شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆک وەزیرانی پاکستان
سبەی
ئامانجی سەرەكی وڵاتانی عەرەبی لە پتەوكردنی پەیوەندی بەرگریی لەگەڵ پاكستان، دروستكردنی جۆرێكە لە بەرگریكردن لە بەرانبەر هێرشی ئەگەری ئیسرائیل، لەلایەك ئیسرائیل وەك تاكە هێزی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەر سیاسەتێكی هێرشبەرانەیی لە ناوچەكەدا گرتەبەر و ئەمەش نیگەرانی زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی لێكەوتەوە. لەلایەكی دیكەوە پاكستان وەك هێزی ئەتۆمی جیهانی ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ لە هاوكێشەكانی ناوچەكەدا بگێڕێت.
پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند مانگی ڕابردوودا بە خێراییەكی بێ وێنە ڕوویانداوە. ئەزموونی شەڕی 12 ڕۆژە و دواتر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، هاوكێشە ئەمنییەكانی ناوچەكەی گۆڕیوە.
وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كە ساڵانێك بوو پشتیان بە گەرەنتی ئەمنی ئەمەریكا دەبەست، وەك پاڵپشتی سەرەكی بەرگریی خۆیان، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە تەنها ئەم گەرەنتیانە بەس نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سەرهەڵداو و ئاڵۆزەكانی ناوچەكە. لەم پەیوەندییەدا رووكردنە هاوكاری لەگەڵ زلهێزە سەربازییەكانی دەرەوەی ناوچەكە، بەتایبەتی پاكستان وەك تاكە هێزی ئەتۆمی لە جیهانی ئیسلامیدا، خراوەتە بەرنامەی كاریانەوە.
هاوكاری سەربازی ئەم دواییەی نێوان بەحرەین و پاكستان لە مەنامە دەتوانرێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێت. وەزارەتی بەرگریی بەحرەین لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەچوونی بیست و یەكەمین كۆبوونەوەی لێژنەی هاوكاریی سەربازیی هاوبەشی دوو وڵاتی ڕاگەیاند كە بەرپرسانی باڵای سەربازی لەوان عەلی بن ڕەشید ئال خەلیفە سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزی مرۆیی بەحرەین و تەباسوم حەبیب سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی پاكستان ئامادەی بوون. ئەم دیدارە تەنها چەند ڕۆژێك دوای واژۆكردنی پەیماننامەی هاوبەشی بەرگریی ستراتیژی سعودیە و پاكستان بوو.
لەم چوارچێوەیەدا زۆرێك لە شرۆڤەكاران پێیانوایە ئامانجی سەرەكی وڵاتانی عەرەبی، لە پتەوكردنی پەیوەندی بەرگریی لەگەڵ پاكستان دروستكردنی فۆرمێكە لە ڕێگریكردن لە دژی ئیسرائیل.
ئیسرائیل وەك تاكە هێزی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای حەوتـی ئۆكتۆبەرەوە سیاسەتی شەڕانگێزانەتری لە ناوچەكەدا گرتووەتەبەر، ئەمەش نیگەرانی زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی لێكەوتووەتەوە. لە لایەكی دیكەوە پاكستان وەك هێزی ئەتۆمی جیهانی ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ لە هاوكێشە ڕێگرییە ناوچەییەكان بگێڕێت و هەر ئەمەشە كە هاوكارییەكانی ئەم دواییە مانادار دەكات.
ئامادەبوونی پاكستان؛ ڕەنگدانەوەی گۆڕانی هاوسەنگی ناوچەیی
هاتنە ناوەوەی پاكستان بۆ ناو هاوكێشە ئەمنییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ئەكتەرێك لە دەرەوەی ناوچەكە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە هاوسەنگییە ئەمنییەكانی كەنداو.
تا ئێستا وڵاتانی عەرەبی بە شێوەیەكی سەرەكی چاویان لە ئەمەریكا و لە هەندێك كاتدا ئەوروپا بووە، وەك دابینكەری سەرەكی ئاسایشیان، بەڵام پێشهاتەكانی ئەم دواییە لەوان شەڕی غەززە، بە شێوەیەكی كردەیی لاوازی میكانیزمە نەریتییەكانی بەرگریكردنیان ئاشكرا كردووە. لە ژینگەیەكی وادا هاوكاری لەگەڵ پاكستان نەك هەر ڕەهەندێكی سەربازیی هەیە، بەڵكو هەڵگری پەیامی سیاسی و ستراتیژی گرنگە بۆ ئەكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان.
كۆبوونەوەی مەنامە بە دووەم هەنگاوی گرنگ لە دوای ڕێككەوتنی بەرگری ستراتیژی سعودیە و پاكستان هەژمار دەكرێت. ئەم ڕێككەوتنە كە لەسەر بنەمای هەشت دەیە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات پێكهاتووە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر یەكێك لە لایەنەكان بە دەستدرێژی بۆ سەر هەردوو وڵات دادەنرێت. ئەم بڕگەیە، بڕگەی بەرگریی بەكۆمەڵی بەناوبانگ لە هاوپەیمانییە سەربازییە جیهانییەكانی وەك ناتۆدا بیردەخاتەوە، نیشانی دەدات كە وڵاتانی عەرەبی بەدوای جۆرێك لە هاوپەیمانی سەربازیدا دەگەڕێن لە دەرەوەی هاوكاریی تایبەت.
هەروەها بوونی پاكستان لەم هاوكێشانەدا ڕەنگدانەوەی هەوڵەكانی وڵاتانی عەرەبییە بۆ هەمەچەشنكردنی هاوبەشە ئەمنییەكانیان. ئەوان دەركیان بەوە كردووە كە پشتبەستن تەنیا بە ئەمەریكا ناتوانێت ئاسایشی بەردەوام لە بەرانبەر هەڕەشە جۆراوجۆرەكانی ناوچەیی و ئەكتەرە پێشبینینەكراوەكان دابین بكات. بۆیە هاتنە ناوەوەی ئیسلام ئاباد بۆ ناو گۆڕەپانەكە، لە هەمان كاتدا هاوسەنگییەك لە دژی ئیسرائیل دروست دەكات، دەتوانێت وەك ڕێگرییەك لە دژی هەر سەرگەرمییەكی سەربازی لە ناوچەكەدا مامەڵە بكات.
چین: ئەكتەری شاراوە لە پشت پەردەوە
یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی هاوكاری سەربازی عەرەبی لەگەڵ پاكستان ڕۆڵی ناڕاستەوخۆی چینە لەم هاوكێشانەدا. پاكستان وەك هاوپەیمانی ستراتیژی پەكین لە باشووری ئاسیا، بە كردەوە كەناڵێكە بۆ چوونە ناوەوەی وردە وردەی چین بۆ هاوكێشە ئەمنییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها دەتوانرێت ئامادەبوونی ئیسلام ئاباد لە كۆبوونەوەكانی بەرگریی لەگەڵ بەحرەین و سعودیە لە چوارچێوەی پڕۆژە گەورەكانی چین وەك "دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا"دا شی بكرێتەوە، كە ئامانجی دروستكردنی تۆڕێكی پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەكانە لە سەرانسەری مەودای بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.
ساڵانێكە چین هەوڵ دەدات ئامادەیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی ئاستی ئابووری و بوارەكانی سیاسی و ئەمنی فراوانتر بكات. نێوەندگیری سەركەوتووانەی پەكین لە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و سعودیە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەریخست كە چین چیتر تەنها یاریزانێكی ئابووری نییە لە ناوچەكەدا، بەڵكو هەوڵدەدات ڕۆڵێكی جیۆپۆلەتیكیش بگێڕێت. ئێستا لەگەڵ هاتنی پاكستان بۆ هاوكاری سەربازی كەنداو، دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین كە چین لە چینەكانی داهاتووی ئەم هاوكێشانەدا زیاتر بەرچاو بكەوێت.
بە گشتی پێویستە لوتكەی سەربازی مەنامە وەك بەشێك لە پرۆسەیەكی بەرفراوانتر بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بكرێت. بە درككردن بەوەی كە سیستمی ئەمنی كۆن چیتر پێداویستییەكانی ئێستایان دابین ناكات، وڵاتانی وەك بەحرەین و سعودیە سیاسەتی بەرگریی خۆیان دادەڕێژنەوە؛ سیاسەتەكان كە پاكستان و لە پشت پەردەوە چین ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە داڕشتنیدا.