ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە: چارەسەری سیاسی گرەنتی سەقامگیری سوریایە

#هەسەدە#ئەنجومەنی سەربازی#سوریا#باکور و رۆژهەڵات#شەڕی داعش
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە، پابەندبوونی خۆی لەسەر چارەسەری سیاسی کردەوە و رایگەیاند: چارەسەری سیاسی گرەنتی سەقامگیری سوریا و پاراستنی گەلەکەیەتی، جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردەوە بە جۆرێک مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوبێت.
Primary Asset

سبەی

ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە، پابەندبوونی خۆی لەسەر چارەسەری سیاسی کردەوە و رایگەیاند: چارەسەری سیاسی گرەنتی سەقامگیری سوریا و پاراستنی گەلەکەیەتی، جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردەوە بە جۆرێک مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوبێت.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، بە بەشداریی فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و دامەزراوە سەربازییەکان و بەبەشداریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی و ئەندامانی فەرماندەیی گشتی، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە بەڕێوەچوو.

مەزڵوم عەبدی، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سوریا بە گشتی و باکور و رۆژهەڵاتی بەتایبەتی خستەڕوو، ئاماژەی بە بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کرد، بەپێی خاڵەکانی رێککەوتنامەی (10ـی ئاداری 2025)، بەپێویستیزانی پارێزگاریی لە راگەیاندنی ئاگربەست بکرێت و دووربکەنەوە لەهەر هەراسانکردنێک کە ناوچەکە بەرەو ململانێ و ناکۆکی ببات.

پرسی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپای سوریا بیەکێکی دیکە بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە، ئامادەیی هەسەدە نیشاندراوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ دیمەشق و هەمانگی بەپەلە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان، سروشتی نیشتمانی هەسەدە دووپاتکراوەتەوە کە لە ریزەکانیدا کە شەڕڤانەکان و یەکەکانی لەسەرجەم پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی سوریا پێکهاتوون.

ئەنجومەنی سەربازی رایگەیاندووە: شەڕی ئەوان بەرامبەر داعش بەردەوامە، لەماوەی رابردوودا چالاکییەکانی ئەو گروپە لە چەند ناوچەیەکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام بووە، جەختیان لەسەر بەردەوامی شەڕی ئەو گروپە کردوەتەوە بە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەو گروپە و زیادکردنی ئاستی پاراستنی ناوەندەکانی گرتن و زیندانیکردنی ئەندامانی داعش.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەیدا، ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات پەنابردنی بە چارەسەری سیاسی دووپاتکردەوە و بە گرەنتی سەقامگیری سیاسی سوریای دانا، پابەندی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەجۆرێک دەستەبەری مافی سەرجەم پێکهاتەکان بکات، لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش، سوور بوونی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر بە هەماهەنگی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، بە جۆرێک سەقامگیری دەستەبەر بکات و پاڵپشتی رێڕەوی ئاشتی سەرتاسەری بکات لە سوریا.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی