ئەمەریکا پشتیوانی رێککەوتنەکە دەکات؛ سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: شەممە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە

#نەوت#هەرێم#عێراق#رێککەوتن
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: خۆشحاڵم وجێی شانازیمە كە بەشدارێكی كارابووم لەگەڵ هەڤاڵەكانم لە شاندی دانووستانكاری هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنامەی هاوبەشی سێقۆڵی نێوان كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وكۆمپانیا نەوتییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەكان و بەبازاڕكردنی لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ.
Primary Asset

کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم

سبەی

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات، دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكەی راگەیاند و سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش پشتڕاستیكردەوە. ئەمەریکاش پشتیوانی رێککەوتنەکە دەکات.

 ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: خۆشحاڵم وجێی شانازیمە كە بەشدارێكی كارابووم لەگەڵ هەڤاڵەكانم لە شاندی دانووستانكاری هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنامەی هاوبەشی سێقۆڵی نێوان كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وكۆمپانیا نەوتییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەكان و بەبازاڕكردنی لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ.

وتیشی: بە هیوام ئەم ڕێكەوتنامە سێ قۆڵییە ببێتە مایەی سەقامگیریی لە خەرجكردنی مووچە وشایستەكانی هەرێم، وكۆتایی هاتنی نەهامەتی وچاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستەكانی خۆیان لە كاتی خۆی، كە دەبوو هەر لە سەرەتاوە مووچە بەدوور بێت لەم ناكۆكیانە.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم نوسیویەتی: ڕێكەوتننامەكە لە شەش ماددەی سەرەكی و پێشەكیەك پێكهاتووە و لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وكۆمپانیای نەوتییەكان واژووكراوە و ماف و شایستە و پابەندییەكانی هەر سێ لایەنی تێدا دەستنیشانكراوە.

دەشڵێت "وا بڕیارە كاتژمێر شەشـی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێم - جەیهان وجارێكی دیكە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بكرێت و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغداد، سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادكردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێكی دیكە لە بوودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەكرێتەوە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستەكانی هەرێم".

ئەمەریكا پێشوازی لە رێككەوتنەكە دەكات

بەپێی هەواڵێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پێشوازی لە هەواڵی گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان دەكات، بۆ دووبارە كردنەوەی هێڵی بۆری نێوان عێراق و توركیا. دەشڵێت ئەمەریكا ئاسانكاری بۆ رێككەوتنەكە كردووە و سودی بۆ ئەمەریكیەكان و عێراقیەكانیش دەبێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی هەردوولا دەكات بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە.

بەپێی هەواڵەكە، ئەو رێككەوتنە هاوبەشی ئابوری لەنێوان ئەمەریكا و عێراق بەرەو باشتر دەبات و وادەكات ژینگەی وەبەرهێنان و ئارامی لەسەرتاسەری عێراق بۆ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان برەخسێت.

لەلایەكی دیكەوە،  كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر بڵاویكردەوە:  پێشوازی دەكەین لە ڕاگەیاندنەكەی حكومەتی عێراق بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان بۆ دووبارە كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، ڕێككەوتنێك كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاسانكاری بۆ كراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو لایەنی ئەمەریكیەكان و عێراقیەكان دەستەبەردەكات. 

كونسوڵخانەكە دەشڵێت "دەستخۆشی لە هەوڵە چارەنووسسازەكانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق و هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ گەیشتن بەم دەرئەنجامە، ئەم ڕێككەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی هاوبەشی ئابووری سوودمەند لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و عێراق، هاندەر دەبێت بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی وەبەرهێنانی سەقامگیرتر بۆ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان لەسەرانسەری عێراق و برەوپێدانی ئاسایشی ووزە لە ناوچەكە و پتەوكردنی سەروەری عێراق".

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی رێككەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتی عێراق بڵاوكردەوە، رایگەیاند "دەستكەوتی هەموو لایەك بوو".

لە پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:"رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ، دەستكەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەكانی هەموو لایەك بووە".

مەسرور بارزانی وتیشی:"بەم هەنگاوە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانی نەوت بەسترانەوە".

عێراق لە ئێستادا ڕۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە دەكات، بەڵام بۆری كەركوك-جەیهان لە مانگی ئازاری 2023ـەوە داخراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵایەكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراق یەكلاكردەوە.

سودانی رێككەوتنەكەی راگەیاند

وتەكانی مەسرور بارزانی دوای ئەوەهات، هەر ئەمشەو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە "ئێكس" ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕێككەوتن لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەشێوەیەك كە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوەی دەكات.

وتیشی: هەناردەكردنەوەی نەوت گرەنتیی دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان و هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی دەكات كە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدێن.

"ئەمڕۆ گەیشتینە رێككەوتنێكی مێژوویی، كە بە گوێرەی رێككەوتنەكە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی نەوتی خاوی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و لە رێگەی بۆری عێراق- توركیاوە هەناردە دەكرێت". سودانی وا دەڵێت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە "رێككەوتنەكە  دەستكەوتێكە 18 ساڵە چاوەڕیمان دەكرد" و دڵنیایی دەدات لە دابەشكردنی سەروەت و سامانەكان بە دادپەروەرانە و جۆرایەتیكردنی دەروازەكانی هەناردەكردن و پشتیوانی وەبەرهێنان".

سامانە سروشتییەكان: ٤٨ كاتژمێری داهاتوو هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە

دوای وتەكانی سودانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش ڕێكەوتنی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم رێكەوتن، لە ماوەی ئەم 48 كاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری باس دەکات

دوای راگەیاندنی رێككەوتنەكە لەلایەن سودانییەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: سەرجەم نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لەو بڕەی بۆ بەكاربردن ناوخۆیی بەكاردێت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ دەكرێت، دواتر لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا و بەندەری جیهانی توركیاوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ئامانجی ئەم ڕێككەوتنە بەهێزكردنی شەفافییەت و كاراییە لە بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی، و دڵنیابوون لە دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهاتەكان بەسەر گشت هاوڵاتیانی عێراقدا، بە شێوەیەك كە پشتگیری لە سەقامگیری ئابووری و پڕۆژەكانی گەشەپێدان لە وڵاتدا بكات.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی