردانەکانی بهێنێت لە باشوری سوریا.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، واشنتن فشار لەسەر سوریا دروست دەکات بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، پێشئەوەی هەفتەی داهاتوو سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببنەوە.

لەبەرامبەردا ئەحمەد شەرع، رەتیکردەوە ئەمەریکا فشاریان لەسەر بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و رایگەیاند: ئەمەریکا زیاتر رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە: لە دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانونی یەکەمی 2024، زیاتر لە 1000 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سوریا ئەنجامداوە و 400 ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ ناو خاکی سوریا ئەنجامداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی