گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن؛ یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر بواری فڕۆكەوانی عێراق دا سەپاندووە

#یەكێتی ئەوروپا#عێراق#كەرتی فرۆكەوانی#فرۆكەخانەكان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیاداشتێكی حەوت لاپەرەیی وەڵامی بەدواداچوونەكانی كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییكردن دەداتەوە ، لەبارەی بوونی گەندەڵی و خراپ بەرێوەبردن و خزمەتگوزارییەكان و چۆنێتی پێشخستنی كەرتی فرۆكەوانی و فرۆكەخانەكان.
  • یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، تێبینیی لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق و فڕۆكەكانی هەیە و تێبینییەكان كە پەیوەستن بە كاروباری سەلامەتییەوە، عێراقیان لێئاگاداركراوەتەوە.
Primary Asset

فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراق

سبەی

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر بواری فڕۆكەوانی عێراق دا سەپاندووە.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیاداشتێكی حەوت لاپەرەیی وەڵامی بەدواداچوونەكانی كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییكردن دەداتەوە ، لەبارەی بوونی گەندەڵی و خراپ بەرێوەبردن و خزمەتگوزارییەكان و چۆنێتی پێشخستنی كەرتی فرۆكەوانی و فرۆكەخانەكان.

كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیكردن بە "سبەی" راگەیاند: كەرتی فرۆكەوانی و فرۆكەخانەكان و كۆمپانیای هێلی ئاسمانی عێراقیە و دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عێراق، رووبەروی كێشەی زۆری بەرێوەبردن و هونەری و خزمەتگوازیی و گەندەڵی بۆتەوەو بەم هۆیەوە یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر عێراقدا سەپاندووە.

تێبینییەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی 

یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، تێبینیی لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق و فڕۆكەكانی هەیە و تێبینییەكان كە پەیوەستن بە كاروباری سەلامەتییەوە، عێراقیان لێئاگاداركراوەتەوە.

تێبینییەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی لەبارەی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە لە ساڵی 2015ـەوە سەریانهەڵداوە و پەیوەستن بەو ڕێكارانەی كە لەسەر زەوی دەگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی فڕۆكەكان و چۆنێتیی كاركردنیان، هەروەها شێواز و چۆنێتیی پڕكردنی سوتەمەنی و چەند ڕێكارێكی دیكە كە ڕادەی پارێزراوی و سەلامەتیی فڕۆكەكان لە كاتی گەشتكردندا مسۆگەرتر دەكەن.

پێویستە عێراق ستانداردی نوێ جێبەجێ بكات 

ساڵی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیری ئاوەدانكردنەوەی راسپارد بەوەكالەت دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عێراق بەرێوەببات تا بتوانێت هەموو مەرج و داواكارییەكانی یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ بكات تا سزای سەر عێراق هەڵبگرن.

بەپێی دوایین راپۆرتی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی، پێویستە عێراق ستانداردی نوێ جێبەجێ بكات بۆ سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەكان، وەك بوونی پشكنەر بە ستانداردی نێودەوڵەتی.

پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانێكی راگەیاند 

پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانێكی راگەیاند بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەسەرنشینان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە جگە لە پابەندبوون بە خشتەی كاتی گەڕانەوەی فڕۆكە ناچالاكەكان بۆ خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی سەرجەم گەشتەكان لە كاتی دیاریكراودا.

كاریگەری لەسەر فڕۆكەوانی عێراق هەیە 

قەدەغەكردنی ئەوروپی كاریگەری لەسەر فڕۆكەوانی عێراق هەیە لە ڕووی ئابوری و خزمەتگوزارییەوە. جگە لەوەش هاوڵاتییانی عێراقی لە ئەوروپا، هەروەها ئەوانەی گەشت دەكەن بۆ عێراق، ناچارن لە رێگەی ترانزێتەوە گەشت بكەن وەك فڕۆكەخانەكانی ئیستانبوڵ و دەوحە بۆ ئەوەی بگەنە فڕۆكەخانەی بەغداد، ئەوەش كاتێكی زۆر دەخایەنێت، لەكاتێكدا گەشتی راستەوخۆ كاتێكی كەمتری پێدەچێت سەرباری تێچووی كەمتر.

 

 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی