رێککەوتنی سەربازیی هاوبەش؛ چەکى ئەتۆمیی پاکستان سعودیە دەپارێزێت؟

#پاکستان#سعودیە#ئیسرائیل#قەتەر
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • رێککەوتنەکەی کە رۆژی چوارشەممە (17/9/2025) لە نێوان محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان واژۆکرا. لەنێوان سعودیە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئیسلامی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، ئەوەش نزیکەی هەفتەیەک دوای هێرشی ئیسرائیل هات بۆ سەر دەوحە لە نۆی ئەیلولدا، کە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لە پایتەختی قەتەر کردە ئامانج.
Primary Asset

محەمەد بن سەلمان و شەهباز شەریف

سبەى

ترس لە مەترسییەکانى سەر ناوچەکە لەدواى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، سعودیە و پاکستانى گەیاندە رێککەوتنێکى هاوکاریی بەرگری هاوبەش، ئەوەش بە ئاماژەیەک لێکدەدرێتەوە بۆ سودوەرگرتنى ریاز لە جبەخانەی ئەتۆمی ئیسلام ئاباد، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا کە روبەڕووى ببێتەوە.

رێککەوتنەکەی کە رۆژی چوارشەممە (17/9/2025) لە نێوان محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان واژۆکرا. لەنێوان سعودیە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئیسلامی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، ئەوەش نزیکەی هەفتەیەک دوای هێرشی ئیسرائیل هات  بۆ سەر دەوحە لە نۆی ئەیلولدا، کە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لە پایتەختی قەتەر کردە ئامانج.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، مونیف عەماش حەربی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی سعودی رایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر، پشتڕاستی کردەوە کە ناوچەکە رووبەڕووی گەورەترین مەترسی بووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا جڵەوی کۆنترۆڵی تەلئەبیبی لەدەستداو نەیتوانی رێگری لێبکات لە بۆردومانکردنی دەوحە، هەروەها درێژەدان بە بژاردەی سەربازی لە دۆسیەی جەنگی غەززەدا.

رێککەوتنەکەی نێوان سعودیە و پاکستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەردوو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆیان، هەروەها بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە، لەگەڵ پەرەپێدانی هاریکاری بەرگری و بەهێزکردنی رێگری هاوبەش لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا.

گرنگی ئەم هاوکارییە ئەوەیە، کە هاوشێوەی رێککەوتنی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، واتە هێرشی دەرەکی بۆ سەر سعودیە، بەمانای هێرشکردنە بۆ سەر پاکستان و بە پێچەوانەشەوە.  

بە پشتبەستن بەم بڕگەیە مونیف عەماش دەڵێت، هەموو ئامرازە بەرگرییەکان، کە هەر وڵاتێک خاوەنییەتی، لە ئەگەری هێرشێکی دەرەکیدا، لەوانەش چەکی ئەتۆمی پاکستان، لەبەردەستی وڵاتەکەی دەبێت.

هاوبەشییەکی فراوانکراو

ئامانجی رێککەوتنەکە تەنها بە بەرزکردنەوەی ئاسایشی سعودیە و پاکستان سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی ئاسایشی دەوڵەتانی کەنداو و عەرەبی بگرێتەوە، لە ئەگەری شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یان شکستی زلهێزەکانی ناوچەکە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هێرشێکدا.

لە رێگەی ئەم رێککەوتنەوە، ریاز بە دوای ئەوەدا نییە هاوبەشێکی ستراتیجی کە ئەمەریکایە بە هاوبەشێکی دیکە بگۆڕێت، بەڵکو ئەم هاوبەشییانە فراوانتر دەکات، کە جگە لە ئەمەریکا و فەرەنسا و پاکستان، هەروەها چین و هیندستانیش بگرێتەوە.

بەو مانایەیە کە سعودیە توانای دروستکردنی هاوسەنگی هەیە لەسەر ئەم بابەتە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی و ناوچەی کەنداو و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی. مونیف عەماش روونیدەکاتەوە و دەڵێت رێککەوتنە سەربازییەکانی سعودیە بەرگرییە نەک هێرشبەر، هاوکات پێشبینی دەکات وڵاتەکەی لە داهاتوودا رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا واژۆ بکات.

 محەممەد عەلی شارەزای پاکستانی لە بواری بەرگریدا، لەگەڵ ئەو شرۆڤەکارە سعودییە ​​هاوڕایە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە "مێژوویی و گرنگە، لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵات کراوە، هەروەها لە وەڵامی شکستی زلهێزەکان لە دابینکردنی پێداویستی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دروستبووە".

لەسەر ئەم  بنەمایە، ئیسلام ئاباد وەک پێشەنگی تۆڕێکی ئەمنی بۆ وڵاتانی دیکە دەرکەوتووە، کە سعودیە سەرۆکایەتی دەکات. محەمەد عەلی دەشڵێت "پەلەکردنی گەورەترین و کاریگەرترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست (سعودیە) بۆ رێککەوتن لەگەڵ هاوبەشێکی سەربازی نوێ (پاکستان)، دوای هەفتەیەک لە بۆردومانکردنی دەوحە، بەو مانایەیە کە رەنگە وڵاتانی دیکەش رێچکەی سعودیە بگرن، بەمەبەستی باشترکردنی بەرگرییەکانیان و ئاسایشی ناوچەکە".

لێدوانی فەرمی

خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس كردووە و نوسیویەتی " سعودیە و پاكستان لە یەك بەرەدا بۆ رووبەڕووبونەوەی دوژمنەكان بۆ هەمیشەیی".

لە لایەكی ترەوە بەرپرسێكی سەربازی سعودی، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرابكرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: رێككەوتنەكە گشتگیرە و سەرجەم ئامڕازە سەربازییەكان دەگرێتەوە. وتووشیەتی رێككەوتنەكە هاوبەشییەكی ستراتیجی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروستدەكات و لە كاردانەوەی رووداوە تێپەڕەكاندا نەهاتۆتەئاراوە.

هاوكاری سەربازی و پشتیوانی ئابووری

پاكستان لە مێژە هێزی سەربازی لە سعودیە هەبووە، لە ئێستادا ژمارەیان لە نێوان 1500 بۆ 2000 سەرباز دەخەمڵێندرێت،  كە مەشقی تەكنیكی و مەیدانی پێشكەش بە سوپای سعودیە دەكەن. ئەمەش هاوكاریكردنی هێزی ئاسمانی و زەمینی سعودیە دەگرێتەوە.
هاوكات سعودیە سێ ملیار دۆلاری بە قەرز بە پاكستان داوە لە رێككەوتنێكدا، كە لە مانگی كانوونی دووەمدا درێژكرایەوە بۆ بەهێزكردنی یەدەگی دراوی بیانی لەو وڵاتەدا.

هەڵوێستی پاكستان

پاكستان تاكە وڵاتی جیهانی ئیسلامییە، كە خاوەنی چەكی ئەتۆمی وگەورەترین سوپایە. پاكستان چەندان جار رایگەیاندووە: كە هێزی سەربازیی وڵاتەكەی تەنها لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی هیندستان دامەزراوە، واتە ئەو وڵاتە ئامادە نییە بەرەی تر لە دژی خۆی بكاتەوە، ئەوەش سودی ناوەرۆكی رێككەوتنەكەی لەگەڵ سعودیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی