سبەى
لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە سوودێکی نوێ بۆ سێو زیاد دەکەن، ئەویش پاراستنی پێستە لە نیشانەکانی پیربوون. سێو دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی سروشتی، کە یارمەتی شێدارکردنی پێست و کەمکردنەوەی هەوکردن و دووبارە دروستکردنەوەی خانەکان دەدات، ئەمەش رواڵەتێکی گەنجتر و زیندووتر بە پێست دەبەخشێت.
پاراستن لە هۆکارە ژینگەییەکان
بەرکەوتنی درێژخایەن بە تیشکی خۆر و پیسبوون، دەبێتە هۆی گۆڕینی رەنگی پێست و چرچبوونی پێست و هەوکردن.
لێکۆڵینەوەکان کە لە پێگەی Verywell Health بڵاوکراوەتەوە دەریانخستووە، ئەو دژە ئۆکسانانەی لە سێودا هەیە، دەتوانن زیانەکان کەمبکەنەوە، کە بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەیی و هۆکارە ژینگەییەکانی ترەوە دروستدەبن، هەروەها تەواوکەری پۆلیفینۆلی سێو توانای پاراستن لە گۆڕانکارییەکانی پێستی پەیوەست بە خۆرەوە دەرخستووە.
کەمکردنەوەی چرچولۆچی
پێست بەردەوام لە رێگەی گۆڕینی خانەکانەوە دووبارە دروست دەبێتەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەگەڵ تەمەندا خاو دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێست لاستیکی و درەوشاوەیی لەدەست بدات. توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە، کە سێو یارمەتی کەمکردنەوەی چرچولۆچی و باشترکردنی شێداری پێست و زیادکردنی لاستیکی پێست دەدات.
کەمکردنەوەی هەوکردن
سێو سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددەی پۆلیفینۆل، کە تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە.
ئەو پێکهاتانەی لە سێودا هەیە، دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی تەندروستی خانەکان و کەمکردنەوەی هەوکردنی درێژخایەن، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیربوونی پێشوەختە.
خۆراکێکی شێدارکەرەوە
سێو 80-89% ئاوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە خۆراکێکی سروشتی شێدارکەرەوە. پێستی وشک بەهۆی لەدەستدانی لاستیکی و بریقەی پێستەوە بەتەمەنتر دەردەکەوێت، لەکاتێکدا خواردنی بەردەوامی سێو، دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ لەش و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون.
هەرچەندە سێو سوودی گرنگ بە پێست و جەستە دەبەخشێت، بەڵام ناتوانێت جێگەی رۆتینی سەرەتایی چاودێری پێست بگرێتەوە، وەک بەکارهێنانی دژەخۆر و پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ. هێنانە ناوەوەی سێو لە رۆتینی رۆژانەی خۆتدا ریشاڵ و ڤیتامین و کانزاکان بۆ جەستە دابین دەکات، هاوکات یارمەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و پووکانەوەی ئێسک دەدات، هەروەها پارێزگاری لە کێشێکی تەندروست دەکات.