دیمەنێکی بەنداوی تشرین- هێڵی پێشەوەی بەرگریی هەسەدە بەرامبەر گروپەکان و حکومەتی سوریا
سبەی
رووباری فورات، بووەتە بەرەیەکی گەرم لە ململانێی سوریای نوێدا، کە دوو گەورەترین گروپی چەکداری، وڵاتەکە جیادەکاتەوە و دیدگای ناکۆکییەکی قووڵ بۆ داهاتوو دەخاتەڕوو.
لە لایەکی رووبارەکەدا سوپای حکومەتی سوریا هەیە، کە رژێمێکی دیکتاتۆری رووخاند. لە لایەکی ترەوە هێزەکانی سەر بە کوردەکان بڵاوەیانپێکراوە و ئامادەن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان بجەنگن.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، رۆژنامەنووسانی رۆیتەرز لە هاوینی ئەمساڵدا، 1800 کیلۆمەتریان بەسەر ئەم هێڵە دابەشکەرەدا بەسەرکردۆتەوە و سەردانی ناوەندە ستراتیجییە سەرەکییەکانی هەردوو گروپەکەیان کردووە.
ئەم هێزانە لە نزیکترین خاڵدا بە دووری 200 مەتر لەیەکتر جیابوونەتەوە، لە هەر دوو سەردا پردێک بەسەر رووبارەکەدا لە شاری دابەشکراوی دێرەزۆر لە رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرکراوە.
چەکدارانی حکومەت بە چەکەکانیانەوە لە لایەکی پردەکە وەستابوون. لە نێویاندا ئەحمەد هایس، کە چەکدارێکی شەڕانگێزی چاو سوورە و فەرماندەی فیرقەی 86ی سوپای نوێی سوریایە و لە کەناری رۆژئاوای فورات جێگیرە، دۆشکەیەک لە تەنیشتیەتی و دەمانچە و چەقۆیەک لە پشتێنەکەیدا دەهێڵێتەوە. دەڵێت "هێزە کوردییەکان زەوی باوباپیرانییەکانی ئەودیوی رووبارەکە کۆنترۆڵ دەکەن".
ئەو فەرماندەیە بە ئاماژەدان بە رووخانی بەشار ئەسەد وتی: لە دیمەشق باس لە رزگاری دەکەن، بەڵام ئێمە هێشتا لێرە داگیرکراوین.
لە رۆژهەڵاتی رووبارەکە، سۆزدار دێرک فەرماندەیەک لە کەتیبەکانی ژنانی کورد. ئاماژەی بەوەکردووە، هەرگیز متمانەی بە هایس و هاوڕێکانی نابێت، کە لە رابردوودا جەنگی لەگەڵدا کردوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "جەنگ؟ ئێمە نامانەوێت جەنگ بکەین، بەڵام هەرکەسێک هێرش بکاتە سەرمان لێیان دەدەین، چونکە دەبێت خۆمان بپارێزین".
هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵی نزیکەی یەک لەسەر سێی سوریا دەکەن، ناوچەیەک کە دەوڵەمەندە بەسامانی نەوت و وزە، لەلایەن ئەمەریکییەکان راهێنانیان پێکراوە.
ترس لە جەنگ و ململانێی نوێ
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ، ئەگەری پێکهێنانی سوپای یەکگرتووی سوریای خستە ژێر پرسیارەوە.
ئەو فەرماندە کوردە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دەمانەوێت سوپای سوریا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و فرەیی بنیات بنێن، نەک یەک ناسنامە، بۆیە جیاوازی لەگەڵ ئەوان تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە ناسنامە بە مانا راستەقینەکەی.
سورییەکان ترسیان لەوە هەیە، کە دەستێوەردانی نوێی دەرەکی و سەرکردە جەنگییە ناوخۆییەکان و توندوتیژی نێوان لایەنەکان، پاڵ بە وڵاتەوە بنێتەوە بەرەو ململانێ.
بەرەی باکوور؛ رووبەڕووبوونەوە لە بەنداوەکە
تیمەکە گەشتەکەی لە سەرچاوەی رووبارەکەوە دەستپێکرد، لەوێ رووخانی ئەسەد ململانێیەکی شاراوەی هەڵگیرساند، کە ئێستا بەهۆی بەنداوێک لەسەر فورات گەیشتووەتە بنبەست.
رووبارەکە سەردەمانێک خۆراکی شارستانییەتە کۆنەکانی دەدا. ئێستا، ئاو و وزە بۆ تورکیا و سوریا و عێراق دابین دەکات و کۆنترۆڵکردنی دەکاتە پایەی سەرەکی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
لە کاتێکدا چەکدارە یاخیبووەکان بە سەرۆکایەتی شەرع، کە دواتر بوو بە سەرۆک کۆمار لە مانگی کانوونی دووەمدا هێرشیان کردە سەر دیمەشق، گروپەکانی سەر بە تورکیا لە ژێر فەرماندەیی جیادا، جەنگیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان کرد، لە هەوڵێکدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی باکووری سوریا.
دەسەڵاتدارانی کورد بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا 418 چەکداریان و 57 کەسی مەدەنی و سێ رۆژنامەنووس کوژراون، کە زۆربەیان لە هەفتەکانی یەکەمی نائارامییەکاندا بوون.
موعتەسەم عەباس، کە فەرماندەیی نزیکەی دوو هەزار چەکدار دەکات و لە بەهاردا پلەی بەرزکرایەوە بۆ فەرماندەی لیوای فیرقەی نوێی 80ی سوپای سوریا، پۆستێک کە بە شێوەیەکی فەرمی کۆنترۆڵی ئەم بەشەی باکووری هێڵی پێشەوەی لەگەڵ کورددا پێدەبەخشێت، دەڵێت لە تەمەنی 24 ساڵییەوە جەنگ دەکات، رژێمی ئەسەد و داعش بە خراپترین دوژمنی خۆی وەسف دەکات. بەڵام دوای رۆیشتنیان، رکابەرییەکەی گۆڕا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد.
عەباس وتیشی: "ئەگەر چیتر رێکخراوێک نەمێنێت بە ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات و لەگەڵ سوپای سوریا یەکبگرێتەوە،ئەوا سەقامگیری و بوژانەوە روودەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاگربەستی پچڕپچڕ لە دەوروبەری بەنداوەکە، هێزە کوردییەکان بەردەوام بوون لە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سیخوڕیکردن یان هێرشکردنە سەر هێزەکانی. لەبەرانبەردا دەسەڵاتدارانی کورد رەتیدەکەنەوە هیچ هێرشێکیان ئەنجامدابێت، بەڵام دەڵێن وەڵامی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا دەدەنەوە.
عەباس لە ترسی هێزە کوردییەکان و فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانیان بە زرێپۆشەوە گەشت دەکات و لەلایەن پاسەوانەکانیەوە دەورە دراوە. ئێستا بە فەرمی لە دیمەشق لە ژێر دەستی وەزارەتی بەرگریدایە، بەڵام بە توندی دڵسۆزی خۆی بۆ پشتیوانە سەرەکییەکەی کە تورکیایە دوپاتدەکاتەوە. سەرچاوەکانی هەردوولا دەڵێن لە مێژە چەک و تەقەمەنی بۆ گروپەکەی دابین کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کەچەندان بەرپرسی ئەمنی لە هەردوو وڵات رایانگەیاندووە، تورکیا مووچەی مانگانە بە نزیکەی 3 هەزار لیرەی تورکی (80 دۆلار) دەداتە هەر چەکدارێک.
سەرهەڵدانی گروپەکانی سەر بە تورکیا و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کورد دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا. کاتێک راپەڕینی ئاشتیانەی دژ بە ئەسەد لە ساڵی 2011دا گۆڕا بۆ جەنگ، وڵاتانی رۆژئاوایی و تورکیا کۆمەڵێک لایەنی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆنیان چەکدار کرد.
ئەم گروپانە لە کۆتاییدا یەکیان گرت و بوونە دوو هاوپەیمانی گەورە: تەحریر شام بە سەرۆکایەتی شەرع و سوپای نیشتمانی سوریا، کە کۆمەڵێک گروپی راهێنراو و چەکداری تورکیان، کە ئێستا هاوبەشێکی بچووکن لە حکومەتی نوێدا.
لە بەنداوی تشرین، هێزە کوردییەکان کە لەوێ جێگیر بوون، جەنگی ئەم دواییەیان خستە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکەن و رایانگەیاند، شەش جار لەلایەن هێزە رکابەرەکانەوە تۆپباران کراون.
ئەندازیارانی ئەو شوێنە رایانگەیاندووە، بەنداوەکە کارەبا دەداتە شارۆچکەکانی نزیک لەژێر کۆنتڕۆڵی کورد، بەڵام ئەگەر نۆژەن بکرێتەوە و هەردوولا بگەنە رێککەوتن، ئەوا دەتوانێت کارەبا بۆ شارەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی رووباری فورات دابین بکات.
خەلیل قارەمان، کە فەرماندەیەکی کوردە جەختیشی کردەوە، "ئەزموونمان لە جەنگی داعشدا بەدەستهێنا، ئێستاش ئەزموونی زیاتر لە جەنگی ئەو گروپانەدا بەدەستدەهێنین، تاکتیکی نوێ پەرەپێدەدەین".
هەروەها خاوەنی چەکی نوێن، بە تایبەتی بەلەمی بێ سەرنشین، کە قارەمان و دوو فەرماندەی دیکە دەڵێن بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی دووەمدا جێگیرکراون و سەلماندوویانە، کە گرنگییەکی چارەنووسسازیان هەیە لە وەستاندنی پێشڕەوی گروپەکانی سەر بە تورکیا بەرەو بەنداوەکە.
هەروەها هێزە کوردییەکان پەنا بۆ بەرگرییە نەریتییەکان دەبەن. دەنگی شۆفڵەکان لە گردەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین دەنگ دەداتەوە، کە تۆڕی تونێلی نوێی پێ دروستدەکەن.
بەرەی ڕۆژهەڵات؛ کۆکردنەوەی جبەخانەی سەربازیی زیاتر
رەقە و لادێکانی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەو ناوچانەن، کە هایس و حکومەتی دیمەشق و تورکیا پێیان وایە هەرگیز نەدەبوو لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوایە.
لە سەرەتای جەنگی ناوخۆدا پێکدادان لەنێوان چەکدارە کوردەکان و هێزەکانی ئەسەد روویدا، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لەیەکتر دووردەخستەوە، ئەمەش وایکرد کورد تاڕادەیەک ئۆتۆنۆمی دابمەزرێنێت. دواتر ئەمەریکا پشتی بە هێزە کوردییەکان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
دەستبەکاربوونی هایس کوردانی تووڕە کرد و تۆمەتباری دەکەن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا دژی کورد. بەڵام هایس رەتیکردەوە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی ئەنجامدابێت.
دوورتریش لە بارەگای سەربازیی کورد، دێریک، فەرماندەی کەتیبەی ژنان رایگەیاند، دانانی هایس و هاورێکانی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکەن بۆ ئەو پۆستە باڵا سەربازییە، ئیستفزازی حکومەتی نوێ بوو، لە کاتێکدا "پێویستە ئەم کەسانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێن".
دێریک نیگەرانی خۆی دەربڕی، کە دەستنیشانکردنی هایس ئاماژەیە بۆ نیازی حکومەتی سوریا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دێرەزۆر، رەقە و حەسەکە لە دەستی هێزە کوردییەکان.
دێریک ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرگیز ناچێتە ناو سوپای سوریاوە، کە هایس و کۆمەڵێک فەرماندەی دیکەی سەر بە تورکیا لەخۆدەگرێت.
دێریک هیوای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تونێلەکان هەیە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هایس و هێزەکانی. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە مانگی کانوونی دووەمدا بەکارهێنراون، تاقیکردنەوەیەکی باشن بەرانبەر بە هێزەکانی سەر بە تورکیا و بە پێکەنینەوە وتی: "ئەوە کابوسێک بوو بۆ دوژمن".
لە کۆتایشدا رۆژنامەنووسانی رۆیتەرز گەیشتن بەو دەرئەنجامەی، کە سورییەکان لە هەردوو دیوی هێڵی دابەشکردنەکە دڵنیا نین، لەوەی کە ئایا لەلای حکومەت سەلامەتترن یان کورد.