نێیمار
سبەی
رۆناڵدۆی دیاردە و دوو جار پاڵەوانی جیهان، داوای گەڕانەوەی نێیمار بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات، بە مەبەستی بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 و دووپاتیکردەوە بەڕازیل "یاریزانێکی تۆپی پێی دیکەی نییە" وەک ئەو.
ئەستێرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای پێکانەکانی، بەڵام نێیماری تەمەن 33 ساڵان تاکو ئێستاش بە "یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەڵبژاردەی سیلیساو" دەمێنێتەوە.
رۆناڵدۆ لە بۆنەیەکی بانگەشەکردن لەشاری ساوپاولۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە یاریزانێکی تری تۆپی پێی وەک نێیماریان نییە و هیوادارە بە تەواوی بۆ مۆندیال ئامادە بێت.
نێیمار لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023ەوە درێسی سەوز و زەردی هەڵبژاردەی بەرازیلی نەپۆشیوەتەوە، کاتێک لە یارییەکی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا تووشی پێکانێکی سەختی ئەژنۆ بوو.
هەرچەندە نێیمار بە جێگیری یاری بۆ یانەی سانتۆس دەکات، بەڵام لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری سەماکارانی سامباوە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال بانگهێشت نەکرا.
ئەنچیلۆتی جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە نێیمار بگاتە دۆخێکی جەستەیی باش، بۆئەوەی یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بدات لە مۆندیالدا".
هەڵبژاردەی بەرازیل، کە خاوەنی پێنج نازناوی مۆندیالە، بە بەدەستهێنانی پلەی پێنجەمی قۆناغی پاڵاوتنەکانی ئەمەریکای باشوور، سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی ساڵی داهاتوو مسۆگەرکرد، کە ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک بە هاوبەشی میوانداری دەکەن.