یەکێتى چاوەڕوانە؛ ئایا بارزانى هەنگاوەکەى تاڵەبانى دووبارە دەکاتەوە؟

#یەکێتى#پارتى#بارزانى#تاڵەبانى
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • جوتیار یوسف پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، تا ئێستا گفتوگۆکان لەو بارەیەوە دەستیپێنەکردووەتەوە و باس لە ئەگەرى دەستێشخەرییەک دەکرێت لەلایەن مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، کە ئەگەر بکرێت رەنگە کاریگەرى هەبێت لەسەر پڕۆسەکە و دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان.
  • دوو سەرچاوە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ "سبەى"، راگەیاندنى دەستپێشخەرییەکیان لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بەدوور نەزانى بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت و چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان لەگەڵ یەکێتى و جەختیانکردەوە کە بارزانى رۆڵێکى گرنگ دەبینێت بۆ نزیک کردنەوەى بۆچونەکان و کاراکردنەوەى پەرلەمان و دامەزراوەکان.
Primary Asset

سبەى

یەکێتى نیشتمانى کوردستان چاوەڕوانى دەستپێشخەریی مەسعود بارزانییە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان و چارەسەرى ناکۆکییەکانیان بە ئامانجى کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ، ئەوەش دواى پچڕانى پەیوەندییەکانیان بەهۆى رووداوەکانى ئەم دواییەى سلێمانییەوە.

لەدواى رووداوەکانى 22ى ئابى سلێمانییەوە پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى پچڕاون، لەکاتێکدا پێش نزیکەى 10 رۆژ لەو رووداوانە هەردوو حزب هاوڕابوونى خۆیان نیشاندا لەسەر کاراکردنەوەى پەرلەمان لەمانگى ئەیلولدا.

پچڕانى پەیوەندییەکانى هەردوولا دواى ئەوەهات کە  نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەو هێزانەى کە لەشەڕى لەلازار بەشدار بوون بە هێزى یەکێتى ناوبرد، لەکاتێکدا یەکێتى دەڵێت هێزى فەرمى حکومەت بوون.

سەرەڕاى ئەوە، یەکێتى، پارتى تۆمەتباردەکات بە داڵدەدانى ئەژى ئەمین کە بە تۆمەتى تێوەگلانى لە "پلانى هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنى بافڵ تاڵەبانى" سەرۆکى یەکێتى لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانییەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە.

جوتیار یوسف پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، دواى رووداوەکانى لالەزار پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى و هەنگاوەکانى کاراکردنەوەى پەرلەمان ساردى تێکەوتووە، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرا لەماوەى ئەم مانگە تا ناوەڕاستى مانگى داهاتوو پەرلەمان کۆبێتەوە.

وتیشى تا ئێستا گفتوگۆکان لەو بارەیەوە دەستیپێنەکردووەتەوە و باس لە ئەگەرى دەستێشخەرییەک دەکرێت لەلایەن مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، کە ئەگەر بکرێت رەنگە کاریگەرى هەبێت لەسەر پڕۆسەکە و دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان.

ئەو پەرلەمانتارە نمونەى بە دەستپێشخەریی جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى هێنایەوە کاتێک دوو دەیە لەمەوبەر بەتەنها چووە پیرمام و لەگەڵ بارزانى کۆبووەوە سەرەڕاى ناڕەزایی بەرپرسانى ئەوکاتى یەکێتى، ئەوەش کۆتایی بە ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو حزب هێنا لەسەر یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان.

رۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٥ جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى بە تەنیا و بەبێ ئەندامانی سەركردایەتیی حزبەكەی سەردانى مەسعود بارزانى کرد و سوێندی خوارد کە ئەگەر بە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕازی نەبێت، ئەویش واز لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دێنێت، ئەوەش بەپێی وتەى بارزانى کە لە بەرگی شەشەمی بیرەوەرییەکانیدا گێڕاویەتییەوە.

دوو سەرچاوە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ "سبەى"، راگەیاندنى دەستپێشخەرییەکیان لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بەدوور نەزانى بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت و چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان لەگەڵ یەکێتى و جەختیانکردەوە کە بارزانى رۆڵێکى گرنگ دەبینێت بۆ نزیک کردنەوەى بۆچونەکان و کاراکردنەوەى پەرلەمان و دامەزراوەکان.

بەهۆى کاریگەرى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتییەوە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى مانگى رابردوو سەردانەکەیان بۆ سلێمانى هەڵوەشاندەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو بەشدارى لەکۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە وڵاتانی عەرەبی بکەن کە تێیدا بافڵ تاڵەبانى بە سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە دیاریکرا.

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە گفتوگۆکانى پارتى و یەکێتى بۆ “سبەى” جەختیانکردەوە، بەهۆى رووداوەکانى ئەم دواییەوە دیار نییە گفتوگۆکان کەى دەستپێدەکەنەوە، تەنانەت گفتوگۆ ناوخۆییەکانى هەردوو حزبیش لەو بارەیەوە وەستاون و چاوەڕوانى دەستپێشخەریین بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان.

بەپێی دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى پەرلەمان و کابینەى داهاتوو، پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى یەکێتى دەبێت و جێگرەکەشى پشکى پارتى دەبێت.

جوتیار یوسف باسى لەوەکرد، لەئەگەرى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان ناکۆکییەکان زۆر نین و سەرەتا پەرلەمان کۆدەبێتەوە و پێکهێنانى حکومەتیش دەکەوێتە دواى هەڵبژاردن.

لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە لە 20ى 10 ى ساڵى رابردووەوە، پەرلەمانى کوردستان یەک دانیشتنى کردووە، بەبێ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى و لەو کاتەوە بە پەکخراوى ماوەتەوە.

بەپێی یاسا، پێویستە دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى 60 رۆژدا متمانە بە کابینەى نوێ بدرێت، بەو پێیەش ئەگەر کاراکردنەوەى پەرلەمان بکەوێتە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگى داهاتووەوە، وادەى پێکهێنانى حکومەت دەکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە لە 11/11 بەرێوەدەچێت.

د.سەروەر عەبدورەحمان سەرۆکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان پێیوایە، رێککەوتنى پارتى و یەکێتى لەم قۆناغەدا بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان سەختە، بەهۆى ئەوەى پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزە و ناکۆکییەکانیان لەسەر پۆستەکان خەریکە دەگاتەوە دۆخى پەنجا بە پەنجا، هەروەها بانگەشەى هەڵبژاردن نزیک بووەتەوە.

د.سەروەر عەبدورەحمان لە لێدوانێکیدا بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر هەر رێککەوتنێکیش بکرێت کە ئەگەرێکى لاوازە دەچێتە کۆتایی مانگى داهاتوو، بۆ ئەوەى وادەى یاسایی بۆ پێکهێنانى حکومەت بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، بەو پێیەى بەپێى بەپێی یاسا دواى 60 رۆژ لە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پێویستە کابینەى نوێی حکومەت پەسەند بکرێت، ئەگەرنا پێویستە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی