لە فڕۆكەی تایبەتەوە بۆ "دێوەزمە"؛ ترەمپ چۆن گەشت دەكات؟

#ئەمەریکا#سەرۆک#ترەمپ#گەشت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • سەرۆكی ئەمەریكا وەك یەكێك لەبەهێزترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان، لەكاتی گەشتكردنیدا لەلایەن گروپێكی تایبەتەوە دەپارێزرێت، سەرەڕای ئەوانەش جۆری تایبەتی فڕۆكە و هێلیكۆپتەر و ئۆتۆمبێل بۆ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەكراوە  بۆ پاراستنی لە هەر جۆرە هەوڵێكی تیرۆریستی و لەناكاو.
  • دۆناڵد ترەمپ، بۆ دوەمین سەردانی فەرمی وەك سەرۆكی ئەمەریكا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی ئەمنیدا كە دەیان كارمەند و ئامێری ئەمنی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت، سەردانی بەریتانیای كرد.
Primary Asset

گرافیکی سبەی

سبەی

سەرۆكی ئەمەریكا وەك یەكێك لەبەهێزترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان، لەكاتی گەشتكردنیدا لەلایەن گروپێكی تایبەتەوە دەپارێزرێت، سەرەڕای ئەوانەش جۆری تایبەتی فڕۆكە و هێلیكۆپتەر و ئۆتۆمبێل بۆ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەكراوە  بۆ پاراستنی لە هەر جۆرە هەوڵێكی تیرۆریستی و لەناكاو.

دۆناڵد ترەمپ، بۆ دوەمین سەردانی فەرمی وەك سەرۆكی ئەمەریكا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی ئەمنیدا كە دەیان كارمەند و ئامێری ئەمنی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت، سەردانی بەریتانیای كرد.

ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی كە پێویستن بۆ پاراستنی سەرۆكی ئەمەریكا لە ماوەی مانەوەیدا لە بەریتانیا ملیۆنان دۆلاری تێدەچێت و تیمی پاسەوانی تایبەتی نهێنی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ هەزاران ئەفسەری پۆلیسی ناوخۆیی. 

لە میانی یەكەم سەردانی ترەمپ بۆ بەریتانیا لە مانگی حوزەیرانی 2019 زیاتر لە شەش هەزار ئەفسەری پۆلیسی میترۆپۆلیتان هاوكارییان كرد كە تێچووەكەی گەیشتە زیاتر لە چوار ملیۆن و 300 هەزار پاوەند.

رێكارە ئەمنییەكان لە میانی نوێترین سەردانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بەریتانیا، بە هۆی كوژرانی  چارلی كێرك چالاكوانی كۆنەپەرستی ئەمەریكی لە زانكۆیەك لە ویلایەتی یوتا چڕتر بووەوە.

لای خۆیەوە ڕۆناڵد كیسلەر، نووسەری پسپۆڕی دەزگای نهێنی دەڵێت" ئامادەكارییەكان بۆ گەشتێكی فەرمی "چەند هەفتەیەك" پێش گەشتەكەی سەرۆك دەستپێدەكات و گفتوگۆكردن لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی و هەروەها چاودێریكردنی هەر هەڕەشەیەكی ئەگەری لەخۆدەگرێت".

بە شێوەیەكی گشتی نزیكەی ٦٠ بریكاری خزمەتگوزاری نهێنی دەستنیشان دەكرێن بۆ پاراستنی ڕاستەوخۆی سەرۆك، لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی كە بۆ دانانی بەربەست و ڕێگریكردن لە هاتوچۆ و پاراستنی ئاسمانی جێگیركراون و سەدان كارمەند و كارمەندی پشتیوانی  لە دەوروبەری سەرۆك كۆمار جێگیر دەكرێن.

كۆشكی سپی لە ئاسمان

دۆناڵد ترەمپ و مێلانیای هاوسەری بە فڕۆكەیەكی زۆر پێشكەوتووی بۆینگ 747-200B كە بە ئایر فۆرس یەك ناسراوە، گەیشتنە بەریتانیا.

فڕۆكەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە راستیدا یەكێكە لە دوو فڕۆكەی جۆری بۆینگ ٧٤٧-٢٠٠ بی ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی بە ڕواڵەتی لە فڕۆكەیەكی بازرگانی دەچێت، بەڵام بەهۆی ئامێرە ئەلیكترۆنییە پێشكەوتووەكانی و سیستەمی بەرگرییەوە بە فڕۆكەیەكی سەربازی دادەنرێت.

فڕۆكەی Air Force One بە شێوەیەك دروستكراوە كە بەرگەی هێرشی ئاسمانی بگرێت و توانای جامكردنی ڕاداری دوژمن و تەقاندنی مووشەكی هەیە بۆ لەناوبردنی ئەو مووشەكانەی كە ئاراستەی دەكرێت، هەروەها توانای پڕكردنەوەی سووتەمەنی هەیە لە ئاسماندا، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بۆ ماوەیەكی نادیار بفڕێت، ئەمەش توانایەكی گرنگە لە حاڵەتی لەناكاودا.

لەناو فڕۆكەكەدا سەرۆك و دەوروبەرەكەی چێژ لە 1200 مەتر چوارگۆشە لە سێ نهۆمدا وەردەگرن. ئەم فەزایە سویتێكی گەورەی سەرۆكایەتی و سەنتەری پزیشكی لەگەڵ مێزی نەشتەرگەری و شوێنی جیاواز بۆ پەیامنێر و میوانی تایبەت و پاسەوان و ستافی كارگێڕی لەخۆدەگرێت.

گەشتكردن لەناو "دێوەزمە" دا

دوای نیشتنەوەی فڕۆكەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بە ئۆتۆمبێلێكی كادیلاك گەشت دەكات، كە لیمۆزینێكی بەهێزكراوە و نازناوی "دێوەزمەی"ی لێنراوە.

دوو جۆری هاوشێوەی ئەم لیمۆزینە تایبەتە، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی دیكەی خزمەتگوزاری نهێنی، پێش گەیشتنی ترەمپ بە فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازی ڕەوانەی بەریتانیا كران.

لە كاتێكدا سەرۆك بە یەكێك لە جۆرەكانی "دێوەزمە" گەشت دەكات، جۆرێكی دیكەی تەواو هاوشێوە بۆ فریودانی گروپە تیروریستییەكان بەكاردەهێنرێت.

ئۆتۆمبێلەكە پێكهاتەیەكی دژە فیشەكی هەیە و شووشەكانی دژە شكانن، بە جۆرێك كێشی ئۆتۆمبێلكەكە دەگەیەننە زیاتر لە ٩ تۆن، بەپێی زانیارییەكان، لیمۆزینەكە بە نارنجۆكی گازی فرمێسكڕێژ و كامێرای بینینی شەوانە و مۆبایلێكی مانگی دەستكرد تۆكمەكراوە.

بەپێی زانیارییەكان جۆرە نوێیەكانی ئۆتۆمبێلەكە سیستمی دابینكردنی ئۆكسجین و یەكەیەكی ساردكەرەوە (سەلاجە)ی تێدایە كە خوێنی هەمان جۆری خوێنی سەرۆك تێیدا هەڵدەگیرێت بۆ بەكارهێنانی لە حاڵەتە فریاگوزاریەكان.

"دێوەزمە" وەك بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكایەتی بەكاردەهێندرێت، گروپی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكی ئەمەریكا زیاتر لە دەیان ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، لەوانە ماتۆڕسكیلەكانی پۆلیس، تیمەكانی دژە تانك و هێرشی كیمیایی، ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی پەیوەندیكردن بە ناوی ڕۆدڕانەر، تیمێكی پزیشكی و كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی یاوەری.

هەرچەندە ترەمپ هەندێك لە گەشتە كورتەكانی بە لیمۆزین ئەنجام دەدات، بەڵام پێشبینی دەكرێت زۆربەی گەشتەكانی لە ڕێگەی ئاسمانەوە ئەنجام بدات، هاوشێوەی گەشتەكەی بۆ سكۆتلەندا لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٥.

پێدەچێت چەندین هێلیكۆپتەر بۆ گەشتەكانی سەرۆكی ئەمەریكا هێنرابێتنە بەریتانیا، لەنێویاندا هێلیكۆپتەری مارین وان.

 هێزە تایبەتەكان و بریكارەكانی خزمەتگوزاری نهێنی لەڕێگەی فڕۆكەیەكی دیكەوە، هاوڕێیەتی فڕۆكەی سەرۆكی ئەمەریكا دەكەن بۆ هەر جۆر ئامادەكارییەك  لە هەر حاڵەتێكی فریاگوزاری لەناكاو لەمیانی گەشتەكەی سەرۆكدا.

مەترسی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان

شا چارڵزی سێیەم و شاژن كامیلای بەریتانیا لە سەردانەكەیاندا لە قەڵای ویندسۆر میوانداری ترەمپ و هاوسەرەكەی دەكەن، لەبری كۆشكی باكینگهام كە لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەن.

پۆلیس ڕایگەیاندووە، لەم سەردانە فەرمییەدا، "سنوورداركردنی بەرچاوی ئاسمانی" لە دەوروبەری قەڵای ویندسۆردا دەبێت، كە بە هاوكاری خزمەتگوزاری ئاسمانی پۆلیسی نیشتمانی جێبەجێ دەكرێت. قەدەغەكردنی فڕینی فڕۆكە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش دەگرێتەوە.

كیسلەر لەوبارەیەوە دەڵێت" ئەو مەترسییەی كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دروستی دەكات بوارێكی نوێیە كە تایبەتە بە دەزگای نهێنی"، ئەو پێی وایە لاوازییەكانی توانای هێزە ئەمنییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە كاتی هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤دا ئاشكرا بوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە ئێستادا ڕێكاری تایبەت بگیرێتەبەر بۆ هەر جۆر رووداوێكی لەناكاو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی