بەهۆی قسەی هەراسانکەرەوە؛ دەم پارتی کۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەکەی جێ هێشت

#دەم پارتی#لیژنە پەرلەمانییەکە#حزبوڵڵای کورد#تورکیا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • دوای ئەوەی محەمەد بەشیر شیمشەک، جێگری سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی بانگەوازی ئیسلامی کە بە نزیکی لە حزبوڵڵای کوردەوە ناسراوە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی قسەی هەراسانکەری کرد، ئەندامانی دەم پارتی هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەکە

سبەی

دوای ئەوەی محەمەد بەشیر شیمشەک، جێگری سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی بانگەوازی ئیسلامی کە بە نزیکی لە حزبوڵڵای کوردەوە ناسراوە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی قسەی هەراسانکەری کرد، ئەندامانی دەم پارتی هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025، 11ەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنە پەرلەمانییە بەڕێوە چوو کە بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێک هێنراوە.

 لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گوێ لە پێشنیاز و داواکارییەکانی نوێنەرانی ڕێکخراو و کۆمەڵەکان گیرا.

قسەکانی محەمەد بەشیر شیمشەک، جێگری سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی بانگەوازی ئیسلامی کە بە نزیکی لە حیزبوڵڵاوە ناسراوە، بووە هۆی هەراسانبوونی ئەندامانی مەهەپە و ئەندامانی دەم پارتی و  کاردانەوەی ئەوانی بە دوای خۆیدا هێنا. 

شیمشەک، کە بە ناوی ئەو کۆمەڵەیەوە قسەی دەکرد کە سەرۆکە گشتییەکەی، ئەنوەر کڵچئەرسلان'ە و لەسەر دۆسیەی کوشتنی دەیان کەس بە سەر و دەستوپێ بەستراوی دادگایی کراوە چەندین تۆمەتی ئاراستەی پەکەکە کرد و وتی: “دابڕینی ئەم گەلە لە باوەڕی خۆی بە عەقڵییەتی مارکسی-لینینی، چ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی کورد دەکات؟ نەریتی گەلی کورد گۆڕاوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەندێک پێکهاتە بە ناوی دەوڵەتەوە پشتیوانییان لێدەکەن. منداڵێک چونکە نیشانەی سەرکەوتنی بەرز کردووەتەوە، کاتژمێر 3ی بەیانی لەگەڵ گەورەی ماڵەکەدا ئاگریان لە ماڵەکە بەرداوە. ئەمە سەرباز کردوویەتی.”

ئایا بەم زمانە ئاشتی بەدی دێت؟

لە بەرامبەر ئەم قسانەدا فەتی یڵدز، ئەندامی مەهەپە، کاردانەوەی بەرامبەر قسەکان نیشان دا و وتی: “ئێمە ئێوەمان بۆ ئەوە بانگهێشت نەکردووە بۆ ئێرە، تاکوو سووکایەتی بە سەرباز و پۆلیس و دەوڵەت بکەن.”

لای خۆیشیەوە ساروهان ئۆڵوچ، ئەندامی دەم پارتی، ڕووی دەمی کردە شیمشەک و پرسی: "ئایا بەم زمانە ئاشتی بەدی دێت؟" و وتی: “تا ئێستا دانمان بەخۆماندا گرتووە بەرامبەر قسەکانتان. بەڵام ئێوە لەسەر خوێن دەژین. شەرم بکەن، ئەی خوێنڕێژینە.”

ئێوە خەڵکتان بە سەر و دەستوپێ بەستراوی کوشتووە

دواتر جەنگیز چیچەک، ئەندامی دەم پارتی هاتە قسە و وتی: “ئێوە خەڵکتان بە سەر و دەستوپێ بەستراوی بە کۆمەڵ کوشتووە. ئێوە بوونەتە بەڵا بەسەر کوردەوە.”

دوای ئەم مشتومڕە، ئەندامانی دەم پارتی کۆبوونەوەی لیژنەکەیان بەجێهێشت.

سەرۆکی پەرلەمان هاتە دەنگ

 لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، قسەی کرد و وتی: "هەموو کەسێک ئازادە بەرگری لە بۆچوونی خۆی بکات، بەڵام با ڕابردوو هەڵنەدەینەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها وتی:  “با ڕێگە نەدەین ڕووداوەکانی ڕابردوو ببنە هۆی دروستبوونی دووبەرەکیی نوێ و زیان بەم پرۆسە ئەرێنییە بگەیەنن.”

حیزبوڵڵای کورد: لە خوێندنگەی ئیسلامییەوە بۆ “گۆڕی ماڵان”

بزووتنەوەی حیزبوڵڵای کورد لە تورکیا، لە کۆتایییەکانی ساڵانی 1970 و سەرەتای ساڵانی 1980 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان وەک گرووپێکی ئیسلامیی سوننە سەریهەڵدا.

سەرەتا وەک بزووتنەوەیەکی هزری و کۆمەڵایەتی لەژێر ناوی "ئیلیم"دا دەرکەوت، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987دا بە سەرکردایەتیی حوسێن ڤەلیئۆغلو، بووە ڕێکخراوێکی چەکداری. 

حیزبوڵڵا لە ساڵانی 1990ەکاندا چووە نێو شەڕێکی خوێناوییەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا، کە هەردوو لایان هەوڵی زاڵبوون بەسەر شەقامی کوردییان دەدا. 

ئەم ململانێیە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە هەردوو لا و لەناو خەڵکی سڤیلیشدا. حیزبوڵڵا بە ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژانە تۆمەتبار دەکرێت، کە دیارترینیان کوشتنی خەڵکە بە شێوازی "بەستنی بەراز" (Domuz bağı)، کە سەر و دەستوپێی قوربانییەکانیان بە شێوەیەکی دڕندانە دەبەستەوە و ئەشکەنجەیان دەدان تا دەمردن. دواتر تەرمەکانیان لە ژێرزەمینی ماڵەکاندا دەشاردەوە کە بە "گۆڕی ماڵان" ناسرابوون. 

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، زیاتر لە 60 کەس بەم شێوازە کوژراون، هەرچەندە ژمارەی نافەرمی زۆر لەوە زیاترە.

پەیوەندیی گوماناوی لەگەڵ دەوڵەت و درێژکراوە سیاسییەکەی

یەکێک لە مشتومڕاویترین لایەنەکانی مێژووی حیزبوڵڵا، پەیوەندیی ژێربەژێری بووە لەگەڵ "دەوڵەتی قووڵ"ی تورکیادا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران و لایەنە کوردییەکان پێیان وایە کە دەوڵەتی تورکیا لە نەوەدەکاندا چاوپۆشیی لە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا کردووە و تەنانەت وەک هێزێکی "کۆنترا" لە دژی پەکەکە بەکاریهێناوە.

دوای کوژرانی حوسێن ڤەلیئۆغلو لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا لە ساڵی 2000، چالاکییە چەکدارییەکانی حیزبوڵڵا تا ڕادەیەکی زۆر کۆتاییان پێهات. 

 دواتر لە ساڵی 2012دا، پارتێکی سیاسی بە ناوی "پارتی دۆزی ئازاد" (HÜDA PAR) لەسەر میراتی فیکری و جەماوەریی حیزبوڵڵا دامەزرا. هەرچەندە هودا پار بە فەرمی خۆی وەک درێژکراوەی حیزبوڵڵا ناناسێنێت، بەڵام زۆرێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی، پێشینەی حیزبوڵڵایان هەیە و وەک باڵی سیاسیی ئەو ڕێکخراوە سەیر دەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی