سبەى
قەیرانە کەڵەکەبووەکان و قەرز و ئاڵۆزى سیاسی، فەڕەنساى گەیاندووەتە دۆخێکى بێپێشینە و نزیکە لەوەى وەک پیاوە نەخۆشەکەى کیشوەرى ئەوروپا بناسێنرێت.
لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا فەڕەنسا پێنج سەرۆک وەزیرانی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش پێشهاتێکی سیاسی بێهاوتایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
"ئێستا گەورەیی فەڕەنسا لە کوێدایە؟"
قەرزەکانی فەرەنسا بەتەنیا لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە 67 ملیار یۆرۆ، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەم دەیەیەدا بگاتە 100 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا کۆی قەرزەکان زیاترە لە سێ ترلیۆن یۆرۆ، یان نزیکەی لەسەدا 114ی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئێستا ئەگەری ئەوەی بۆ وەرگرتنی قەرز، فەڕەنسا پەنا بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ببات، یان داوای دەستێوەردان لە بانکی ناوەندی ئەوروپا، ئیتر خەیاڵ نییە.
هەموو ئەمانە لە نێوان گێژاوی نێودەوڵەتیدایە: جەنگ لە ئەوروپا، خۆبەدوورگرتنی ئەمەریکا و بەردەوامی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم.
نیکۆلاس باڤێرز، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "لەم ساتەوەختە گرنگەدا، کە سەروەری و ئازادی فەڕەنسا و ئەوروپا لە مەترسیدایە، فەڕەنسا بەهۆی ئاژاوە و کورتهێنان و قەرزەوە ئیفلیج بووە".
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا پێداگری دەکات کە دەتوانێت وڵات لە ئاڵۆزى دەربهێنێت، لە کاتێکدا تەنها 18 مانگی ماوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی.
یەکێک لە ئەگەرەکان سوودوەگرتنە لە خاڵە بەهێزە سروشتییەکانی وڵاتەکە، سامان و ژێرخانی ئابووری و خۆڕاگری دامەزراوەیی، کە وا دەکات بتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.
بەڵام سیناریۆیەکی خراپتر بەڕێوەیە: فەرەنسا لەم کاتەدا نێچیری توندڕەوەکانە لە هەردوو لایەنی چەپ و راست، کە بەو ئاراستەیەدا دەیبات ببێتە پیاوە نەخۆشە نوێیەکەی ئەوروپا.
سەرۆک وەزیران لە دڵی گرژییەکان
سێباستیان لێکۆرنو، کە تەمەنی 39 ساڵە و خەڵکی نۆرماندییە، هەفتەی رابردوو وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ دەستنیشانکرا.
فیلیپ ئاغیۆنی ئابووریناس کە سەرۆک کۆمار بە باشی دەناسێت، دەڵێت: "لیکۆرنو لە بنەڕەتدا مانای ئەوەیە، کە ماکرۆن سەرۆک وەزیرانە، ئەوان لە بنەڕەتدا یەک کەسن."
ئەرکی سەخت
ماکرۆن دەیەوێت لێکۆرنو جیاوازی دروست بکات. پێشتر ماکرۆن مەیلی بەرەو راستی سیاسی هەبوو، ئێستا بەدوای رێککەوتندایە لەگەڵ چەپەکان، بە تایبەتی پارتی سۆسیالیست.
بەپێی یاسا، لێکۆرنو دەبێت تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم پرۆژەیاسای بودجە پێشکەش بکات، کە دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ تێپەڕێنرێت.
تاکە رێگەیەک کە لێکۆرنو دەتوانێت ئەم کارە بکات، ئەوەیە کە پەیوەندی بە بلۆکە ناوەندگەراییەکانەوە بکات، "میانڕەوەکان"ی راست و چەپ، بە واتایەکی دیکە کۆمارییە کۆنەپەرستەکان و سۆسیالیستەکان.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە هەر ئیمتیازێک کە بۆ لایەنێک بکرێت، ئەگەری کشانەوەی لایەنی بەرامبەر زیاد دەکات.
بۆ نموونە سۆسیالیستەکان داوای ئامانجێکی زۆر کەمتر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکان. ئەوان دەیانەوێت باج بخەنە سەر دەوڵەمەندە زۆرەکان و چاکسازییەکەی ماکرۆن لە خانەنشینی ساڵی 2023 هەڵبوەشێننەوە، کە تەمەنی خانەنشینی بۆ 64 ساڵ بەرزکردەوە.
بەڵام ئەم بیرۆکانە بە دڵی کۆمارییەکان نییە، کە هەڕەشەی دەنگدانیان دژی هەر بودجەیەک کردووە، کە سۆسیالیستەکانی تێدابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا فیدراسیۆنی سەرەکی خاوەنکارانی فەرەنسا رایگەیاندووە، ئەگەر وەڵامی لێکۆرنو بۆ پرسی بودجە بەرزکردنەوەی باج بێت، ئەوا "خۆپیشاندانی جەماوەری" بە رێکدەخەن.
هاوکات نزیکبوونەوەی رۆیشتنی ماکرۆن وا دەکات، کە پێدانى ئیمتیازات بۆ هەریەکێک لە لایەنەکان قورس بێت. لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی شارەوانی بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەڕەنساش دەکەوێتە مانگی ئایاری 2027ەوە.
بۆ هەر سیاسەتمەدارێکی دیار، رەنگە خواستێک هەبێت بۆ کەمکردنەوەی هەر بەرکەوتنێک لەگەڵ سەرمایەیەکی سیاسی کە بە خێرایی دەڕوخێت، ئەویش ئیمانوێل ماکرۆنە.
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی تر
ئەمە ئەو سیناریۆی کارەساتبارەیە کە چاوەڕێی ماکرۆن دەکات، بڕیارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەیە کە دەبێتە هۆی هەڵبژاردنێکی دیکە. یان رەنگە وەک هەندێک داوای دەکەن، سیناریۆکە دەتوانێت ئەوە بێت، کە ماکرۆن خۆی دەست لەکاربکێشێتەوە، بەهۆی رۆڵی لە گەیاندنی وڵاتەکە بەم چەقبەستووییە.
تێکەڵەی چەندین قەیران
لە کاتی لێکۆڵینەوە لە فەڕەنسا، هەمیشە دەتوانێت سەیری لایەنێکی کەمتر کارەساتبار بکەیت. وڵاتەکە لە رابردوودا بە قەیرانەکاندا تێپەڕیوە و هەمیشە لە دۆخێکی هەڵاوساندا بووە و هەندێکیش لە فەڕەنسای ماکرۆن شتێکی جێگەی ستایش دەبینن.
ژان فرانسوا کۆپێ سەرۆکی پێشووی پارتی کۆمارییەکان پێی وایە کە "بنەماکانی ئابووری فەڕەنسا، لەوانەش هاوسەنگی نێوان هاوردە و هەناردەکردن، بەهێز ماوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێژەی بێکاریمان بە شێوەیەکی نەریتی زیاترە لە رێژەی بێکاری بەریتانیا، بەڵام کارەساتبار نییە، ئێمە ئاستێکی بەرزی دروستکردنی بازرگانیمان هەیە و گەشەیەکی باشترمان هەیە بەراورد بە ئەڵمانیا".
ئاغیۆن، راوێژکاری پێشووی ماکرۆن، بە هەمان شێوە گەشبینە. دەڵێت: "ئێمە وەک یۆنان نوقم نابین، ئەوەی سەبارەت بە قەرزەکان دەوترێت، بانگەوازێکی بەئاگابوونەوەیە".
بەڵام بۆ هەندێکی تر گۆڕانی دۆخی جیهان، وا دەکات ئەم جۆرە لێدوانانە لە رادەبەدەر گەشبینانە دەرکەون.
فرانسوا فرێسۆز لە رۆژنامەی لۆمۆند نوسیویەتى: "هەموومان بە تەواوی گیرۆدەی خەرجییە گشتیەکان بووین، ئەمە ئەو شێوازە بووە، کە هەموو حکومەتێک بۆ ماوەی نیو سەدە بەکاریدەهێنێت، لە چەپ و راستەوە، بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایی و بەدەستهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا هەمووان هەست دەکەن ئەم سیستەمە کۆتایی هاتووە. ئێمە گەیشتوینەتە کۆتایی دەوڵەتی ئاسوودە و ژیانی کۆن. بەڵام کەس نایەوێت باجەکەی بدات یان رووبەڕووی چاکسازییە پێویستەکان ببێتەوە".
ئەوەی ئێستا لە فەڕەنسا روودەدات، تێکەڵەیەک لە چەند قەیرانێکە لە یەک کاتدا سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە وا دەکات ئەم وەرچەرخانە هێندە گرنگ دەرکەوێت.
پارتە سیاسییەکان بە دەنگدەران دەڵێن، قەرزەکە بابەتی ژیان و مردنە لەسەر ئاستی نیشتمانی، بەڵام هۆکارێک نابینن بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
سەرۆکایەتی هەموو ئەمانە پیاوێکە کە لە ساڵی 2017 پڕ لە هیوا هاتە سەر دەسەڵات، بە بەڵێنی پردێک لە نێوان چەپ و راست، بازرگانی و کرێکاران، گەشەکردن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
نیکۆلاس باڤێرز شرۆڤەکاری سیاسی لە رۆژنامەی لۆفیگارۆدا گەیشتە ئەنجامێکی وێرانکەر: "ئیمانوێل ماکرۆن بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم داڕمانانە لە ئەستۆ دەگرێت ".