هەرزان و كوشندە؛ جیهان چاوی لەسەر فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی شاهیدی ئێرانییە

#درۆنی شاهید#ئۆکراینا#روسیا#ئێران#ئەمەریکا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، كاریگەرییە وێرانكەرەكانی هێرشەكانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكراینا بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید كە لەلایەن ئێرانەوە دروستكراوە، وایكردووە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی پێشبڕكێ بكەن بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی كۆپی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە هەرزان و كوشندەیە.
Primary Asset

درۆنی شاهید

سبەی

بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، كاریگەرییە وێرانكەرەكانی هێرشەكانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكراینا بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید كە لەلایەن ئێرانەوە دروستكراوە، وایكردووە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی پێشبڕكێ بكەن بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی كۆپی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە هەرزان و كوشندەیە.

بۆ دەیان ساڵە هێزە پێشكەوتووە سەربازییەكان پشتیان بە مووشەكی گرانبەها بەستووە بۆ لێدانی ورد و تۆپخانەی هەرزانتر بۆ بۆردومانی بەكۆمەڵ، بەڵام شەڕی ئۆكراینا دەریخستووە كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەتوانێت هەم هەرزان بێت و هەم وردیش بێت.

بەپێی هەندێك خەمڵاندن، تێچووی دروستكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی شاهیدی ئێران، تەنها چەند ١٠ هەزار دۆلارێكە، لەبەرانبەر ئەم تێچووە كەمەش بەڵام دەتوانێت زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ كیلۆمەتر بفڕێت.

كاریگەریەكەیان سەلمێندراوە 

ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە لەلایەن ئێرانەوە دیزاین كراوە، بە تایبەتی كاریگەریەكەی سەلمێندراوە لە سەركوتكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی. ڕوسیا لە یەك كاتدا دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی شاهید لە هێرشە ڕۆژانەكانیدا بۆ سەر ئۆكراین بەكاردەهێنیت، هاوكات فرۆكە بێفڕۆكەوانەكان كاتێك ئامانجەكانیان دەپێكن، دەتەقنەوە. ڕوسیا هەندێك جار بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان چەندین مووشەك دەهاوێژێت، ئەمەش ئەگەری دەربازبوونی ئەو موشەكانە لە سیستمی بەرگری ئاسمانی زۆرتر دەكات.

لای خۆیەوە ئاندرێ ستۆر، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی هۆڵەندا دەڵێت: شەڕی ئۆكراین گرنگیی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دوور مەودا و كەم تێچووی نیشان دا، ڕۆژئاوا لەو بواردەدا لە دۆخێكی گونجاو دا نییە، دەشڵێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕ پێویستت بە سەرچاوەی دارایی گەورەیە.

كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و چین و چەند وڵاتێك ئیلهام لە فرۆكە بێفڕۆكەوانەكەی ئێران وەردەگرن

ئەمڕۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی دیكە كار لەسەر دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بێ سەرنشین دەكەن، بە ئیلهام وەرگرتن لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی شاهیدی ئێرانی. هەروەها ئۆكراین لانیكەم لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دوور مەودا هێرشی كردووەتە سەر ڕوسیا و لەم دواییانەشدا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی باڵی دێڵتا هاوشێوەی شاهیدی بەكارهێناوە.

بەگوێرەی شرۆڤەكاران، ڕۆژئاوا لەگەڵ چەندین ئاڵنگاریدا دەجەنگێت، لەوانەش تێچووی زۆری شەڕ و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەو بوارەدا دوابكەوێت.

ئێران لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ دەستی بە پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید كرد. ئیسرائیل و باشووری ئەفریقا پێشتر مۆدێلی هاوشێوەیان دروستكردبوو. لەو كاتەوە ئێران فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل بەكارهێناوە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە وڵاتەكەی ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانەیان بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكار هێناوە.

ڕووسیا لە ساڵی 2022ەوە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید بەكاردەهێنێت، ئەوەش دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بۆ كڕین و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا، لەو كاتەوە مۆسكۆ لە دەیان هەزار وەشانی ڕوسیی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید لە هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكراینا كەڵك وەردەگرێت.

لە مانگی تەمموزدا، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریكا داوای فراوانكردنی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكا و تەیاركردنی یەكەكانی شەڕكردن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كەم تێچووی كرد.

پنتاگۆن هاوینی ڕابردوو لە بەرنامەیەكدا 18 نموونەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كەم تێچووی نمایش كرد، یەكێك لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە ناوی لوكاس بوو، لەلایەن كۆمپانیای سپێكترێ وۆركسەوە دروستكراوە و زۆر لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید دەچوو، كۆمپانیاكە كە بودجەی حكومەتی وەرگرتووە، بەرهەمەكەی بە كاریگەر و كەم تێچوو وەسف كرد.

نموونەیەكی دیكە كە ناوی (Arrowhead)ە و لەلایەن كۆمپانیای گریفۆن ئایرۆسپەیس لە ویلایەتی ئەلاباما دروستكراوە، هەروەها هەمان شێوەی باڵەكانی دێڵتای شاهیدی هەیە. كۆمپانیاكە دەڵێت بۆ بەرهەمهێنانی بەكۆمەڵ دروستكراوە و دەتوانرێت بە چەندین شێوە بخرێتە بازاڕەوە.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید و وەشانی هاوشێوەكانی  بەناوبانگ بوون

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید و وەشانی هاوشێوەكانی ئەوەندە بەناوبانگ بوون كە كۆمپانیاكانی وەك گریفۆنی ئەمەریكی و سابی سویدی، وەشانی جۆرەها لەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەیان دروستكردووە كە بە تەواوی هاوشێوەی شاهیدە ئەوەش لە كاتێكدایە كە گرانی تێچووی حەقدەستی كارمەند و كەرەستەی خاو كێشەیەكی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنەرانی فڕۆكە بێ فڕۆكەوان لە وڵاتانی رۆژئاوا دا.

بۆ نموونە، تایوان ساڵی ڕابردوو 291 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاڵتیوسی لە كۆمپانیای ئەندوریل ئیندستریز كڕی بە گرێبەستێك بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار بۆ هەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان، لەوانەش ڕاهێنان و پاڵپشتی، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی شرۆڤەكاران تێچووی بەرهەمهێنانی هەر وەشانی ڕەسەنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی شاهید بۆ ڕوسیا لە نێوان ٣٥ بۆ ٦٠ هەزار دۆلاردایە.

بە گوتەی ستیڤ ڕایت، ڕاوێژكاری حكومەتی بەریتانیا بۆ دیزاینی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، دیزاینی باڵە سێگۆشەییەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید وایكردووە بەرهەمهێنانی بەكۆمەڵ زۆر هەرزان بێت. چونكە پێكهاتەی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە ئاڵۆز نییە. هەروەها دروستكردنی جەستەی فڕۆكەكە لە فایبەر گلاس یان ڕیشاڵی كاربۆنی و بەكارهێنانی بزوێنەری پرۆپلەر لەبری بزوێنەری جێت تێچوونەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لە كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان پێیان وایە بۆ ئەوەی كارایی ئەو جۆرە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانە بەرز بكەنەوە پێویستیان بە بەدجەیەكی زیاترە.

بەگوێرەی كۆمپانیای MGI Engineering ی بەریتانی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی "سكایشارك"ی دوور مەودا توانای فڕینی هەیە بە خێرایی 450 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، لەكاتێكدا خێرایی فڕۆكەی شاهید-136 نزیكەی 185 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا. مایك گاسكۆن، دامەزرێنەری كۆمپانیاكە دەڵێت: “ئەگەر فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سكایشارك بە دوو هێندە زیاتر ئامانجەكان بپێكن، لە كۆتاییدا هەرزانتر دەبن لە شاهیدی ئێرانی، كۆمپانیاكە نرخی بەرهەمەكەی لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٥ هەزار دۆلار داناوە.

هەروەها كۆمپانیای MBDA ئەوروپی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی هێرشبەری نوێی دروستكردووە كە تێكەڵەیەك لە نێوان مووشەكی كروز و فڕۆكەی بێفڕۆكەواندایە. هوگۆ كۆكێر، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی كۆمپانیاكە دەڵێت: “بەكارهێنانی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە بەكۆمەڵ بە تێچووی زۆر كەمتر لە مووشەك، دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر بەرگرییە ئاسمانییەكانی دوژمندا”.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە كە بزوێنەری جێت و مەودای نزیكەی 480 كیلۆمەتری هەیە، هەروەها لەژێر كاریگەری جەنگی ئۆكراینادا دیزاین كراوە.

شارەزایانی سەربازیی دەڵێن: بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن ڕوسیا لە شەڕی ئۆكراینادا ئەوە دەردەخات كە ڕۆژئاوا پێویستی بە بژاردەی زیاترە لەوەی تەنها پشت بە مووشەكی گرانبەها ببەستێت.

جەیمس پاتۆن ڕۆجەرز، پسپۆڕی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە پەیمانگای سیاسەتی تەكنەلۆژیای زانكۆی كۆرنێل دەڵێت: "بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ڕێژەیەكی زۆر بۆ هێرشكردن لەلایەن ڕوسیا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییەكان خاڵی وەرچەرخان بووە لە شەڕ دژی ئۆكراین و ئەم هێرشە ورد و هەرزانە لە گەورەترین هەڕەشەكانن بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی